پلانی هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل ئاشکرا دەبێت

لە دوای سەردانی قائانی بۆ لوبنان هێرشی موشەکی لە دژی ئیسرائیل زیاد دەکات

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران

2 ساڵ لەمەوپێش



رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران پلانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی بە چەکدارانی نزیک لە خۆی لە لوبنان و سوریا و عێراق راگەیاندوە و بەهۆی هێرشەکانی رابردوی ئەو چەکدارانە لە سوریا 23 سەربازی ئەمریکا برینداربون.

رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردوەتەوە؛ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەق-ی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەفتەی رابردودا سەردانی لوبنانی کردوە و ئامادەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی پێ راگەیاندون.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە قائانی لە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیروت لەگەڵ سەرکردەکانی حیزبوڵڵا-ی لوبنان و جیهادی ئیسلامی فەلەستین کۆبوەتەوە و پێی راگەیاندون کە ئێران زانیاریی هەیە ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرشکردنە سەر چەکدارانی جیهادی ئیسلامی و حەماس لە سوریا و لوبنان.

بە پێی زانیارییەکان وۆڵستریت جۆرناڵ، هاوکات لە دوای کۆبونەوە نهێنییەکانی قائانی لە لوبنان دەیان موشەک لەو وڵاتەوە و سێ موشەک لە سوریاوە ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل کراوە و ئێران بەڵێنی داوە بۆ ئەنجامی هێرشی زیاتر موشەک و کەرەستەی سەربازیی رادەستی چەکدارانی نزیک لە خۆی لە سوریا و عێراق و لوبنان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرجەم گروپە چەکدارە شیعەکانی ئەو وڵاتانە کۆبوەتەوە.

سەرچاوەکانی ئەو رۆژنامەیە ئاشکراشیان کردوە سوپای پاسداران لە دوای کۆبونەوەکەی قائانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ چەکدارانی لە سوریا و لوبنان و عێراق رەوانە کردوە.

لە لایەکی دیکەوە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند؛ لە هێرشەکانی مانگی رابردوی چەکدارانی سەر بە ئێران لە سوریا 23 سەرباز زیان بە مێشکیان گەیشتوە و ئەو سەربازانە لە ئێستادا چارەسەریان بۆ دەکرێت.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار