بایدن: بە توندی وەڵامی ئێران لە سوریا دەدەینەوە
هەسەدە: ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە
هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سوریا
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند نایانەوێت هێزەکانیان لە سوریا روبەڕوی پێکدادان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران سوریا ببنەوە بەڵام وەڵامی توندی ئەو چەکدارانی سەر بە ئێران دەدەنەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشە ئاسامنییەکەی ئەمریکا بۆسەر چەکدارانی سەر بە ئێران لە سوریا کە 19 کەسی تێدا کوژرا،وتی: ئەو هێرشە کاردانەوە هێزی سەربازیی وڵاتەکەمان بو بەرامبەر ئەو پەلامارانەی چەکدارانی نزیک لە ئێران لە دێرزۆر کردیانە سەر هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی جەنگ لە دژی رێکخراوی داعش.
بایدن وتیشی: ئەگەرچی هەر کەسێک بیەوێت زیان بە هاوڵاتییانی ئەمریکا بگەیەنێت بە توندیی وەڵام دەدرێتەوە بەڵام نامانەوێت پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە سوریا روبدات.
لێدوانی بایدن لە کاتێکدایە، هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردوە؛ لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دێرزۆر لە سوریا بە درۆن و تۆپ هێرش کراوەتە سەر دوو بنکەی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش و هەسەدە، کە بەهۆیەوە هاوڵاتییەکی ئەمریکی کوژراوە و پێنج سەربازی ئەو وڵاتەش برینداربون.
هەسەدە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردوە ئەو چەکدارانەی هێرشەکانیان ئەنجام داوە لە لایەن رژێمی سوریاوە پشتیوانیان لێدەکرێت و جەختی لەوەش کردوەتەوە کار و چالاکییە هاوبەشەکانی هێزەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی جەنگ لە دژی رێکخراوی داعش بەردەوام دەبێت.
پێت رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاندوە؛ سەرەڕای ئەو دوو هێرشە چەند هێرشێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی سوریا کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا بەڵام زیانی گیانیی لێنەکەوتوەتەوە.
سەرچاوەیەکی پنتاگۆن ئاشکرای کردوە سەرجەم ئەو پێنج سەربازەی ئەمریکا کە لە هێرشەکانی دێرزۆر برینداربون رەوانەی نەخۆشخانەی لەندستول لە ئەڵمانیا کراون.