مووچە و پاشەکەوت بەشێکە لە کارنامەی لیستەکان
کرێکارێک لەکاتی بانگەشەکردن بۆ لیستە دلخوازەکەی بە ئومیدی رۆژێکی نوێ فۆتۆ: هاوڵاتی
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لیستەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەبەرنامەی کاریاندا باس لەهەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچەو دابنیکردنی هەلی کاردەکەن بەشێوازی جۆراوجۆر.
پارتی دیموراتی کوردستان لەبەرنامەی کاری‌دا دەڵێت «پێوەرەکانی وەزیفەی گشـتی رێکبخرێنەوەو ئەنجومەنی راژە دابمەزرێ... سیستمی مووچەو خانەنشینی و هەموو جۆرە ئیمتیازاتێکی مـاددی لەسـەر بنەمایەکی شـەفاف دابڕێژرێنـەوە، کـەعەدالەتـی کۆمەڵایەتـی بەدیبێنێ».
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەگەرچی باسی مووچەی نەکردوە، بەڵام لەبەرنامەی کاری‌دا باسی دابینکردنی هەلی کار دەکات و دەڵێت «دابینکردنی ٥١ هەزار هەلی کار تا ٢٠٢٠ هەروەها بنیاتنانی ٢٢ کارگەی قەبارە مامناوەند تاساڵی ٢٠٢٢ «.
هەرچی کۆمەڵی ئیسلامیە دەڵێت کار بۆ هەڵوەشاندەوەی موچە دەکات و زۆرترین خاڵەکانی بەرنامەی کاری لەسەر موچەیەو دەڵێت «هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیسته‌می پاشه‌که‌وتی زۆره‌ملێی مووچه که به نایاسایی سه‌پێندراوه به‌سه‌ر موچهخۆرانداو گێڕانه‌وه‌ی موچه‌ی پاشه‌که‌وتکراویان».
لەخاڵێکی تری بەرنامەی کاری‌دا هاتووە «دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی هاوچه‌رخی بانکی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی دراوی نه‌ختینه‌و پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاریی بانکی به هاوڵاتیان و موچه‌خۆران».
هەروەها داوای به‌رکارکردنی یاسای خانه‌نشینی یه‌کگرتووی عێراق دەکات لەگەڵ به‌رزکردنه‌وه‌ی که‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی و که‌مکردنه‌وه‌ی موچه‌ی پله‌باڵاکان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خانه‌نشینی نایاسایی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی.
هەروەها پاککردنه‌وه‌ی لیستی موچەی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی و که‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر له«که‌سانی ناشایسته» دەکات.
لەخاڵێکی تردا داوای پێدانه‌وه‌ی موچه‌ی سودمه‌ندانی تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی دەکات به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی کههاوسهریان زیندانییه، یان له‌ژیاندا نه‌ماون، یان لێکجیابوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیرییان دواکه‌وتووه یان تێپه‌ڕی کردوه.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش لەبەرنامەی کاری‌دا بەشێوەیەکی بەرفراوان باسی موچەو دامەزراندن دەکات و داوای هەڵگرتنی سیستمی پاشەکەوتی موچەو گێڕانەوەی سەرجەم شایستە داراییەکانی فەرمانبەران دەکات.
لەخاڵێکدا داوای پێداچوونەوە بەسیستمی موچە دەکات بەجۆرێک «دادپەروەری دەستەبەر بکات لەنێوان موچەی پلە باڵاکان و موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی».
هەروەها داوای رێکخستنەوەی موچەی خانەنشینان دەکات بەجۆرێک «فەرمانبەر دوای خانەنشینبونی بتوانێت بەژیانێکی شکۆمەند بژێت».
لەخاڵێکی تری بەرنامەی کاری یەکگرتودا هاتووە «سەرلەنوێ دابەشکردنەوی دەستی کار لەنێو فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم بەجۆرێک دیاردەی فەرمانبەری بندیوار نەهێڵێت و یەکسانی لەئەرک و خزمەت لەنێوان فەرمانبەران بهێنێتەدی».
سەبارەت بەدامەزراندنیش لەبەرنامەکەدا هاتووە «رێکخستنەوەی پرۆسەی دامەزراندن و میلاکات بەجۆرێک هەلی دامەزراندن لەکەرتی گشتی بەشێوەیەکی یەکسان و لەسەر بنەمای کەفائەت و پێویستی بێت و دوربێت لەدەستتێوەردانی حزبی و خزم خزمێنە».
هەروەها بزوتنەوەی گۆران لەبەرنامەی کاری‌دا داوای هەڵوەشاندنەوە، یان هه‌موارکردنی هەموو ئه‌و یاسا‌و رێنماییانە دەکات کەپەیوەندیدارن به‌سیستمی موچەو خانه‌نشینی و ئیمتیازاتی به‌رپرس و وه‌زیرو په‌رله‌مانتاران، بەجۆرێک دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدا فەراهەم بێت.
لەخاڵێکی بەرنامەکەیدا دەڵێت «هەوڵدان بۆ دانانی سندوقێکی نیشتمانی، که‌بڕێک له‌بودجه‌ی هه‌رێمی بۆ ته‌رخان بکرێ، لەڕوی داراییەوە سەربەخۆ بێت و سەر بەوەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بێت، بەمەبەستی هاوکاریکردنی کەسانی هەژارو نەدارو کەمدەرامەت».
هەروەها لەخاڵێکی تری بەرنامەی کاری گۆڕاندا هاتووە «یەکخستنی سیستمی موچەو داتاکردنی ناوی موچەخۆرانی کوردستان و ئەلیکترۆنیکردنی دابەشکردنی موچە لەڕێگەی بانکەوە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی کوردستان و جیاکردنەوەی موچەخۆری راستەقینە لەبندیوارو ئاشکراکردنی موچەخۆری وەهمی و بڕینی هەموو ئەو پارانەی لەئەنجامی ناعەدالەتی و گەندەڵی بەفیڕۆچون و گێڕانەوەی بۆ وەزارەتی دارایی».
لەخاڵێکی تریشدا داوای چاره‌سه‌رکردنی دیارده‌ی بێ‌کاری دەکات له‌ڕێگه‌ی دابینکردنی دەرفەتی کارەوە له‌هه‌ردوو که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا.
هەروەها لەخاڵێکی تردا داوای پێدانی خانەنشینی بەهەموو هاوڵاتیەکی کوردستان دەکات، ئەوەش بەبڕینەوەی موچەیەک کە لەگەڵ باری ژیان و گوزەرانیدا بگونجێت، کاتێک گەیشتە تەمەنی خانەنشینی لەگەڵ ده‌رکردنی یاسایەکی تایبەت بەخانەنشینی. بەجۆرێک «دادی کۆمەڵایەتی فەراهەم بکات لەنێوان هەموو چین و توێژەکاندا».