حكومەتی هەرێم منداڵانی تەمەن ١٨ ساڵی خانەكانی بێسەرپەرشتان دادەمەزرێنێت

هاوڵاتی ژمارەی ئەو بێسەرپەرشتانە ئاشكرادەكات كەبڕیارەكە دەیانگرێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیمان زەندی

بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەبەرواری ٤/١/٢٠٢٣، ئەوانەی لەخانەی بێسەرپەرشتان ١٨ ساڵ تەواودەكەن دادەمەزرێن و یەكەی نیشتەجێبونیان پێدەدرێت، بەڵام چاودیری كۆمەڵایەتی سلێمانی كێشەی نەسریەو ستاف و تووێژەریان هەیە، تاوەكو ئێستاش پەرلەمانی كوردستان یاسای پاراستنی منداڵی دەرنەكردووە.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند: «ئەو منداڵانەی تەمەنیان سەروو ١٨ ساڵە بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرچووە، ئەو لیستانەی ناردومانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر دراوە».

وتیشی: «هەروەها ئەو یەكە نیشتەجێبوونانەی دەستەی وەبەرهێنان دەیكات هەركە تەواوبوو و رادەستی وەزارەتی كار كرا، ئەو گەنجانە دەبرێنە ئەو شوێنانەو بەپێی پێویست هاوكارییان دەكرێت».

«ئەو كەسانەی ناویان هاتووەتەوە لەهەر شارێك  نۆ بۆ ١٠ كەسەو بەپێی شارەكان دەگۆڕێت، هەر شارەو یەكەیەكی نیشتەجێبونیان دەدرێتێ، بەپێی بڕوانامە دادەمەزرێن، چونكە هەندێكیان دەخوێنن ئەوانەشی بێ بڕوانامەن بەپێی كارامەییانە». وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وادەڵێت.

سەبارەت بەبوونی منداڵانی پاشماوەی چەكدارانی داعش لەخانەكانی بێسەرپەرشتان ئاریان ئەحمەد دەڵێت:»منداڵی داعش هیچ كەسێكمان لەلا نیەو ئەو بڕیارە بێسەرپەرشتانی رابردوو ناگرێتەوە كەخانەكانیان جێهێشتووە».

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیاری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بەهاوڵاتی وت: «لەخانەكانی بێسەرپەرشتان زۆرێك لەكچەكان تووشی توندوتیژی دەبوونەوەو كوڕەكانیش تووشی نەخۆشی دەروونی و هەندێكیان دەكوژران یاخود خۆكوشتن و كەیسەكانی ناو شێڵتەر درێژخایەن دەبوون، ئەم بڕیارە بەدەمەوە هاتن بوو بۆ بێلانەكان».

وتیشی:» داوامان لێكراوە ناوی ئەو كەسانە بنێرین كە لەسێ ساڵی رابردوودا بوون بە ١٨ ساڵ  بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاكی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی موچەكانیان خەرج دەكرێت، بەڵام ئەوانەی چوونەتەوە ناو خێزان نایانگرێتەوە».

بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی لەبارەی ئەوەی تاچەند راستە منداڵی تەمەن ١٥ ساڵ دەركراوە لەخانەكە دەڵێت: «لەم سێ ساڵەی دەستبەكاربوونم منداڵێك گەشتبێتە ١٥ ساڵ دەرنەكراوە، بەڵام هەندێك كەیس هەن بێسەرپەرشت نین و منداڵەكە نایەوێت بچێتەوە ناو خێزانەكەی، بەو هۆیەوە تووێژەرەكانمان ماوەیەك دەیهێڵنەوە، پاشان بەڵێن لەدایك و باوكەكە وەردەگرن ئازاری منداڵەكە نەدەن و دەیگەڕێننەوە».

« مووچەی پڕۆژەی (گەڕانەوەی خێزان)مان هەیە كەمانگانەیە بەبڕی ١٠٠ هەزار هەتاوەكو منداڵ بخوێنێت، منداڵ بەسێ هۆكار لەخانەكانن، منداڵی جێهێڵدراو لەسەر شەقامەكان یان لەپۆلیس یاخود لەنەخۆشخانەكان، لەگەڵ جیابوونەوەی هاوسەران یاخود بەهۆی كوشتنی یەكێك لەدایك و باوكەكە»، ژیار جەلال وادەڵێت.

بەوتەی بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی «كێشەی كەمی نەسریەیان هەیە كەشەش ملیۆن و نیوە، بەڵام وەزارەت كاری لەسەر زیادكردنی كردووە كە بكرێت بە١٠ ملیۆن دینار».

