چیرۆکی قەیسەری نەقیب..... بازاڕە ١٢٣ ساڵەکەی شاری سلێمانی
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتح
سەرەڕای پێشكەوتنی باڵەخانەو بیناو بازاڕەكان، بەڵام چەند شوێنێك لەسلێمانی هەیە كە تائێستاش وەك خۆیان ماونەتەوەو سیمای دێرینی خۆیان لەدەستنەداوە.
یەكێك لەو بازاڕانەی كە تائێستاش وەك شێوازە كۆنەكەی خۆی ماوەتەوە (بازاڕی قەیسەری نەقیب)ە، كە یەكێكە لەبازاڕە دێرینەكانی شاری سلێمانی و ساڵی 1900 لەلایەن شێخ مستەفای نەقیبەوە كەدەكاتە مامی شێخ مەحموودی حەفید دروستكراوە، هەر بەناوی بنەماڵەی نەقیبەوە ناونراوە.
قەیسەری نەقیب بەسەرپەرشتی وەستایەكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەناوی (وەستا رەجەب) دروستكراوە، نەخشەی قەیسەریەكەش هەمان ئەو نەخشەیەیە كە لەبازاڕو قەیسەرییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بەكارهاتووە، ئەم قەیسەرییە كارەكانی بەماوەی دوو ساڵ تەواو بووە.
قەیسەری نەقیب لەسەر پایەی خشتی سوور دروستكراوەو بنمیچەكەشی بەشێوازی تاق دروستكراوەو چەندین كڵاوڕۆژنەی تێدایە بۆ ئاڵوگۆڕی هەواو تیشكی خۆر.
بازاڕی قەیسەری نەقیب سەد دوكان لەخۆدەگرێت و لەسەرەتادا كاسبكارانی ئەم قەیسەرییە جۆراوجۆربوون وەك: بەرگدوری و دەلاكی و وشكەفرۆش و عەتارەكان، بەڵام لەساڵی 1958ەوە زیاتر بوو بەبازاڕی كەلوپەلی ژنان و جوانكاری.
ئیسماعیل حاجی ئیبراهیم، تەمەن 65ساڵ كەدوكانی عەتاری هەیە لەبازاڕی قەیسەری نەقیب بەهاوڵاتی وت: ئەم دوكانەمان لەساڵی 1938ەوە هەیەو هی باوكم بووە، لەساڵی 1987ەوە من لەم دوكانەدام بەبێ دابڕان، ئەم دوكان و بازاڕەش بووەتە هاوڕێی تەمەنم.
هەروەها وتیشی:» ئەم بازاڕە یەكێكە لەبازاڕە كۆنەكان و وەختی خۆی 140 دوكان بووە و سەرچاوەی بازاڕ بووە لەشاری سلێمانیدا، دوكانی جۆراوجۆری تێدا بووە، بەڵام لەئێستادا بەو شێوەیە نەماوە».
قەیسەری نەقیب دەكەوێتە سەنتەری شاری سلێمانی چوار دەرگای هەیە، بە جۆرێك هەر یەكێكیان دەچێتەوە سەر بازاڕێكی دیكەی شاری سلێمانی، ئەوانیش : حەوزە وشكەكە-مەزادخانەكە-هەنگوین فرۆشەكان و شەقامی كاوە.
ئێستاش بەشێك لەهاووڵاتیانی شاری سلێمانی بەتایبەتی ژنان بۆ دەستكەوتنی كەلوپەلەكانیان سەردانی بازاڕی قەیسەری نەقیب دەكەن وەك كەلوپەلی جوانكاری و بەرگدوری و ئێكسسواراتی جلوبەرگی كوردی.
نازدار محەمەد خانمێكە كەپیشەی بەرگدوورە بۆ هاوڵاتی باس لەوەدەكات كە بۆ دەستكەوتنی كەلوپەل و كەرەستەكانی تایبەت بەپیشەكەی سەردانی قەیسەری نەقیب دەكات، وەك بەكرەو ئۆیە و زەنگیانە و چەندین جۆری موروو بۆ دروستكردنی هەر كارێكی دەستی و نرخەكانیشیان گونجاون.
قەیسەری نەقیب لەماوەی دروستبوونیدا تووشی چەندین رووداو بووە، لەوانە: ساڵانی 1985 و 1987 تووشی لافاو بووەو لەساڵی 1988یش تووشی ئاگركەوتنەوە بووەو 95%ی قەیسەرییەكە سووتاوەو دواتر بەهەوڵی دوكاندارەكان بەمانگێك قەیسەرییەكە دروستكراوەتەوە.
ئەو كەسانەی مێژووی بازاڕەكە شارەزان دەڵێن لەبەشی باشووری قەیسەرییەكە حەوشەیەكی گەورە هەبووە پێیان وتووە (خان)، وڵاخ بەبارەوە لەدەرەوە هاتووەو لەم خانەدا گومرگ كراوە كە لەسەردەمی عوسمانییەكاندا پێیان وتووە (گومرگی رێژێ)، باس لەوەشدەكەن لەو سەردەمەدا ئەم خانە میوانخانەی مێجەرسۆن بووە.