دۆمینە؛ جێگەی كەسوكاری بۆ بەساڵاچووانی خەڵوەتگەی پیری گرتووەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی ئاشكرای دەكات بەشێك لەبەساڵاچوان كەسوكاریان هەیەو ئامادەنین لەخۆیانیان بگرن و بەخێویان بكەن، دەشڵێت:» بەشێكی بەساڵاچووان لەباخچەی خانەكەدا دادەنیشن و كاتەكانیان بەیاری دۆمینەوە بەسەردەبەن».

لەهەرێمی كوردستاندا چوار خانەی بەساڵاچووان هەیە ئەوانیش خانەی بەساڵاچووانی هەولێر-سلێمانی-دهۆك-گەرمیان، كە بەساڵاچووان لەخۆدەگرن بەچەند مەرجێكی تایبەت كە. مەرجەكانیش ئەوەیە پێویستە ژنان لەتەمەنی ٥٥ ساڵیداو پیاو لە ٦٠ ساڵیدا بێت و عێراقی بن و نەخۆشی گوازراوەو دەروونی نەبێت و بێ كەس بێت و شوێنی حەوانەوەی نەبێت.

 بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی كەدەست هاوڵاتی كەوتووە، لەهەرێمی كوردستاندا لەكۆی چوار خانەی بەساڵاچووان لەشارەكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان 152 بەساڵاچوو دەمێننەوە كە لەهەولێر 44 پیاوو 24 ژن، سلێمانی 18 پیاوو شەش ژن، دهۆك 26 پیاو و 22 ژن، گەرمیان نۆ پیاوو سێ ژن و ئەم ژمارانە بەردەوام لەگۆڕانكاریدان.

بەشێك لەخانە بەساڵاچووەكانی هەرێمی كوردستان كێشەی نەبوونی بودجەی پێویست و كەمی كارمەندیان هەیەو خێرخوازان مانگانە بەبڕە پارەیەك هاوكاری خانەكان دەكەن.

ژیار جەلال بەڕێوبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو بەساڵاچووانەی لەخانەی بەساڵاچووانی سلێمانیدا دەژین سەرجەمیان بێ كەسوكارنین، زۆربەیان كەسوكاریان هەیەو هەشیانە كەسوكاریان دیار نیە یاخود نەهاتوون بەدەمیانەوە».

هەروەها وتیشی:» بەشێكی بەساڵاچووان لەباخچەی خانەكەدا دادەنیشن یان كاتەكانیان بەسەیری تیڤی و یاری دۆمینەوە بەسەردەبەن و بەشێكیشیان مۆڵەت وەردەگرن و دەچنە بازاڕ یان سەردانی كەسوكاریان دەكەن».

بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی لەسەر پرسی خزمەتگوزاری خانەكە باسی لەوەكرد  كەخزمەتگوزاری تەندروستی چەند كاروبارێكی سادەی ڕۆژانە لەرێگەی بنكە تەندروستیەكانەوە ئەنجامدەدرێت و  بۆ نەشتەرگەری گەورە دەبێت داوا لەخێرخواز یان نەخۆشخانەكان بكرێت بۆ ئەوەی بەبێ بەرامبەر یان بەنرخێكی كەمتر ئەنجامبدرێت و بۆ دەرمانەكانیشیان پێویستە بەڕێوەبەرایەتی دابینی بكات یان داوا لەخێرخوازان بكرێت خەرجیی دەرمان دابین بكەن.

«هاتنی كەیسی نەگونحاوی وەك نەخۆشی دەروونی و عەقڵی، یان نەگونجانی تەمەنی بەساڵاچووەكە و هەروەها كەمی كارمەندی چاودێر و كارگوزار بۆ خزمەتكردنی بەساڵاچووەكە چەند گیروگرفتێكن لەخانەكەماندا هەیە». ژیار جەلال وای وت.

 بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: «بەشێكی خەرجی خانە بەساڵاچووەكان حكومەت دابینی دەكات، بەڵام سێ مانگ جارێك پارە وەرەدەگرن كە ئەویش لەكاتی خۆیدا نادرێت، هەروەها بڕێك پارەی خێرخوازیان هەیە كەمانگانە وەریدەگرن و خەرجی خانەكەی پێ دابین دەكەین».

بەپێی شەریعەتی ئیسلام، واجبە لەسەر كوڕو كچ  یان كەسوكار دایك یان باوك  یان مام و خاڵ و پور و داپیرەو باپیرە یان هەر كەسوكاری بێت بەخێویان بكەن و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەن، ئەوەش وەك پاداشتی خوای گەورە دادەنرێت، سەرباری ئەوەی رێژەی 95% خەڵكی هەرێمی كوردستان مسوڵمانن، بەڵام بەشێكی كەم لە كوڕان و كچان دوای هاوسەرگیریان ئامادەنین دایك و باوكیان لەخۆبگرن و خۆیان دەیانبەن بۆ خانەی بەساڵاچوان، ئەوەش بەكارێكی نامرۆڤانە دادەنرێت لەئاستی كۆمەڵایەتی و ئاینیدا.

محەمەد زۆراب یەكێكە لەو بەساڵاچوانەی لەگەڵ هاوسەرەكەی تازە لەخانەی بەساڵاچوانی سلێمانی وەرگیراون، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»من كەسوكارم هەیە هەم برا و هەم خوشكەزا، هاوسەرەكەشم بە هەمانشێوە».

وتیشی:»بەڵام نە براكانم و نە خوشكەزاكانم نەیانگرتوومەتە خۆ هەرچەندە موڵكێكی زۆرم بۆ بەجێمابوو و پارەی موڵكەكانیشیان لەدەست دەركردم، ئێستاش ئامادەنین بەخێومان بكەن و خۆشمان منداڵمان نییە».

وەك ئەو بەساڵاچووە دەڵێت:»هەرچەندە خانووشم هەیە، بەڵام بەهۆی باری تەندروستی خۆم و هاوسەرەكەم ناتوانین كاروباری ڕۆژانەمان ئەنجام بدەین و بەناچاری ڕوومان لەخانەی بەساڵاچوان كردووە».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار