دانپێدانانی سەرۆکی عەسائیب: لەئێران مەشقمان پێکراوە تائەمریکیەکان بکوژین
6 ساڵ لەمەوپێش
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەمریکی کاتێک 10 ساڵ لەمەوبەر خەزعەلی دەستگیرکراوە، توشی دڵەڕاوکێ و پەرکەم بووە.
واڵستریت جۆرناڵ - هاوڵاتی
وەرگێڕانی: یاد قوربانی
چەند ڕاپۆرتێکی نوێی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، کە تائێستا بە شاراوەیی هێڵرابونەوە لەسەر دانپێدانانەکانی (قەیس خەزعەلی) ڕابەری میلیشیاکانی عەسایب ئەهل ئالحەقی شیعە مەزهەب، دەریانخستوە تا چ ڕادەیەکی زۆر ئێران ڕۆڵی هەبوە لە پاڵپشتی کردنی سیاسەتمەدار و میلیشیا شیعەکانی عێراق لە شەڕکردنیاندا دژی سوپای ئەمریکا.
گرنگی دانپێدانەکانی خەزعەلی لە ئێستادا ئەوەیە کە ئەو بەهۆی هێزە میلیشیاییەکەیەوە هەژموونی سەربازی هەیە و لە دەنگدانی پەرلەمانی عێراقدا، حزبە سیاسیەکەی توانی ١٥ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی بەدەست بهێنێت و ئەمەش هەژمونی سیاسیی ئەو حزبەی وەک هێزێکی شیعە زیادکردوە.
خەزعەلی دەیەیەک لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئەمریکیەکانەوە لە عێراق دەستگیرکراو لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا دوای ئەوەی تۆمەتبارکرابوو بە ڕێکخستنی هێرشێک بۆ سەر بارەگایەکی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٠٧دا کە بووە هۆی کوژرانی پێنج سەربازی ئەمریکی.
دانپێدانانەکانی سەرکردە شیعەکە چەند مانگێک لەمەوبەر لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاوە ئاشکراکرا بە مەبەستی توێژینەوە و نوسینەوەی مێژووی جەنگی عێراق. هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بڵاونەکراوەتەوە بەڵام کۆپیەک دەست ڕۆژنامەی (واڵ ستریت جۆرناڵ) کەوتوە و لێکۆڵینەوەیان تیادا کردوە.
ڕاپۆرتی دانپێدانانەکە لە لایەن بەرپرسان و یاساییەکانی واشنتۆن و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بینراوە و دەیانەوێت بڕیاربدەن ئایا خەزعەلی و میلیشیا و حزبە سیاسیەکەی بە تیرۆرست لەقەڵەمبدەن یاخود نا. گەر عەسایب ئەهل ئەلحەق بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە لایەن ئەمریکاوە لەقەڵەمبدرێن ئەوا لێکەوتەی دارایی و سیاسی خراپی دەبێت بۆ لایەنە شیعەکە بەڵام ئەمریکاش لەو کاتەدا چەند لایەنێکی شیعە توندڕەوەکان لەدەستدەدات کە لە ئێستادا پێویستی پێیانە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیەکی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە بەرژەوەندی خۆی.
لە چەند مانگی پێشوودا و دوای بەدەستهێنانی ١٥ کورسی پەرلەمانی، خەزعەلی ڕایگەیاند کە ئەو هیچ وەلائێکی بۆ ئێران نیە، بەڵام دانپێدانانەکانی 10 ساڵ لەمەوبەری دەریانخستوە کە خەزعەلی دانی بەوەداناوە کە لەگەڵ ئێراندا دەستی تێکەڵکردوە و هێزە میلیشیاییەکەی چەک و ڕاهێنانی لە لایەن ئێرانەوە پێکراوە تا دژی هێزە ئەمریکیەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان چالاکی سەربازی ئەنجامبدەن و فشاریان بکەنە سەر عێراق بەجێ بهێڵن.
تا لە ساڵی ٢٠١١ دا هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا عێراقیان بەجێهێشت دوای ئەوەی باراک ئۆباما و نوری مالیکی نەگەیشتنە ڕێکەوتن تا هێزە ئەمریکیەکان لەو وڵاتە بمێننەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکە کە لە ١٨/٦/٢٠٠٧ دا نوسراوە خەزعەلی دانی بەوەداناوە کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە لە سێ سەربازگەی نزیک تارانی پایتەخت چەکدارە عێراقیە شیعەکان مەشقیان پێکراوە و خۆی سەردانی سەربازگەکانی کردوە. بە پێی زانیاری ڕاپۆرتەکە حزبوڵای ئێرانی و لوبنانی ڕابەرایەتی مەشقەکانیان کردوە، ئێرانیەکان پسپۆڕی شەڕی میحوەر و لوبنانیەکان پسپۆڕی شەڕی پارتیزانی و کۆڵان بەکۆڵانبوون.
بە پێی دانپێدانانەکانی خەزعەلی، فەرماندە سەربازیە ئێرانیەکان بۆ میلیشیا شیعەکانیان دیارینەکردوە لە چ ئامانجێک بدەن بەڵام فرمانیان پێکردون کە لە بەسڕە لە هێزە بەریتانیەکان و لە باقی عێراق لە هێزە ئەمریکیەکان بدەن تا «زۆریان لێبکەن بکشێنەوە.»
بۆ وەرگرتنی لێدوان ڕۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ پەیوەندیان بە حیزبی عەسایب ئەلحەقەوە کردوە و (قاسم ئەلدەراجی) کە یەکێکە لە ئەندامانی مەکتەب سیاسی ئەو حزبەیە بە ڕۆژنامە ئەمریکیەکەی ڕاگەیاندوە کە ئەمریکا دەیەوێت دەستوەربداتە سیاسەتی عێراقەوە، ئەو دەڵێت «پێدەچێت ئەمریکا پلانی دانابێت بۆ لێدان لە عەسایب ئەهل ئەلحەق و شێخ قەیس خەزعەلیی ڕابەری حزب، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو بە توندی دژی دەستێوەردانی دەرەکی لە سیاسەتی عێراقدا وەستاوەتەوە.»
بە وتەی بەرپرسە ئەمریکیەکان خەزعەلی لەسەر پلانی ڕفاندنی چەند سەربازێکی ئەمریکی لە شاری کەربەلای باشوری بەغداد دەستگیرکراوە کە شکستی هێناوە و بەهۆی پێکدادانەوە پێنج سەربازی ئەمریکی بونەتە قوربانی. ئەو دانیبەوەداناوە کە پلانەکە لە لایەن ئێرانیەکانەوە ڕێکخراوە تا سەربازە ئەمریکیەکان بە بارمتە بگیرێن و بگۆڕدرێنەوە لەبەرانبەر چەند میلیشیایەکی موقتەدا سەدر کە ئەوکات لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەستبەسەربون.
لە ساڵی ٢٠٠٩ دا خەزعەلی ڕادەستی هێزە ئەمنیە عێراقەکان کرایەوە دوای ئەوەی بەڵێنیدا هێزە میلیشیاکەی چەک دابنێن، دوای ئەوەش لە لایەن هێزە عێراقیەکانەوە ئازادکرا. هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نیە کە لە میانەی لێکۆڵینەوە لەگەڵی خەزعەلی ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان بووبێتەوە بەڵام بە پێی ڕاپۆرتەکە لە کاتی دەستگیرکردنیدا توشی دڵەڕاوکێ و پەرکەم بووە.
لە ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکادا هاتوە کە دوای پرسیارلێکردنی چەندبارە خەزعەلی دانی بەوەدا ناوە کە لەگەڵ موقتەدا سەدری سەرکردەی ئێستای لیستی سائیروندا بەیەکەوە سەردانی ئێرانیان کردوە و لە لایەن بەرپرسی پلە باڵای ئێرانەوە بینراون و داوای پارە و چەک و پاڵشتی سەربازیان کردوە.
