ئیلۆن ماسک: ترەمپ دەستگیربکرێت هەڵبژاردنەکانی داهاتوی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەباتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئیلۆن ماسک ملیاردێری ئەمریکی رایگەیاند، "ئەگەر لەسەر بڕیاری داواکاری گشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دەستگیربکرێت، ئەمە یارمەتی دەدات بۆ بەدەستهێنانی (سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە) لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.
ئیلۆن ماسک لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر نوسیویەتی، "ئەگەری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بەکەلەپچەوە ببینین و ئەگەر ئەمە ڕوبدات، ترەمپ بەدڵنیاییەوە هەڵدەبژێردرێتەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا".
ئەمە لە کاتێکدایە ،ئەمڕۆ شەممە، ترەمپ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، لە پۆستێکدا باسی لەوە کرد، چاوەڕێ دەکرێت دەستگیر بکرێت لە کاتێکدا کە داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتن چاوەی لەوەیە هەندێ تۆمەت بە فەرمی ئاراستەی ترەمپ بکا، ئەگەر ئەوە بکرێت، ترەمپ دەبێتە یەکەمین سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە فەرمی تۆمەتبارکرابێت.
ترەمپ لە پۆستەکەدا نووسیویەتی: "زانیاریی نایاسایی دزەپێکراو" لە نووسینگەی ئەلڤن براگ، داواکاری گشتی پێشانیدەدات کە "بەربژێری هەرە لەپێشی کۆمارییەکان و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە دەستگیردەکرێت."
ئەگەر بڕیاری تۆمەتبارکردنی ترەمپ درا، ئەوا تەنیا لە ئەگەری خۆبەدەستەوەنەدان دەستگیر دەکرێت، بەڵام پارێزەرانی ترەمپ پێشتر گوتوویانە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە گوێرەی رێوشوێنە ئاساییەکان هەنگاودەنێت، بە واتەی ئەوەی کە رازی دەبێت خۆی بەدەست بنکەی پۆلیسی نیویۆرک یانیش نووسینگەی داواکاری گشتیی مانهاتنەوە بدات.
لەلایەکی دیکەشەوە، وتەبێژێک بەناوی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە، "تا ئێستا لە هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی لەلایەن داواکاری گشتی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ترەمپ ئاگادار نەکراونەتەوە".
هاوکات، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەسەر سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی ترەمپ.