هاوپه‌یمانى سکاڵا تۆمارده‌کات
هاوپه‌یمانى ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى سکاڵایه‌که‌وه رێگه‌ى چوونه په‌رله‌مانی زیاتر له 10 کاندیدی بگرێت که‌هێشتا به‌هیوای کورسین
6 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حه‌سه‌ن
هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌رى ده‌یه‌وێت سکاڵا له‌کۆمسیۆن تۆماربکات، تائه‌و کاندیدانه‌ى که‌بانگه‌شه‌ی ههڵبژاردرنیان ده‌ستپێکردووه‌و به‌پێچه‌وانه‌ى بڕیارى حزبه‌که‌وه بایکۆتى هه‌ڵبژاردنیان نه‌کردووه، نه‌گه‌نه په‌رله‌مانى کوردستان.
هاوپه‌یمانێتیه‌که که‌کۆتایی ساڵى رابردوو له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح جێگرى پێشووى سکرتێرى گشتى یه‌کێتیه‌وه راگه‌یه‌نرا، له‌چه‌ند مانگى رابردوودا ئاماده‌کاریه‌کانى ده‌ستپێکرد بۆ به‌شداریکردن له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و لیستى ناوى کاندیده‌کانى پێشکه‌شى کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کان کرد، به‌ڵام پێش ده‌ستپێکردنى بانگه‌شه‌و له‌سێی ئه‌یلولدا به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاند کهبایکۆتى هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن.
دواى بڕیاره‌که‌ى هاوپه‌یمانى، ژماره‌یه‌ک کاندیدى ئه‌و قه‌واره‌یه پابه‌ندنه‌بوونى خۆیان به‌بڕیارى بایکۆتى هه‌ڵبژاردنه‌وه راگهیاندو بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنیان ده‌ستپێکردو ره‌خنه له‌حزبه‌که‌یان ده‌گرن به‌وه‌ى پرسی پێنه‌کردون بۆ بڕیارى بایکۆتکردنى هه‌ڵبژاردن.
به‌پێی به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتی، له‌کۆى 100 کاندید 10 کاندیدى هاوپه‌یمانى که‌چواریان له‌سلێمانى و یه‌کێکیان له‌گه‌رمیان و سیانیان له‌هه‌ولێر و دوانیان لهبادینانن، بڕیاریانداوه به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بکه‌ن و به‌بڕیارى حزبه‌که‌یانه‌وه بۆ بایکۆتى هه‌ڵبژاردن پابه‌ندنه‌بن.
به‌شێک له‌و کاندیدانه له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بانگه‌شه‌یان ده‌ستپێکردوه و داوا له‌لایه‌نگرانى هاوپه‌یمانى ده‌که‌ن ده‌نگیان پێبده‌ن تا بتوانن بچنه په‌رله‌مانى کوردستان.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د یه‌کێکه له‌کاندیده ناڕازییه‌کان بۆ هاوڵاتی وتى «چۆن ئه‌وان به‌بێ پرسی ئێمه بڕیارى بایکۆتیاندا، ئێمه‌ش له‌ئێستادا هیچ مهرجهعیهتێکمان نیه تا بۆى بگه‌ڕێینه‌وه‌و ئه‌مڕۆ هه‌ڵوێستى خۆمان ڕاده‌گه‌یه‌نین که‌هه‌نگاوى چى بنێین و ژماره‌شمان زیاتر له 10 کاندیده«.
باسى له‌وه‌شکرد، به‌رپرسانى هاوپه‌یمانى ده‌ڵێن به‌پاساوى ساخته‌کاریی به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ناکه‌ن، له‌کاتێکدا له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هه‌موو لایه‌نه‌کان بهپارتى و یه‌کێتیشه‌وه باس لهساختهکارى ده‌که‌ن «به‌ڵام من ده‌پرسم بۆچى هاوپه‌یمانى به‌ناوى ته‌زویره‌وه بایکۆتى هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا له‌به‌ر خاترى پۆستێک واز لههاوپهیمانى هێنراو هه‌موو هاودیدهکان پشتگوێخران».
به‌رپرسانى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌رى باس لهژمارهیهکى که‌مترى کاندید ده‌که‌ن که پابه‌ندنه‌بوون به‌بڕیارى بایکۆتى هه‌ڵبژاردنه‌وه و ئاماژه به‌وه‌ده‌که‌ن که له‌و باره‌یه‌وه له‌کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێم سکاڵا تۆمارده‌که‌ن.
حه‌سه‌ن بارام به‌رپرسى میدیاى هاوپه‌یمانى به هاوڵاتی ڕاگه‌یاند، له‌کۆى 100 کاندیدى هاوپه‌یمانى ته‌نها دوو کاندید که‌هه‌ردووکیان له‌ناوچه‌ى بادینانن پابه‌ندن نه‌بوون به‌و بڕیاره‌ى هاوپه‌یمانییه‌وه بۆ بایکۆتکردنى هه‌ڵبژاردن و بانگه‌شه‌یان ده‌ستپێکردووه‌و به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن.
وتیشى «ئێمه سکاڵا له کۆمسیۆن تۆمارده‌که‌ین به‌و پێیه‌ى که‌ئێمه وه‌ک حزبێکى سیاسی له‌پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن کشاوینهتهوهو بڕیارى بایکۆتکردنى پڕۆسه‌که‌مان داوه، ئه‌و سکاڵایه‌ش جێگه‌ى خۆى ده‌گرێت و ئه‌و کاندیدانه ناتوانن بگه‌نه په‌رله‌مان».
هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌رى که که‌متر له‌ساڵێکه دامه‌زراوه، ته‌نها به‌شدارى له‌یه‌ک هه‌ڵبژاردندا کردووه ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایارى په‌رله‌مانى عێراق بوو که‌دوو کورسی به‌ده‌ستهێنا، له‌کاتێکدا به‌رپرسانى ئه‌و هاوپه‌یمانیتیه که تێکه‌ڵه‌یه‌کن له‌که‌سانى سیکۆلار و ئیسلامى چاویان له به‌ده‌ستهێنانى کورسی زیاتر بوو.
به‌رپرسانى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسی جه‌ختده‌که‌نه‌وه که کاندیده‌کانى هاوپه‌یمانى مافى خۆیانه به‌شدارى له هه‌ڵبژاردندا بکه‌ن و ببنه ئه‌ندامى په‌رله‌مان.
ئیسماعیل خورماڵى بڕیارده‌رى کۆمسیۆن بۆ هاوڵاتی جه‌ختیکرده‌وه، به‌پێی یاسا ئه‌و کاندیدانه ئه‌گه‌ر ده‌نگ بهێنن ده‌توانن بچنه په‌رله‌مان و ببنه ئه‌ندامى په‌رله‌مان و که‌سیش ناتوانێت رێگریان لێبکات.
وتیشى «ئه‌وان وه‌ک هه‌ر کاندیدێکى قه‌واره‌کانى دیکه که له‌سه‌ر قه‌واره‌یه‌ک خۆیان تۆمارکردووه‌و ناوه‌کانیان له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه په‌سه‌ندکراوه، ده‌توانن بانگه‌شه بکه‌ن تا ده‌نگى پێویست بهێنن بۆ بوون به ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان».
بڕیارى بایکۆتکردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیه‌وه، هاوکات بوو له‌گه‌ڵ گفتوگۆکانى ئه‌و حزبه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان بۆ پرسی یه‌کگرتنه‌وه‌یان، که‌ده‌وترێت له‌به‌رانبه‌ر کاندیدکردنى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆکى هاوپه‌یمانیدایه بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق، هه‌رچه‌نده ئه‌و حزبه ده‌ڵێت گفتوگۆکانیان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى بۆ ڕێککه‌وتنێکى سیاسیه که ره‌نگه دواى هه‌ڵبژاردن فراوان بکرێت به‌ڕووى لایه‌نه‌کانى دیکه‌شدا.
به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و کاندیدانه‌وه که بانگه‌شه‌یان ده‌ستپێکردووه بۆ به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان، زۆربه‌ى کاندیده‌کانى هاوپه‌یمانى بانگه‌شه‌یان دهستپێنهکردووهو پابه‌ندى بڕیارى حزبه‌که‌یان بوون بۆ بایکۆتکردنى هه‌ڵبژاردن.
چیا ئیسماعیل یه‌کێک له‌و کاندیدانه بۆ هاوڵاتی باسى له‌وه‌کرد، ئه‌وان تاوتوێی زۆرى ئه‌و پرسه‌یان کردووه، تا گه‌یشتوون به‌و بڕیاره‌ى به‌شدارى هه‌ڵبژاردن نه‌که‌ن، به‌و پێیه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقدا روبه‌ڕووى ساختهکاریهکى زۆر بوونه‌ته‌وه.
وتیشى «پێمان وایه تۆمارى ده‌نگده‌ران پاک نیه‌و کۆمسیۆنیش بێلایه‌ن نیه، ئێستا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له‌سه‌ر هاوپه‌یمانى هه‌یه، پێموایه هه‌ندێک لایه‌ن بۆ مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ى خۆیان به‌کاریبهێنن».
پێش ئه‌وه‌ى بڕیارى بایکۆتکردنى هه‌ڵبژاردن بده‌ن، هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌رى یاداشتێکى له‌باره‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران و تێبینیه‌کانیان له‌سه‌ر پڕۆسه‌که راده‌ستى کۆمسیۆن کرد، به‌ڵام وه‌ک به‌رپرسانى ئه‌و حزبه باسى ده‌که‌ن هیچ وه‌ڵامێکى یاداشته‌که‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه.
حاکم سه‌مه‌د محه‌مه‌د که له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانییه‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تى لیسته‌که‌ى بۆ به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردن دیاریکرابوو به هاوڵاتی وت «به ماوه‌یه‌کى که‌م دواى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایارى په‌رله‌مانى عێراق، گفتوگۆمان کرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بێت‌و بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان هیچ زه‌مانه‌تێک نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنێکى پاکوبێگه‌رد بێت، یه‌کێک لهبژاردهکانمان به‌شدارینه‌کردن ده‌بێت له‌هه‌ڵبژاردن».
باسى له‌وه‌شکرد دواى گفتوگۆیه‌کى زۆر له 25ى ته‌مموزدا یاداشتێکیان راده‌ستى کۆمسیۆن کردووه له‌باره‌ى تێبینیه‌کانیان له‌سه‌ر تۆمارى ده‌نگده‌ران و چه‌ند رێوشوێنێکى ده‌نگدانه‌وه، «هیچ وه‌ڵامێکى یاداشته‌که‌مان وه‌رنه‌گرته‌وه، بۆیه پێمانوابوو ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌رفه‌تى ساخته‌کارى زۆرى تێدایه، بۆیه بڕیارماندا به‌شدارى تێدا نه‌که‌ین».
حاکم سه‌مه‌د وتیشى» تا دوو سێ رۆژ پێش راگه‌یاندنى کاتى بانگه‌شه هه‌ر ئومێدى ئه‌وه‌مان هه‌بوو، که ده‌ستکارى تۆمارى ده‌نگده‌ران بکرێت، به‌ڵام بێ‌ئومێد بوین، بۆیه بڕیارمانداو کشاینه‌وه«.
جه‌ختیشیکرده‌وه، له‌مه‌ودوا داموده‌زگاکانى خۆیان رێکده‌خه‌نه‌وه، خۆیان ئاماده‌ده‌که‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتوو، پێیان وایه بایکۆتکردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان کۆتایی دنیا نیه‌و پڕۆسه‌ى دیکه زۆر له‌پێشه‌وه‌یه که‌به‌شدارى تێدا بکه‌ن.