شایان کاکە ساڵح کاندیدى گۆڕان: ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌ده‌م به‌ڕێگریکردن له‌ده‌رمانى ساخته‌و دانانى بیمه‌ى ته‌ندروستى

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

کاندیدێکى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ په‌رله‌مانى کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌رتى ته‌ندروستى له‌هه‌رێمى کوردستاندا «خراپه‌«و پێویستى به‌ده‌رکردن و هه‌موارکردنه‌وه‌ى چه‌ند یاسایه‌ک هه‌یه‌، ئاماژە بەوەشدەکات کە ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌دات به‌ڕێگریکردن له‌هاورده‌کردنى ده‌رمانى ساخته‌و دانانى بیمه‌ى ته‌ندروستى بۆ هاوڵاتیان.

شایان کاکە ساڵح پزیشکى نه‌خۆشیه‌کانى شێرپه‌نجه‌یه‌و له‌نه‌خۆشخانه‌ى نانه‌که‌لى له‌هه‌ولێر ده‌وامى کردووه‌و له‌به‌هارى ئه‌مساڵدا به‌شدارى خۆپیشاندانه‌کانى فه‌رمانبه‌رانى کرد بۆ لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه‌.

شایان کاکە ساڵح، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی، جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ ده‌بێت ده‌رمانى پێویست له‌نه‌خۆشخانه‌کاندا هه‌بێت تا نه‌خۆش ناجار نه‌کرێت له‌ده‌ره‌وه‌ بیکڕێت و ببێته‌ بارگرانى ئابوورى له‌سه‌ر شانیان.

‌هاوڵاتی: چۆن بڕیارتدا ببیته‌ کاندید بۆ په‌رله‌مانى کوردستان؟

شایان کاکە ساڵح: راسته‌ پسپۆرى پزیشکیم و له‌نه‌خۆشخانه‌ى نانه‌که‌لى تایبه‌ت به‌شێرپه‌نجه‌ ده‌وامم کردووه‌،  به‌ڵام  دژایه‌تیم کرا به‌هۆى به‌شداریکردن له‌خۆپیشاندانه‌کان، ته‌نانه‌ت ناتوانم عیاده‌ش دابنێم و موچه‌شیان که‌مکردمه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو بومه‌ په‌رله‌مانتار به‌رنامه‌ى ئه‌وه‌م هه‌یه‌ که‌گۆڕانکارى زۆر له‌که‌رتى ته‌ندروستیدا بکه‌م، ئه‌وله‌ویه‌تى کارم رێگه‌گرتن ده‌بێت له‌ هێنانى ده‌رمانى به‌سه‌رچوو ساخته‌و کوالێتى خراپ که‌ له‌هه‌رێمى کوردستاندا بوونى هه‌یه‌ له‌گەڵ دانانى بیمه‌ى ته‌ندروستى.

هه‌روه‌ها سندوقى شێرپه‌نجه‌ که‌زۆر به‌نادادپه‌روه‌رى خه‌رج ده‌کرێت و دابه‌شده‌کرێت ئه‌وه‌ به‌شێکى گرنگى به‌رنامه‌که‌مه‌و چونکه‌ داهاتى سندوقى شێرپه‌نجه‌ وه‌ک پێویست خه‌رجناکرێت بۆ نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌.

‌هاوڵاتی: نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌ به‌شێکیان ده‌چن له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى هیواو نانه‌که‌لى ده‌رمان ده‌کڕن، چى بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌نه‌خۆش ده‌رمانى پێویستى له‌به‌رده‌ستدا بێت؟

شایان کاکە ساڵح: به‌ڵگه‌م له‌به‌رده‌ستدایه‌ که‌خێرخواز  پاره‌ى لاى من داناوه‌ بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى توشى شێرپه‌نجه‌ بوون بۆ ئه‌وه‌ى هاوکارى بکرێن له‌ڕووى مادییه‌وه‌ تا ده‌رمانه‌که‌ى پێ بکڕێت، چونکه‌ ده‌زانم زۆربه‌ى زۆرى نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌ تواناى کڕینى ده‌رمانیان نییه‌و توشى قه‌رزو بارگرانییه‌کى زۆرى دارایى ده‌بن، بۆیه‌ پێویسته‌ هاوکارییه‌کى گه‌وره‌ى نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌ بکرێت.

ده‌رمان هه‌یه‌ له ‌100 دۆلاروه‌ تا یه‌ک ده‌فته‌ر دۆلاره‌ ئه‌مانه‌ به‌نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌ ناکڕدرێت که‌پاره‌یه‌کى زۆرى پێبدات، ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌و ده‌رمانانه‌ى که‌ گرانیشن ده‌رمانى باش نین که‌ باتوانێت چاره‌سه‌رى نه‌خۆشه‌که‌ بکات، تەر‌کیز ده‌که‌ینه‌سه‌ر ئه‌و ده‌رمانانه‌ى که‌ستانداردن و نه‌خۆش مه‌جبور به‌ کڕینى نه‌کرێت و له‌ نه‌خۆشخانه‌ حکومیه‌کاندا بوونى هه‌بێت.

‌هاوڵاتی: بۆچى هاوڵاتیان ده‌رمانیش به‌کارده‌هێنن ته‌ندروستیان باش نابێت، ئایا تاچه‌ند په‌یوه‌ندى به‌کوالێتى جۆرى ده‌رمانه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌؟

شایان کاکە ساڵح: پرۆژه‌ له‌په‌رله‌مانى کوردستاندا ئاماده‌ ده‌که‌م ده‌بێت ئه‌و کۆپانیایانه‌ى ده‌رمان ده‌هێننه‌ هه‌رێمى کوردستاندا ناسراو بن له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا و کوالێتیه‌که‌یان به‌رز بێت تا نه‌خۆش ئه‌و ده‌رمانه‌ى به‌کاریده‌هێنێت بتوانێت چاره‌سه‌ری بکات نه‌ک توشى نه‌خۆشى و کێشه‌ى ترى بکات.

‌هاوڵاتی: له‌هه‌موو وڵاتێکدا کۆمپانیاى نیشتمانى ده‌رمان بوونى هه‌یه‌و له‌هه‌رێمى کوردستاندا بونى نیه‌، تاچه‌ند ئیشى له‌سه‌ر ده‌که‌ن بۆ پێکهێنانى؟

شایان کاکە ساڵح: له‌هه‌رێمى کوردستاندا جۆره‌ها کۆمپانیاى ده‌رمان هه‌یه‌ پێویست به‌و هه‌موو کۆمپانیاى ده‌رمانه‌ ناکات، ده‌بێت ته‌نها رێگه‌ به‌و کۆمپانیایانه‌ بدرێت که‌باشترین ده‌رمان و کوالێتى به‌رزیان هه‌یه‌ بهێندرێته‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئیشى ده‌وێت.

کۆمپانیاى ساخته‌ى ده‌رمان ته‌ندەر پێشکه‌ش ده‌کات له‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌نرخى هه‌رزان ده‌رمان ده‌هێنێت و بۆى ده‌رده‌چێت، به‌ڵام کوالێتى ده‌رمانه‌کانى زۆر زۆر خراپن ده‌یده‌نه‌ نه‌خۆش هه‌موو له‌شى توشى ئازار ده‌بێت له‌جیاتى چاره‌سه‌رکردنى، ئه‌مانه‌ ئیشى زۆرى ده‌وێت تا کارى له‌سه‌ر بکه‌ین له‌په‌رله‌ماندا بۆ ئه‌وه‌ى به‌ته‌واوى رێگرى له‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ بکرێت.

‌هاوڵاتی: له‌هه‌رێمى کوردستاندا نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلی و حکومى بونى هه‌یه‌؟

شایان کاکە ساڵح: پزیشکێک ئه‌گه‌ر ده‌وامى حکومى هه‌بوو له‌نه‌خۆشخانه‌که‌ى نابێت ئێواره‌که‌ى عیاده‌ى هه‌بێت به‌ڵکو هه‌ر له‌نه‌خۆشخانه‌ى حکومى بمێنێته‌وه‌و موچه‌‌یه‌کى باشى بۆ ببڕدرێته‌وه‌ که‌مه‌جبور نه‌بێت عیاده‌ بکاته‌وه‌.

ئه‌وه‌شى له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى ده‌وام ده‌کات له‌نه‌خۆشخانه‌ى حکومیدا نه‌بێت و رێکبخرێته‌وه‌، واته‌ ده‌توانرێت پزیشکه‌کان هه‌موو تاقه‌که‌ى یا له‌که‌رتى حکومى یا ئه‌هلى خه‌رج بکات، نه‌خۆشخانه‌ حکومیه‌کان ده‌بێت له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ گرنگى واى پێبدرێت که‌ده‌رمانه‌کان بونى هه‌بێت و نه‌خۆش نه‌چێت له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى حکومى بیکڕێت، بۆ نمونه‌ نه‌خۆش له‌نه‌خۆشخانه‌ى حکومى که‌ده‌رمانى بۆ ده‌نوسرێت له‌سێ جۆر ده‌رمان یه‌کێکى پێده‌درێت و ئه‌وى ترى له‌ده‌رمانخانه‌ى ئه‌هلى ده‌کڕێت، ئه‌مه‌ نابێت بمێنێت و مه‌عقول نیه‌ به‌رده‌وام بێت.

‌هاوڵاتی: رێژه‌ى پزیشکمان زۆر که‌مه‌و به‌شێکى به‌ره‌و ئه‌وروپا رۆیشتن، چ ئیشێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌ن که‌پزیشک هانبدرێت له‌هه‌رێم خزمه‌ت بکات؟

شایان کاکە ساڵح: جیاکردنه‌وه‌ى که‌رتى حکومى و ئه‌هلى یه‌کێکه‌ له‌و رێگایانه‌،  ئه‌گه‌ر پزیشک له‌نه‌خۆشخانه‌ حکومیه‌کان موچه‌ى باشى پێبدرێت ئاماده‌ نیه‌ هه‌رێمى کوردستان به‌جێبهێڵێت، هه‌موو که‌س حه‌زى له‌وڵاته‌که‌ى خۆیه‌تى به‌دڵسۆزى بۆ ئه‌وه‌ى خزمه‌تى نه‌خۆش بکات له‌وڵاته‌که‌ى خۆى.

‌هاوڵاتی: هه‌موو که‌سێک بیمه‌ى ته‌ندروستى هه‌یه‌، کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن  به‌سیستمێکى رێکخراو هه‌موو که‌سێک هه‌یبێت؟

شایان کاکە ساڵح: نه‌خۆشخانه‌کانى ژێردەستی پارتى و یه‌کێتى نایانه‌وێت نه‌خۆشخانه‌کان بکه‌نه‌ فەرمانگەی تەندروستی، مه‌فروزه‌ بیمه‌ى ته‌ندروسى هه‌بێت ده‌کرێت کۆمه‌ڵێک درکتۆر هه‌ن پێیان ده‌ڵێن پزیشکى خێزانى، ئه‌وه‌ ده‌بێت ئیشى له‌سه‌ربکرێت ئه‌و پزیشکه‌ سه‌رپه‌رشتى بکه‌ن و ئه‌وکاته‌ ئیحاله‌ بکرێت بۆ لاى پزیشکى تر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار