هەڵاوسانی ئابووری لەئێران بەرزترین رێژەی 50 ساڵی رابردوو تۆماردەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەژاریی لەئێران گەیشتووەتە 37% و هەڵاوسانی ئابوریش بەرزترین رێژەی 50 ساڵی میژووی وڵاتەكەی تۆماركردووەو سەرجەم چینی كرێكارو خانەنشینانی وڵاتەكەش لەهێڵی هەژاریدا دەژین و حكومەتی وڵاتەكەش بڵاوكردنەوەی ئامارە فەرمییەكانی هەڵاوسانی بۆ مانگەكانی داهاتوی راگرتووە.
لەئامارەكانی مانگی رابردووی بانكی ناوەندیی دەركەوتوە تاڕێژەی هەڵاوسانی ئابوریی بەراورد بەهەمان مانگ لەساڵی 2022 63.9% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو شتومەك لەبازاڕەكانی ئێران تۆماركراوەو ئەوەش بەرزترین هەڵاوسانی یەك مانگی، 50 ساڵی مێژووی وڵاتەكەی لێكەوتووەتەوە.
هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لەكاتێكدا لەئەمساڵدا بەهای تومەن نزمترین ئاستی بەرامبەر دۆلارو زۆربەی دراوەكانی جیهان تۆمار كردو لەیەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لەمێژوودا بەهای یەك دۆلار لەئێران گەیشتە 60 هەزارو 50 تومەن و ئەوەش بەژمارەیەكی پێوانەیی دۆلار لەقەڵەمدرا.
دراوی تومەن تەنها لەئەمساڵدا زیاتر لە 70%ی بەهاكەی لەدەستداوەو بەگشتی ئەو دراوە لەمێژووی خۆیدا 96%ی بەهاكەی لەبەرامبەر دراوی دۆلاردا لەدستداوە .
دۆخی خراپی ئابوریی وایكردووە تەنانەت خواردنی گۆشتی سورو مریشك لەئێران بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكات و زۆربەی ماسیی ئەو وڵاتە رەوانەی دەرەوە بكرێت.
مەسعود رەسوڵی، سەرۆكی ئەنجومەنی بەرهەمهێنانی گۆشت و ماددە پڕۆتینییەكانی ئێران ئاشكرایكرد؛ لەیەك ساڵی رابردودا خواست لەسەر گۆشتی سور بەڕێژەی 50% كەمیكردووەو هاوكات خواست بۆ گۆشتی مریشك بەڕێژەی 30% كەمیكردووە.
بەپێی ئەو نرخانەی بڵاوكراونەتەوە یەك كیلۆ گۆشتی سور لەئێران لە 180 هەزار تومەنەوە گەیشتووەتە 500 هەزار تومەن و نرخی گۆشتی بەرخ 870 هەزار تومەن، بەڵام دەسەڵاتی وڵاتەكە نرخی رەسمی گۆشتی بە 277 هەزار تومەن راگەیاندووە.
هەر كرێكارێك لەئێران رەنگە لەمانگێكدا شەش ملیۆن تەمەن داهاتی هەبێ كەدەتوانێت 12 كیلۆ گۆشتی پێبكرێت لەكاتێكدا بەپێی راپۆرتی تەندورستیی خوراكی ئەو وڵاتە زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەكە لەساڵێكدا توانای كڕین و بەكارهێنانی 12 كیلۆ گۆشتیان نییە.
حەسەن سادقی سەرۆكی سەندیكای كرێكاران لەئێران رایگەیاندووە؛ لەیەك ساڵ و نیودا رێژەی هەژاریی لە 27% بۆ 37% بەرزبووەتەوەو چینی خانەنشین و كرێكاری سەرجەم وڵاتەكە لەهەژاریدا دەژین.
ئەو ئاماژەی بەوەكردوە كەداهاتی یەك مانگی كرێكارێك لەساڵی رابردودا 253 دۆلار بووە، بەڵام بەهای ئەو موچەیە لەئەمساڵدا بۆ 122 دۆلار كەمیكردووە چونكە بەهای تومەن بەرامبەر دۆلار دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.