ریفراندۆم دوایین هەناسەی کۆماری ئیسلامی لەئێران

تاپۆی ریفراندۆم لەدەست توندڕەوەکانی کۆماری ئیسلامیدایە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەڕیفۆرمەوە تاڕیفراندۆم

پرسی ریفراندۆم لەئێران ململانێی باڵەکانی کۆماری ئیسلامی توندتر کردوەتەوەو خامنەیی لەگەڵ رەتکردنەوەی ریفراندۆم، پرسکردن بەدانیشتوانی وڵاتەکە بۆ چارەسەری کێشەکان رەتدەکاتەوە.

لەماوەی 44 ساڵی رابردودا تەنها دوو ریفراندۆم لەئێران کراوە کەیەکەمیان لەساڵی 1979 لەسەر داوای روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و دووەم ریفراندۆمی وڵاتەکەش ساڵی 1989 بووە کەئامانجی ئەو دوو ریفراندۆمە لەبەرژەوەندیی دەسەڵاتەکانی خومەینی و خامنەیی شکاوەتەوە.

ئەگەرچی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەوتارەکانی ساڵانی رابردودیدا زیاتر لەشەش جار داوای کردوە بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل ریفراوندۆم لەفەلەستین بەڕێوەبچێت و لەساڵی 2009 تا 2020 بە بەردەوامی لەوتارەکانیدا ئاماژەی بەگرنگیی ریفراندۆم کردووە بەڵام ریفراندۆمی لەئێران رەتکردووەتەوە.

لەچوار یاسای دەستوری ئێراندا ئاماژەی روون بەبەڕێوەچوونی راپرسی و ریفراندۆم لەسەر پرس و کێشەکانی وڵاتەکە کراوە بەڵام سەرەڕای داواکاریی سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو بەرپرسانی باڵای دەسەڵات لە 33 ساڵی رابردودا هیچ ریفراندۆم لەئێران ئەنجامنەدراوە.

خامنەیی کە 34 ساڵە بەپێی یاسای ژمارە 110 لەدەستوری ئێران یەکلاکەرەوەی پرسی دەسەڵاتی سیاسییە لەو وڵاتە، بەتوندنی ریفراندۆمی رەتکردووەتەوەو رایگەیاندووە ناکرێت بۆ هەر کێشەیەک پرس بەهەموو خەڵک بکرێت و لەبەرامبەریشدا رەخنەگران دەڵێن ناکرێت چارەنووسی هەموو 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەکە بەدەست پیاوێکی 84 ساڵ تەمەنەوە بێت.

بەوتەی خامنەیی: ئەنجامدانی ریفراندۆم لەئێران پێویستی بەشەش مانگ کات هەیە کەدەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لەهەموو جومگەکانی دەسەڵات و حوکمڕانیی لەوڵاتەکە.

تەنها لەساڵی  2022 لەوڵاتی سویسرا لانیکەم 10 جار ریفراندۆم لەسەر پرسە فیدڕاڵییەکانی ئەو وڵاتەی تێدا ئەنجامدراوەو لەساڵی 1848 تائەو ساڵە 321 جار راپرسی و ریفراندۆم لەو وڵاتە بەڕێوەچووە.

ئەنیستیتوتی نێودەوڵەتیی بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی ئاشکرای کردووە لە کۆی 205 وڵاتی جیهان لە 80%ی ئەو وڵاتانەدا بۆ یەکلایی کردنەوە پرسە سەرەکییەکانیان دیموکراسی راستەوخۆ یان ریفراندۆم بەڕێوەدەچێت و لە 100 ساڵی رابردودا ئەنجامدانی ریفراندۆم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

 

خامنەی ریفراندۆمی بۆ خۆی دەوێت

دوای راپەڕینی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەئێران لە رێککەوتی 30 و 31ی ئازاری 1979 ریفراندۆم بە دوو دەنگی بەڵێ و نەخێر بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کراو دواتر راگەیەنرا 92% دانیشتوانی ئێران بەدەنگی بەڵێ دەنگیان بەسیستمی کۆماری ئیسلامی داوە لەوڵاتەکەیان.

دوای ریفراندۆم بۆ حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی، رەشنوسی نوێی دەستوری ئێران بەفەرمانی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو یەکەم رێبەری کۆماری ئیسلامی ئامادە کراو بەسەرپەرشتی عەلی خامنەیی لیژنەیەک بۆ پێداچونەوەو نووسینەوەی دەستنیشانکران و دوای سێ مانگ لەپێداچونەوە لەساڵی 1989 خرایە راپرسییەوەو راگەیەنرا کەدەستوری نوێ دەنگی زۆرینەی خەڵکی ئێرانی بەدەستهێناوەو پەسندکراوە.

بەپێی بڕگەی 177 ئەو دەستورەی ئێستای ئێران کە خامنەیی یەکێک لەئەندامانی سەرەکیی لیژنەی پێداچونەوەی بووەو لەڕاپرسیدا دەنگی هێنایەوە، بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاریی لەسیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و (ویلایەتی فەقیهـ) و ئیمام یان پێشەوای گشتی کە خامنەییە راپرسیی لەسەر ناکرێت.

رێبەری کۆماری ئیسلامی لەدوایین وتاری سێشەممەی هەفتەی رابردوو لە 18ی ئەم مانگەدا، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەئێرانی رەتکردەوەو وتی: لەهیچ شوێنێکی جیهان پرس بەهەموو خەڵکێک ناکرێت و هەموو پرسێکیش ناخرێتە راپرسی و ریفراندۆمەوەو ئەگەر کێشەکانی وڵاتەکە 100 هێندەی دیکەش گەورەبن پێویست بەڕیفراندۆم ناکات و توانای چارەسەری کێشەکانیان هەیە بەڵام نابێت بێهیوا بن.

خامنەیی وتیشی: هەندێک کەس لەسەر بنەمای سۆشیال میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شیکردنەوەی بەلێشاو بۆ بارودۆخەکان دەکەن ئەوەش هەڵەیە.

وتەکانی خامنەیی وەڵامێک بووە بۆ داواکاریی پێشتری میرحسێن موسەوی، سەرکردەی بزوتنەوەی سەوزو حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران کەهەردووکیان بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و چارەسەری کێشەکانی ئێران داوایانکردبوو ریفراندۆم لەوڵاتەکە بەڕێوەبچێت.

جگە لەو دوو سەرکردەیەی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی بەرچاو لەبەرپرسانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی داوای راپرسی سەرتاسەریی و ریفراندۆمیان کردبوو.

چوار یاسای (6،59،99،110)ی دەستوری ئێراندا ئاماژەی راستەوخۆ بەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەئێران کراوەو تائێستا هیچ لەو چوار یاسایە بۆ ریفراندۆم وەک خۆی جێبەجێ نەکراون و تەنانەت ماددەی 59 لەدەستوردا رێگەی بەوەداوە کە راپرسی و ریفراندۆم لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی (سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی) بکرێت لەکاتێکدا لەساڵی (1989) تائێستا دەیان داواکاریی بۆ راپرسی خراوەتە بەردەمی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەڵام رەتکراوەتەوە.

 

کێ داوای ریفراندۆم دەکات

سێ مانگ دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، میرحسێن موسەوی، یەکێک لەسەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلام داوای نووسینەوەی دەستورو گۆڕانکاریی ریشەیی لەدەسەڵات و حوکمڕانیی ئێران کرد، وتی «خەڵک بڕوای بەچاکسازیی لەسیستمی ئێستای حوکمڕانیدا نەماوەو وڵاتەکە بەرەو گۆڕانکاریی گەورە هەنگاو دەنێت کەپێویستی بەڕیفراندۆمە».

موسەوی لەو بەیاننامەیەدا داوای کرد رەشنووسێکی نوێ بەڕەچاوکردنی سەرجەم مافەکانی خەڵک لەلایەن نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و سیاسیی و بیروباوەڕە جیاوازەکان لەئێران ئامادەبکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە، بەبڕوای ئەو گەورترین کێشەی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بەیەکبوون لەبەڕێوەبردنی دەسەڵات و ئامانجەکانیدا بۆیە ئەو سیستم و حوکمڕانییە ناتوانێت بەردەوام بێت.

موسەوی جەختی لەوە کردووەتەوە کەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی رووبەڕووی قەیرانی قووڵی بێمتانەیی بووەتەوە و شەرعیەتی لەدەستداوەو خەڵکی وڵاتەکەش متمانەو بڕوایان بەچاکسازیی نەماوە، بۆیە پێویستە پڕۆسەی ریفراندۆم لەوڵاتەکەدا بەڕێوەبچێت بەمەبەستی دامەزراندنی سیستمێکی نوێی حوکمڕانیی.

پاش موسەوی و دوای شەش مانگ لەناڕەزایەتییەکان، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران داوایکرد بۆ چارەسەری کێشەکان و رەچاوکردنی ناڕەزایەتییەکان ریفراندۆم بکرێت بەڵام داواکارییەکەی کاردانەوەی توندی دەسەڵاتداران و باڵای محافزکاری کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوەو تۆمەتبار کرا بەناپاکی و بێڕەوشتیی سیاسیی.

حەسەن رۆحانی کەخاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لەیاسای بنەڕەتی (دەستور)ە چەند جارێک رەخنەی لەدەستوری وڵاتەکەی گرتوەو رایگەیاندووە زۆر ئاساییە چەند ساڵ جارێک راپرسیی و ریفراندۆم لەسەر پرسە گرنگەکانی وڵاتەکە بەڕێوەبچێت چونکە دەبێتەهۆی بەهێزبوونی دەستورو ئاسانکاریی لەشێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەڵام لەساڵی 1989 تائێستا هیچ ریفراندۆمێک نەکراوە.

رۆحانی لەساڵی 2015 تائێستا چەند جارێک داوای ریفراندۆم و راپرسیی لەسەر هەندێک پرس کردبوو کەسەرجەمیان رەتکراونەتەوەو هێرشی توند کراوەتەسەری، بۆیە بەبڕوای شارەزایان ریفراندۆم لەئێران تابۆیەو قفڵی لێدراوە و دەستبردن بۆی مەترسیدارە.

سەرۆک کۆماری پێشوو لەدوایین هەنگاویدا بۆ ریفراندۆم لەدیدارێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی کابینەی پێشووی حکومەت رایگەیاند؛ دۆخی ناڕەزایەتیی وڵاتەکە لەئاستێکدایە کەپێویستە باڵاترین قۆناغی یاسای دەستور جێبەجێبکرێت چونکە وڵاتەکە پێویستی بەگۆڕانکاریی هەیەو وتی: دەبێت بەپێی یاسای 59ی دەستور، راپرسی و ریفراندوم سەبارەت بەسێ پرسی سیاسەتی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوەو ئابوریی لەوڵاتەکە بکرێت.

بەوتەی رۆحانی هەندێک لەماددەو بڕگەکانی دەستور کەمترین سەرنجیان لەسەر بووەو جێبەجێنەکراون بەتایبەت وەرزی سێیەمی دەستور کەئاماژەی روون بەمافەکانی دانیشتوانی ئێران دەکات، ناڕەزایەتییەکانی رابردو رووداوێکی ناخۆش بوون بۆیە بۆ گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی ناڕازی و دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستە هەنگاوی گەورە بنرێت.

رۆژنامەی (جەوان) لەئێران لەسەروتارەکەیدا هێرشی توندی کردووەتەوەسەر رۆحانی و ئەوی بەکەسێکی بێڕەوشتی سیاسی ناوهێناوە کەتەنها بەسەرزارەکی باسی ریفراندۆمی کردووەو ئامادە نییە راستەوخۆ بەشداریی لەو پرسەدا بکات بەڵام بەئامانجی دژایەتیی حکومەتی ئێستاو جەنگی دەرونیی پرسی ریفراندۆمی وروژاندووە.

ئەو رۆژنامەیە کە سەر بەباڵی توندڕەوی محافزکارانی کۆماری ئیسلامییە جەختی لەوە کردووەتەوە تێچوو خەرجییەکانی ریفراندۆم بۆ چارەسەری کێشەکان تەرخان بکرێت باشترە تا ریفراندۆم لەسەر ئەوەبکرێت کەسیستمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمانی.

 

ناوبژیوانی ریفراندۆم

محەمەد خاتەمی، یەکێک لەسەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازو سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران سەرەڕای ئەوەی رەخنەی لەدەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکە گرتووەو وتوویەتی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لەوڵاتەکەدا روون و ئاشکرایەو دەسەڵات بۆ رازیکردنی کەمینە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی زۆرینەی خەڵک.

محەمەد خاتەمی کە بەهاوڕێی ریفۆرم و چاکسازیی موسەوی ناودەهێنرێت تەنها دوای رۆژێک لەبەیاننامەکەی موسەوی بۆ ریفراندۆم، لەبەیاننامەیەکدا سەرەڕای ئەوەی حاشای لەپێویستیی گۆڕانکاریی لەئێران نەکردووە بەڵام ئەنجامدانی ریفراندۆمی بەشێوەی خۆی رەتکردووەتەوەو هاوهەڵویست نەبوو لەگەڵ هاوڕێ ریفۆرمخوازەکەی.

خاتەمی لەبەیاننامەکەیدا: روحانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی رەتکردووەتەوەو رایگەیاندووە؛ بەپێی ئەو تواناو هێزو ئامرازانەی کە دەسەڵات هەیەتی، رووخان و نەمانی لەڕووی میکانیکییەوە ئاستەمەو ناکرێت، بەبڕوای ئەو» چاکسازیی لەکۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندیی بەگۆڕانکاریی لەدەستورو چاککردنی یاساکاندا نییە بەڵکو پەیوەندیی بەگەڕانەوە بۆ جەوهەرو هەوێنی دەستورەی ئێستای وڵاتەکەوە هەیە».

ئەگەرچی جەختی لەوە کردووەتەوە کەهیچ ئاماژەیەک لەدەسەڵاتدا بەدیناکرێت بەئامانجی چاکسازیی و دوورکەوتنەوە لەدووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو ئێستای بەڵام بەهیچ جۆرێک باسی ریفراندۆمی نەکردووەو رەنگە ئامانجی ئەویش نێوەندگیریی باڵ و سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی بووبێت لەپێناو سەرەگرتن یان نەگرتنی ریفراندۆم.

 

لە ریفۆرمەوە بۆ ریفراندۆم

سەرەڕای ئەوەی پێشتر مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری سەر بەباڵی محافزکاری کۆماری ئیسلامی لەساڵی 2010 وەک چەکێک لەدژی پەرلەمانی ئەوکات کەزۆرینەی بەدەستی ریفۆرمخوازنەوە بوو داوای ریفراندۆمی کرد، کەمترین جار لەلایەن باڵی محافزکاری کۆماری ئیسلام ئاماژە بەڕیفراندۆم لەناوخۆی ئێراندا کراوەو بەپێچەوانەوە باڵی ریفۆرمخواز لەگەڵ روودانی هەر کێشەو ناکۆکییەک لەدەسەڵاتی سیاسیدا داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمیان کردووە.

ئێستا کەڕەنگە ژمارەی کورسییەکانی باڵی ریفۆرمخواز لەکۆی 290 کورسی لەپەرلەمانی ئێران نەگاتە 20 کورسی و کەمترین و لاوازترین پێگەیان لەناو حکومەت و دەسەڵاتدا ماوە وەک دوایین کارت بۆ بەهێزکردنەوەی خۆیان لەناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا پرسی ریفراندۆم دەوروژێننەوە چونکە ئەو باڵە پێچەوانەی بانگەشەکانی رابردوویان پشتگیریان لەناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان نەکرد.

ریفراندۆم لە 44 ساڵی رابردودا تاپۆکەی بەناوی باڵی محافزکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بووەو بۆ باڵی ریفۆرم تابۆیە، بۆیە باسکردنی هەر جۆرە لەڕیفراندۆمێک کاردانەوەی توندی دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی لێدەکەوێتەوەو دوور نییە ریفراندۆم دوایین کارتی بەختی ریفۆرمخوازان نەسوتێنێت بەتایبەت کە رۆڵی گرنگیان لەناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نەبینیوە.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار