بوڵدان: پێویستی بە خولی دووەم نییە و لە خولی یەکەمدا کۆتایی بە ئەردۆغان دێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار قەدەری کورد لە تورکیا دیاری دەکات و وتی، پێویستی بە خولی دووەم نییە و لە خولی یەکەمدا کۆتایی بە ئەردۆغان دێت.
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و کاندیدی پارتی چەپی سەوز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بەشداری لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری پارتی چەپی سەوز کرد لە شاری موشی باکوری کوردستان. پەروین بوڵدان لە کۆبونەوە جەماوەرییەکەدا بۆ لایەنگرانی پارتەکەی قسەی کرد و رایگەیاند، دەسەڵات لە تورکیا و باکوری کوردستان گەنجانی هەژار کردووە، سامانی وڵات بۆ دەوڵەمەندکردنی لایەنگرانی بەکار دەهێنێت و بۆیەش پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا سیستمەکە بگۆڕن.
بوڵدان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئێمە لە سەردەمێکداین کە پێویستە عەقڵیەتی ئاکەپە و مەهەپە لەسەر ئەم جوگرافیایە کۆتایی بێت. ئەم هەڵبژاردنە هەلێکی مێژووییە. ١٤ی ئایار دەبێتە قۆناخ و رۆژێک کە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە کۆتایی دێت.
وتیشی، " هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار قەدەری هەموومان دیاری دەکات و دەگۆڕێت. قەدەری تورکیا دەگۆڕێت. قەدەری گەلی کورد دەگۆڕێت. هەڵبژاردنێکی مێژوویی و گرنگە. ئێمە لێرەوە دەڵێین لە خولی یەکەمدا کۆتایی بە دەسەڵات دەهێنین."
ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد و تاوەکو ٩ی ئایار بەردەوام دەبێت. سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار هاوڵاتی تورکیای دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە. بە گشتی زیاتر لە ٦٤ ملیۆن کەس لە تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە.