دواتریش لە ٢٠٠٥ دا جارێکی تر خەزعەلی چووەتەوە ئێران و ئەو کاتە لە لایەن ئێرانیەکانەوە پێی ڕاگەیەندراوە کە موقتەدا سەدر دەبێت بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات تا «شیعەکان دەنگی پێبدەن و بتوانن کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکە و حکومەتی وڵاتەکە بکەن.»
دواتر پەیوەندیەکانی خەزعەلی و سەدر تێکدەچێت و لە میانەی دانپێدانانەکانیدا کاتێک لە هۆکاری جیابونەوەی لە سەدر پرسیاری لێدەکرێت دەڵێت «ئەو (سەدر) خاوەن هیچ بەهایەک نیە و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی کاردەکات.»
خەزعەلی هەروەها لەوکاتەدا بە ئەمریکیەکانی ڕاگەیاندوە کە چەند بەرپرس و سیاسەتمەدارێکی تری عێراقیش هەن کە سۆزداریان بۆ ئێران هەیە و لە ژێر کاریگەری ئەو وڵاتەدان، وەک نمونەش جەلال تاڵەبانی سەرۆکی کۆچکردووی عێراقی بە نمونە هێناوەتەوە.
پەیوەندیەکانی عەسائیب ئەهل ئەلحەق و خەزعەلی لەگەڵ ئێراندا هێشتا بەهێزن و ئەمەش گرنگی بۆ ئەمریکا هەیە چونکە لە ئێستادا ئەو لایەنە لە مەیدانی سیاسیدا دەسەڵاتی پەرەی سەندووە و خاوەنی ١٥ کورسییە لە پەرلەمانی عێراق.
قەیس هادی خەزعەلی، لە ساڵی ١٩٧٤ لە مەدینە سەدر لە رۆژهەلاتی بەغدا لە دایکبوە، دوای ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک سوپای مەهدی دامەزرا، بوو بە یەکیک لە سەرکردەکانی ئەو سوپایە کە دژی ئەمەریکا دەجەنگان.
خەزعەلی لەساڵی 2004 لە سوپای مەهدی دوورخرایەوە، لەبەر ئەوەی گروپێکی تایبەت بە خۆی لەناو مەهدی دروستکردبوو.
لە ساڵی ٢٠٠٥ بە شێوەیەکی نهێنی عەسائب ئەهل ئەلحەقی دامەزراند و لە 2007 دا لە بەسرە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەستگیرکراو زیاتر لە دوو ساڵ لە گرتووخانەدا مایەوە و لە ٢٠٠٩ ئازادکرا.
لە ساڵی ٢٠١١ دوای ئەوەی ئەمەریکا هێزەکانی لە عێراق کشاندەوەە. خەزعەلی بە فەرمی عەسائیب ئەهل ئەلحەقی راگەیاند. دوای بەشداریکردنی لە شەری دەژ بە داعش لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی عەسائیب بوون بە گروپێکی سیاسی و لە ژیر ناوی لیستی سادیقون بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠١٨ی کردو توانی ١٥ کورسی بەدەستبێنێت.
قەیس خەزعەلی لە ساڵی ٢٠١٧ دوای ئەوەی داعش لە زۆربەی ناوچەکانی عیراق وەدەرنرا رایگەیاند بە «بەرگری ئیسلامی» ئامدەیە بۆ بانگەوزی ئیسلام و ئامادەکاری بۆ دەولەتێکی دادپەروەری ئیلاهی «صاحب الزمان» کە مەبەست لێی «مەهدی»یە کە ئەوان پێیانوایە لە کۆتایی دنیادا دەردەکەوێت و حاکمیکی دادپەروەر دەبێت ئەوەش بەپێی مەزهەبی جەعفەری.