مەسعود بارزانی دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكا تەواو دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكاو كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ مەسرور بارزانی، بەشێك لەكێشە ئەمنییەكان دەسپێردرێن بەلیژنەی باڵا لەنێوان مەکتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی.
سەردانەكەی بار بارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو باڵیۆزی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لەعێراق بۆ هەرێمی كوردستان و دیدارو گفتوگۆی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتدا كردو تێیدا هۆشداری دراوەتە هەردوولایان كەپێویستە بەزووترین كات رێككەوتن بكەن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوكاتەی دیاریكراوە كە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە ئەنجامبدرێت.
پێش سەردانەكەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەنیاز بووە دەستپێشخەری بكات ئەگەر تیمی یەكێتی نەچنەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام بڕیارە رۆژی یەكشەممە كۆبوونەوەی حكومەت بكرێت.
هەروەها مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مۆنۆمێنتی گەورەی (مەلا مستەفا) لەبارزان دەكرێتەوە، مەسعود بارزانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی بانگهێشت كردووەو لەوێ دیدارو كۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی لەنێویاندا بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی ئەنجامدەدات بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدا.
پارتی و یەكێتی دەزانن فشاری ئەمریكاو وڵاتانی نێودەوڵەتیان لەسەرە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و ئەو هۆشدارییەش لەڕێگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە گەیەندراوە بەهەردوو لایان، بۆیە بڕیارە پاش كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی پرسی هەڵبژاردن لەمساڵدا یەكلابكرێتەوەو كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەستپێبكرێتەوە بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەرێم و گەیشتن بەسازان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن.
لەدوای سەردانەكەی یاریدەردەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو داواكردنی بۆ رێككەوتن و گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتی و پارتی گفتوگۆی چڕیان دەستپێكردووەو لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا سێ كۆبوونەوە ئەنجامدراون.
هاوكات، تیمی یەكێتی لەحكومەت راپۆرتێكیان لەبارەی پرسی دارایی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین ئامادە كردووەو بەشێكی بەفەرمی گەیەندراوەتە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت.
لەئێستادا كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و كورتهێنانی پارەی كاش لەسلێمانی و پرسی كوژرانی هاوكار جاف كە بەو هۆیەوە بڕینی بەشە بودجەی دژەتیرۆری یەكێتی لێكەوتەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
بڕیارە پرسی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بەلیژنەی باڵای مەكتەبی سیاسی هەردوولا بسپێردرێت كەیەكێك دەبێت لەپێشنیازەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، ئەگەر ئەو كێشەیە لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەنێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی چارەسەر نەكرێت.
شەش مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەی حكومەتیان كردووەو كۆبوونەوەكانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی گەیاند بەیەك كەپێشتر بەشێك لەسیاسییەكان داوایان دەكرد مەسرور بارزانی چایەك لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بخواتەوە كێشەكان چارەسەر دەكرێن.
پرسی كۆكردنەوەی داهات لیژنەی وەزاری بۆ پێكدەهێندرێت و یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بە 47% لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كردووە.
هاوكات تیمی یەكێتی داوایان كردووە كەدەسەڵاتی خەرجكردن و پڕكردنەوەی كورتهێنان بەتەواوی چارەسەربكرێت و جێگری سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتی خەرجكردنی هاوشێوەی سەرۆكی حكومەتی هەبێت كەپێشتر لەكابینەی هەشتی حكومەتدا هەیبووە.
هەروەها لیژنەی باڵای وزاری لەنێوان هەردوولاو تەنانەت بەبەشداری وەزیری دارایی كە لەپشكی گۆڕانە بەشداربێت بۆ بڕیاردانو بەدواداچوونو وەرگرتنی داهاتە جۆراوجۆرەكانو گرتنەبەری رێكاری پێویست لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنیدا.
بەپێی راپۆرتەكەی یەكێتی، داوای ئەوە دەكرێت پڕكردنەوەی كورتهێنان بۆ موچە بەشێوەی «ناوەندی» بێت، ئەمەی دوای ئەوەی كەدابینكردنی «پارەی كاش» بەناوەندی دەكرێت.