لە دوو مانگدا 10 کەس لە چیاکانی کرماشان گیانیان لەدەستداوە
مانگی سوری کرماشان: زۆربەیان بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانیان لەدستداوە

تیمێکی فریاگوزاریی لە ناوچەی شاخاوییەکانی کەنگاوەر لە کرماشان
2 ساڵ لەمەوپێش
مانگی سوری کرماشان رایگەیاند لە وەرزی بەهار-دا روداوەکانی شاخەوانی زۆر بوە و 10 کەس گیانیان لەدەستداوە.
محەمەد باقری، بەڕێوبەری مانگی سوری پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ لە دوو مانگی بەهاردا لانیکەم 30 روداوی شاخەوانیی لەو پارێزگایە تۆمار کراوە کە تێیدا 10 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 37 کەس بریندار بون.
باقری ئاشکرای کردوە؛ زۆربەی ئەو کەسانەی لە کاتی شاخەوانیی لە چیا و شاخەکانی کرماشان گیانیان لەدەستداوە ئەزمونیان کەم بوە و توشی جەڵتەی دڵ بون و بونەتە قوربانیی.
بە وتەی ئەو؛ ژمارەیەک لەو قوربانییانە تەمەنیان زۆر بوە و ئاگاداری ئەوە نەبون کە کێشەی دڵیان هەیە و هەر بەهۆی فشاری رێگا و سەختی چیاکان روبەڕوی جەڵتەی دڵ بونەتەوە.
زیاتر لە 18 شاخ و چیا لە ناوچەکانی کرماشان هەیە کە گەشتیار و شاخەوانان روی تێدەکەن و بە شوێنێکی گونجاو بۆ شاخەوانیی و گەشتیاریی لەقەلەم دەدرێت.

