ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 41 هەزار کۆچبەری نایاسایی ڕوویان لە بەریتانیا کردووە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند، لە ساڵی 2025دا، 41 هەزار و 472 کۆچبەری نایاسایی بە بەلەم گەیشتوونەتە ئەودیوی کەناڵی ئینگلیزی.
پێنجشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، ئاماری ساڵی ڕابردووی 2025ـی لە بارەی ئەو کەسانەوە ئاشکراکرد کە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕوویان لەو وڵاتە کردووە، بە گوێرەی ئامارەکە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا، 41 هەزار و 472 کەس بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2024 کە نزیکەی 36 هەزار و 800 کۆچبەر ڕوویان لە بەریتانیا کردووە بە ڕێژەی ١٣% زیادی کردووە.
بە گوێرەی ئاماری نوێی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، ئەم ژمارەیە دووەم گەورەترین ژمارەی پێوانەیی کۆچبەرانە لە مێژوودا کە ڕوویان لەو وڵاتە کردووە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2018، نزیکەی 46 هەزار کەس کەناڵی ئینگلیزیان بەزاند و خۆیان گەیاندە بەریتانیا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێوان 15ـی تشرینی دووەم و 12ـی کانوونی دووەمی 2025 هیچ پەڕینەوەیەک تۆمارنەکراوە، ئەمەش تاڕادەیەک ئاساییە، چونکە لە مانگی کانوونی دووەمدا بە شێوەیەکی ئاسایی هەوڵەکانی پەڕینەوە کەمدەبێتەوە بەهۆی کەشوهەوای سارد و بارودۆخی سەختەوە.
هاوکات دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە بەهۆی تێچووی جێگیرکردنی کۆچبەران، ڕۆژانە ملیۆنان پاوەن خەرج دەکەن بۆ نیشتەجێکردنیان لە هۆتێلەکاندا.
ئەمە لە کاتێکدایە پێش مانگێک، شەبانا مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ڕایگەیاندووە، بەم زووانە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی پرۆژە یاسایەک پەسەند دەکرێت، تایبەتە بەو کەسانەی داوای مافی پەنابەری لە بەریتانیا دەکەن، بە گوێرەی پرۆژە یاساکە، ئەو کۆچبەرانەی ڕەزامەندی مانەوەیان پێدەدرێت، مافی پەنابەرێتیان پێ نادرێت تەنیا مانەوەی کاتی دەبێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لەوەتەی پارتی کرێکاران دەسەڵاتی گرتووەتە دەست نزیکەی 50 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە بەریتانیا دەرکراون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە گۆڕانکارییە نوێیەکانیدا لە سیستەمی کۆچبەری و پەنابەریدا سوود لە ئەزموونی دانیمارک وەردەگرێت، کە یەکێک لە توندترین سیستەمەکانی پەنابەری هەیە لە کیشوەری ئەورووپا و توانیویەتی ژمارەی پەنابەران بگەیەنێتە نزمترین ئاست لە 40 ساڵی ڕابردوودا.