ژیار جەلال دەشڵێت:» گرفتی ستاف و تووێژەرمان هەبوو ناچاربووین نزیكەی ٣٥ خۆبەخش دابمەزرێنین لەبەرامبەر بڕێك هاوكاری كەم لەسەر سندوقی خێرخوازی، بەوهۆیەوە بڕیارە لەمساڵدا ٢٢ كەس دابمەزرێنن كە ١٢یان تووێژەری كۆمەڵایەتی و دەروونیە».

توێژەرێك كەنەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت و ماوەی ٢٦ ساڵە لەچاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانیە سەبارەت بەدۆخی منداڵانی خانەكان بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «خانە دەزگایەكە وەكو خێزان نابێ، هەندێكیان باری دەروونیان زۆر ناجێگیرە چونكە كێشەی زۆری بینیوەو كەدێتە خانە جیهانێكی پڕ غوربەتە، چونكە خانە دەزگایەكی بێ رۆحەو وەكو خێزان نیە، لەڕاستیدا دەبێت منداڵان بۆ كاتێكی كەم لەخانە بمێننەوە، هەتاوەكو خزم و كەسوكار دەیانگرنەخۆ نەوەكو هەموو تەمەنی لەخانە بەسەربەرێ». ئەو تووێژەرە وتیشی: «كەمی كارمەند زۆر كێشەی بۆ دروستكردوین زۆرێك لەكارمەندانی خانەكان بەتەمەنن یان نەخۆشن یاخود خانەنشین دەبن، پێویستە بەڕۆژ دوو تووێژەری لێبێ و بەشەویش یەكێك، زۆریش لەم نەوجەوانانە قەناعەتیان نیە هەموو كارێك بكەن، ئەو گروپە گەنجە هەندێكیان خراونەتە سەركارو دوای ماوەیەك وازئەهێنن، دەستبەتاڵی هۆكارە بۆ لادانیان».

دەشڵێت: «كۆمەڵێك منداڵی خاوەنپێداویستی تایبەت لەم خانانە هەن كە هەریەكێكیان پێویستی بەچاودێری تایبەتە».

بەپێی ئامارێكی فەرمی كە هاوڵاتی لەوەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، لەخانەكانی بیسەرپەرشتانی كوردستان بۆ تەمەنی سفر تا ١٨ساڵ ٣٤٨ سودمەند هەیە، لەو ژمارەیەش لەپارێزگاكان ١٩٨یان رەگەزی نێرەو ١٤٢شیان رەگەزی مێ، هەر بەپێی ئەو ئامارە ژمارەی بەساڵاچوان و پەككەوتەكان لەپارێزگاكان ١٥١ سودمەندە كە ١٠٣یان لەڕەگەزی نێرەو ٦٧یان لەڕەگەزی مێ، بەمەش كۆی گشتی سودمەندان لەخانەكانی كوردستان ٥١١ سودمەندە كە ٣٠٢یان نێرەو ٢٠٩شیان مێ.

خانەكانی بێسەرپەرشتان لەهەرێمی كوردستان كێشەی ئەو یاسایەشیان هەیە كەدەیانگرێتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1986 كە بەشێك لەچالاكوانانی مافەكانی منداڵ و مرۆڤ دەڵێن بەهۆی ئەوەی لەپەرلەمان دەرنەچووە نایاساییە.

ناسك ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی پاراستنی منداڵ لەمنداڵپارێزی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»لەساڵانی نەوەدەكانەوە پەیوەندیەكی باشمان هەبوو بەخانەكانەوە، لەگەڵ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی كوردستان هەماهەنگ بووین، لەكاتی قەیراندا پاڵپشتی مادیمان كردوون بە ١٥٠ بۆ ٢٥٠ هەزار لەگەڵ دابینكردنی چەندین ستاف و چاودێر، لەساڵانی كۆتاییدا لەبری تووێژەر هاوكاری گیرفانی منداڵانمان كرد بەبڕی ١٠٠ هەزار، هەروەها توانیومانە چەندین منداڵ بگەڕێنینەوە بۆ خێزان یان خانوو و شوێنمان بۆ دابینكردون».

 وتیشی: «لەزووەوە لەگەڵ وەزارەتەكان قسەمانكردووە كاتێك منداڵێك ١٨ ساڵ تێدەپەڕێنێ بیربكرێتەوە ێكخراو ئەو توانایەی نیە كار بۆ ھەمووی بكات، گەر حكومەت پشتگیری نەكا كێ یتر بەرپرسە؟.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار