ژنانی ئێزدی؛ لەدۆزەخی داعش رزگاربوون... کــــــۆمەڵـگا رێگە نادات لەگەڵ مــنداڵەکانیان بژین

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

ژنە رزگاربووەکانی دەستی داعش منداڵەکانی خۆیان لەخێوەتەکانی ئاوارەییدا بەجێهێشت، بەهۆی رەتکردنەوەی کۆمەڵگاو غیابی دەستەبەری یاسایی  بۆ دەستکەوتنی  تۆمارە فەرمییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو منداڵانە تووشی خەمۆكی ببنو بكەونە ژینگەیەکی پر  لەتوندڕەوی.

ئیبتیهاج، لەژێر دەستی داعش  لەبەردەم دوو بژاردە بوو، یەکەم دەربازبوون لەدۆزەخی داعش یاخود مانەوە لەگەڵ منداڵەکەی، دواجار رێگەی یەکەمی هەڵبژارد کەئەویش رزگاربوون لەدەستی داعش و ماڵئاوایی یەکجارەکی لەمنداڵەکەی بوو، ئەو منداڵەی کە نۆ مانگ لەسكیدا بووەو چوار ساڵ بەخێوی کردووە، بەڵام دواجار بەهۆی نەبوونی هیچ یاسایەک و رەتکردنەوەی کەسوکاری ماڵئاوایی لێكردووە .

حەلا سەفیل، رزگاربوویەکی دیکەی ژێر دەستی داعشە: «دەمزانی ئەگەر دووگیان بم ناتوانم منداڵەکەم لەگەڵ خۆم ببەمەوە، بۆیە چەند جارێک حەبم خواردووە تا دووگیان نەبم» .

وەك حەلا سەفیل، بۆ هاوڵاتی باسیكرد سێ جار کڕین و فروشتنی پێوەکراوە، حەوت جار هەوڵی هەڵهاتنی داوەو ژمارەیەک حەبی خواردووە تا دووگیان نەبێت، ئەو خەڵکی  کۆمەڵگای تل قەسەبە سەر بەقەزای شنگال، لەدرێژەی گێڕانەوەكەدا وتی:» چەکدارانی داعش هەموو شتێکیان لەگەڵ ئێمە کردووە ئەوەندە بێزاربووین حەوت جار هەوڵی هەڵاتنمدا، لەهەمووی ناخۆشتر دەستدرێژی سێکسی بووە، بەدزی ئەوان حەبم خواردووە تا لە ئەوان دووگیان نەبم چونکە دەمزانی هیچ کەسێک قبوڵ ناکات منداڵێك باوکی داعش بێت لەگەڵ خۆم بیهێنمەوە.»

حەلا سەفیل لە یەكی تەمموزی 2017 لەژێر دەستی داعش رزگاربووە، وتیشی:» راستە ئەو منداڵانە گوناهیان نیە، بەڵام ئێمەش هیچ تاوانێکمان نەکردبوو داعش هەموو شتێکی بەسەر ئێمە هێنا، وا دابنێن هەندێک لە رزگاربووانی ئێزدی منداڵەکانی داعشیان لەگەڵ خۆیان هێنا باشە چی بەخەڵک بڵێین، لەهەمانکاتدا خەڵک پێیان دەڵێن کوڕی داعش کەئەوەش کاریگەری زۆر خراپ دەکاتەسەر منداڵەکە «.

هەرمان میرزا بەگ، جێگری میری ئێزدییان بەهاوڵاتی وت:» لەڕووی ئایینەوە وەرگرتنی منداڵەکانی داعش دژی بنەماکانی ئایینی ئێزدیە، چونکە ئێمە تەنیا ئەو منداڵانە وەردەگرینەوە کەدایک و باوکیان ئێزدی بن، بەهیچ شێوەیەک ئەو منداڵانە وەرناگرینەوە».

هەرمان میرزا بەگ وتیشی:» تۆمارکردنی ئەو منداڵانە کێشەیەکی ترە ئایا لەسەر ناوی کێ توماردەکرێن؟ خۆ ناکرێت لەسەر ناوی دایکیان تۆماربکرێن یان دەبێت لەسەر ناوی باوکیان تۆماربکرێن و بنووسرێت  «مسلم « لەناسنامەکەیاندا، دواتر  ئەو منداڵە موسوڵمانانە دەبنە میراتگری خێزانێکی ئێزدی ئەوەش جێگای قبوڵکردن نیە «.

ئەنجومەنی باڵای روحانی ئێزدی لە 24ی نیسانی 2019 بڕیاریدا بەوەرگرتنەوەی تەواوی ژنان و هاووڵاتیانی رزگاربووی دەستی داعش بەمنداڵەکانیانەوە، فەتواکە ناڕەزاییەکی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، دوای سێ رۆژو لە 27ی نیسانی 2019 لەنووسراوێکدا جەختیکردەوە لەوەی ئەوان لەفەتواکەیاندا مەبەستیان وەرگرتنەوەی ئەو منداڵانەی چەکدارانی داعش نەبووە  کە لەئەنجامی دەستدرێژی بۆ سەر کچان و ژنانی ئێزدی لەدایکبوون، بەڵکو مەبەستیان ژنانی ئێزدی و ئەو منداڵانەیە کە لەتەمەنێکی بچووکدا کەوتوونەتە دەست ئەو رێکخراوە.

« ئێمە فشار لەسەر ئەو ژنانە ناکەین کەمنداڵیان لەداعش هەبووە، ئەوانەی نایانەوێت دەستبەرداری منداڵەکانی خۆیان بن رێگامان لەهیچ کەسێکیان نەگرتووە با کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو ژنانە لەگەڵ منداڵەکانی لەدەرەوەی وڵات سەنتەرێکیان بۆ بکاتەوەو بەخێویان بکات «جێگری میری ئێزدیان وادەڵێت.

سێڤێ حەموو، چالاکوانێکی کچە ، خەڵکی قەزای شنگالە زیاتر لەهەشت ساڵە لەکەمپ دەژیت، بەهاوڵاتی وت:»» تێکەڵکردنی ئەو منداڵانە لەگەڵ کۆمەڵگای ئێزدی تووشی سەدان کێشەیان دەکات، ئێمە هەموومان لەچارەسەر دەگەڕێین نەک زیادکردنی کێشە، ئەو منداڵانە هەموویان راهێنراون لەسەر دەیان شتی خراپ و توندەڕەوی ئەگەر ئەوانە تێکەڵ بەکۆمەڵگای ئێزدی بکرێن رەنگە لەداهاتوو نەوەیەکی زۆر خراپ پەیدابێت کەدواجار لەدەست هەموو کەسێک دەردەچێت«.

حەمدی بەرواری ، بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤ لەشاری دهۆک بەهاوڵاتی وت:» بەپێی رێککەوتننامەی مافی منداڵان لەساڵی 1989 کە لە 54 بەند پێکهاتووە، یەکێک لەبەندەکان ئەوەیە دەڵێت هەر منداڵێک لەدایک بێت پێویستە ژیانی پارێزراو بێت و لەتۆمارە فەرمییەکان ناوەکەی تۆماربکرێت «.

وتیشی: « چارەسەر ئەوەیە ئەو منداڵانە لەسەر ناوی دایکیان تۆماربکرێن و ئەمە شتێکی دروستەو لەهەندێک وڵات ئەمە پەیڕەو دەکرێت«.

ئیبتیهاج، كە لە 2019 لەژێر دەستی داعش رزگاری بووە بۆ هاوڵاتی باسی لەوەشكردووە»چەند هەفتەیەک بەرلەوەی  رزگاربکرێم لە دەستی داعش لەگەڵ کەسوکاری خۆم بەتەلەفون قسەمانکرد، وتم منداڵێکی  شەش مانگی لەچەکدارێکی داعشم هەیە رازین بیانهێنمەوە، هەموویان وتیان بەهیچ شێوەیەک ئەو منداڵە وەرناگرین چونکە لای کۆمەڵگەو مەرجەعی باڵای ئێزدییەکان قبوڵناکرێن».

«هەندێکجار بیری ئەو منداڵە دەکەم کەئایا ئێستا لەچ شوێنێکە لەژیاندا ماوە یاخود کوژراوە یان لەگەڵ کێ دەژیت، هۆکاری لەدەستدانی منداڵەکە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار بوو، لەوانە نەبوونی هیچ یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی ژیان و تۆمارکردنی ئەو منداڵانە، راستە لەدەرەوەی ئیرادەی من لەدایکبووە بەڵام هەرچونێک بێت منداڵەکە هیچ تاوانی نیە» ئیبتیهاج وای وت.

سۆزان سەفەر، بەرێوەبەری رێکخراوی داکە بۆ گەشەپێدانی ژنان بەهاوڵاتی وت: « ئەو منداڵانە هیچ گوناە و تاوانیان نیە، بەڵام ناکرێت عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشار لەسەر ئێزدییەکان بکەن کە وەریانبگرنەوە، چونکە لەڕووی ئایینەوە دژی دەقەکانی ئایینی ئێزدییە، هاوکات کۆمەڵگاش ئەوان قبوڵ ناکات».

سۆزان وتیشی: «چارەسەر ئەوەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی شێلتەرێکی تایبەت بۆ ئەو منداڵانەو ئەو ژن و کچانەی دەیانەوێت لەگەڵ منداڵەکانیان بژین و نایانەوێت بگەڕێنەوە ناو کەسوکاری خۆیان  دروستبكات».

لەوبارەیەوە دەروێش چووکی ، بەڕێوەبەری رێکخراوی تولا تایبەت بەڕزگاربوانی دەستی داعش بەهاوڵاتی وت: «هەندێک حاڵەت رووبەڕووی ئێمە بووەتەوە کەهەندێک ژن و کچ دەیانویست ئەو منداڵانەی لەباوکی داعش لەدایکبوون لەگەڵ خۆیان بهێننەوە، هەرچەندە ئاماری وردم نیە بەڵام بەپێی زانیارییەکانم ژمارەی ئەو منداڵانەی لەباوکی داعش لەدایکبوون سەرووی 100 منداڵ دەبن «.

« دوو تا سێ ژن لەکاتی رزگارکردنیان منداڵەکانی داعشیان لەگەڵ خویان هێناوە، کەسوکاریان قبوڵیان نەکرد بیهێننەوە بۆ ناو کۆمەڵگای ئێزدی ناچاربوون منداڵەکان گواسترانەوە بۆ خانەی هەتیوەکان لەشاری موسڵ، فشار لەسەر هیچ ژن و کچێک ناکەین کەدەستبەرداری منداڵەکانی خۆیان بن، ئەوان ئازادن بەتەنیا بگەڕێنەوە بۆ ناو کەسوکاری خۆیان یان لەگەڵ منداڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام دەبێت بۆ ئەو حاڵەتانە ئەوان خۆیان رێگایەکی تر هەڵبژێرن چونکە تائێستا هیچ یاسایەک بۆ پاراستن و تۆمارکردنی ئەو منداڵانە دەرنەچووە». دەروێش چوکی وای وت.

بەپێی یاسایی کارتی نیشتیمانی یەکگرتوو کە لەساڵی 2016 لەڕۆژنامەی وەقایعی عیراق بڵاوکراوەتەوە، منداڵی نەوجەوان شوێنکەوتەی دایک یان باوکیان دەبن کە لەسەرئاینی ئیسلامن، هەروەها لەماددەیەکی تردا هاتووە کەئەو منداڵانەی دۆزراونەتەوە یان باوانیان نادیارە بەموسڵمانی عێراق دادەنرێن  ئەگەر پێچەوانەی ئەوە نەسەلمێنرێت.

بەهادین دەشتانی ، پارێزەری راوێژکار لە دادگای دهۆک بەهاوڵاتی وت: « تائێستا لەعێراق یاسایەکی تایبەت بەو منداڵانە دەرنەچووە کە لەفەرمانگەی رەگەزنامەی نیشتیمانی تۆماربکرێن ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ یاسای رەگەزنامە ژمارە 26 لەساڵی 2006 هەروەها دەستوری عێرا ق ماددەی 18 کەدەڵێت هەر ژن و پیاوێک کەمنداڵیان هەبوو لەخاکی عێراقدا ئەو منداڵە مافی ئەوەی هەیە لەڕەگەزنامە تۆماربکرێن باوک یان دایکی ئەو منداڵە عێراقی بێت «.

«ئەگەر ژن داوا بکات منداڵەکە لەڕەگەزنامە تۆماربکرێت، دەبێت یەکەمجار لەدادگایەکی عێراق بۆ دادگا بیسەلمێنێت کە هاوسەرگیری لەگەڵ کێ کردووە، دوای ئەوە دەبێت ( اسبات نسب ) بۆمنداڵەکەی خۆی بکات کە لەباوکێکی داعش بووە، ئەگەر ئەوەش نەکراو هیچ بەڵگەیەکی نەبوو دەتوانێت لەڕێگای دوو شاهید بێت، بەڵام هەموو ئەمانە بۆ ژنانی ئێزدی زۆر قورسن چۆن دەتوانێت بزانێت هاوسەرگیری لەگەڵ کێ کردووە، لەوانەیە هەر پیاوەکە کوژرا بێت یان دیارنیە یان دوو شاهید لەکوێ بهێنێت» بەهادین دەشتانی وای وت.

 وتیشی: «تائێستا نزیکەی پێنج هەزار منداڵ کە دایکیان عێراقییەو باوکیان داعشە لەکەمپی هوڵ و رۆژئاوای کوردستانن، لە2019 و 2020 هەوڵێک هەبوو کەیاسای ژمارە 26 ساڵی 2006 کەتایبەتە بەڕەگەزنامە راستکردنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام سەرینەگرت و تائێستا هیچ گوڕانکاریەک لەیاساکەدا نەکراوە».

بەهادین دەشتانی ئاماژە بەچارەسەری ئەم بابەتە دەکات و دەڵێت: « هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 26ی ساڵی 2006 کەیاسای رەگەزنامەیە، پێویستە پەرلەمانی عێراق ئەم یاسایە هەمواربکاتەوەو ماددەیەک ئیزافە بکرێت و تۆمارێکی تایبەت دروستبکرێت بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانەو بارەگای ئەم تۆمارە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە لەبەغدا بێت «.

ئەحلام ، ناوی خوازراوی رزگاربوویەکی دیکەی ئێزیدییە، دوای رزگاربوونی لەژێر دەستی داعش بەیەکجاری ماڵئاوایی لەعێراق کردووە ئێستا لەوڵاتێکی ئەوروپی دەژێت،  بەهاوڵاتی وت:» چوار ساڵ لەژێر دەستی داعش بووم ، لەهەمووشی ناخۆشتر بەزۆر لەچەکدارێکی داعش دووگیان بووم ، پێش ئەوەی منداڵەکە لەدایک بێت زۆر هەوڵمدا لەباری ببەم، بەڵام چەکدارەکەی داعش بەوردی چاودێری منی دەکردو بەناچارییەوە منداڵەکە لەدایکبوو «.

«زیاتر لەدوو ساڵ منداڵەکەم بەخێو کرد، بەڵام دواجار ماڵئاوایی یەکجاریم لێکردو لە 2019 لەژێر دەستی داعش رزگاربووم، بیری منداڵەکە دەکەم کەچۆن ماڵئاوایم لێکرد، ئێستاش دەڵێم تاوانی ئەو منداڵە چییە کەهاتە سەر دونیاو چارەنووسی دیارنیە» ئەحلام وای وت.

لەپەرلەمانی کوردستان تائێستا هیچ پرۆژە یاسایەک لەسەر ئەم پرسە پێشکەش بەسەرۆکایەتی پەرلەمان نەکراوە، بەڵام لیژنەی مافی مرۆڤ ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە.

گوڵستان باقی ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەلیژنەی مافی مرۆڤ  بەهاوڵاتی وت: « دەتوانین پرۆژە یاسایەک پێشکەش بەسەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە ، زۆر جار لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ گفتۆگۆمان کردووە، بەڵام تائێستا هیچ پرۆژە یاسایەک لەسەر ئەو منداڵانەی باوكیان داعشە  ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار نەکراوە، ئەگەر ئێمە پرۆژە یاسایەک لەسەر ئەم پرسەیە ئامادە بکەین یەکەمجار راو بۆچوونی جڤاتی روحانی ئێزدی و لایەنی پەیوەندیدار وەردەگرین ئینجا پرۆژەکە ئامادە دەکەین و ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی دەکەین «.

میرزا خەلەف، فەرماندەی پێشمەرگە لەشنگال و شارەزا لەبواری سەربازی بەهاوڵاتی وت: «هیچ گۆمانێک لەوەدانیە کە ئەو منداڵانە لەئاییندەدا دەبنە کەسانی شەڕکەرو توندەڕەو چونکە چەکدارانی داعش لەکاتی خۆی هەموو راهێنانێکی چەکداری و چۆنیەتی خۆتەقاندنەوەی لەناو خەڵکدا فێركردوون، هەروەها  راهێنراون لەسەر بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک، لەهەمووشی خراپتر وانەکانی توندەڕەوی بەرامبەر کۆمەڵگا فێركراون».

خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی سەر بەحکومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت: « بابەتی منداڵانی داعش تەنها پەیوەست نیە بەئێزدییەکان چونکە هەر ناوچەیەکی داعش داگیری کردبێت زەواجی ( نیکحاح) لەگەڵ کچ و ژنانیان کردووە ، ئەمە حاڵەت نیە بەڵکو بەهەزاران منداڵ ئێستا لەئەنبار، موسڵ و سوریا  بەم شێوەیە لەدایکبوونە، زۆر سەیرە بۆچی تەنها باسی ئێزدییەکان دەکەن لەکاتێکدا حاڵەتی ئێزدییەکان جیاوازە وەکو (سەبی) مامەڵەیان لەگەڵ کراوە».

خەیری بۆزانی وتیشی « بەبڕوای من نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەو منداڵانە بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگای ئێزدی چونکە لەجیاتی چارەسەرکردن دەیان کێشەی تر رووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە، هەر کەسێک لەخەمی ئەو منداڵانەیە بابفەرمووێت منداڵەکان لەگەڵ دایکیان لەدەرەوە شێلتەرێکیان بۆ دروستبکات».

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار