ژەهراویکردنی کچان رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە
روداوی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار حکومەت و پەرلەمانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە ئەمڕۆ شەممە 28 خوێندکاری کچ و سێ مامۆستا لە ژمارەیەک خوێندگەی کچان لە شاری ورمێ بە هۆکارێکی نادیار ژەهراویی بون و بۆ نەخۆشخانەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان گوازراونەتەوە.
هاوکات لە شاری سنە ژمارەیەک خوێندکاری خوێندگەی دواناوەندیی (جەننەت)ی کچان ژەهراویی بون و بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر لەو شارە گوزراونەتەوە.
روداوەی ژەهراویبون شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتوەتەوە و ئەمڕۆ لەو شارە ژمارەیەک خوێندکاری خوێندگەی (حەزرەتی مەعسومە)ی کچان بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانە نەخۆشخانە کراون.
هاوکات لەگەڵ ژەهراویبونی ژمارەێک خوێندکاری کچ لەو سێ شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی تەبرێز و ئەراک و بوجنورد روداوی هاوشێوە رویداوە و ژمارەیەک خوێندکاری کچ ژەهراویبون.
زیاتر لە یەک مانگە روداوەکانی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە ئێران رۆژانە دوبارە دەبێتەوە و تا ئێستاش هۆکاری ئەو روداوانە ئاشکرا نەکراوە.
دەستەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ سبەینێ یەکشەممە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان سەبارەت بە روداوی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار بەڕێودەچێت و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستیی بە راوێژ لەگەڵ یەکتر هەوڵی ئاشکرا کردن و چارەسەریی ئەو دیاردەیە دەدەن.