نزیكەی هەشت هەزار موەلیدەی ئەهلی كورتهێنانی كارەبا پڕدەكاتەوە
وەزارەتی كارەبا دڵنیایی دەدات هاوینی ئەمساڵ كارەبا باشتر دەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
مەسرور بارزانی دەڵێت پارەی موەلیدەی ئەهلی بدەنە حكومەتی هەرێم و كارەبا دەكەنە 24 كاتژمێر، لەكاتێكدا لەپارێزگای دهۆك و هەولێر حەوت هەزار موەلیدە و لەناوەندی سلێمانی و هەڵەبجەش زیاتر لە 700 موەلیدە بوونی هەیە كە ژەهر بڵاودەكەنەوە لەهەوادا.
مەلا بەختیار، ئەندامی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشتر رایگەیاندبوو ئەگەر حكومەتی هەرێم 2008 كارەبای نەكردە 24 كاتژمێر دەستلەكاربكێشنەوە، ئەوە 15 ساڵ بەسەر ئەو وتانەدا تێپەڕ بوون و چەندین كەسی دیكەش ئەو قسانەیان كردووە و كارەبا نەكراوە 24 كاتژمێر، لەوەرزی زستان 10 بۆ 12 كاتژمێر دەدرێتە هاوڵاتیان.
هەفتەی ڕابردوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:» ئەگەر ئەو پارەیەی هاوڵاتیان دەیدەنە موەلیدەی ئەهلی بیدەنە حكومەت كارەبای نیشتیمانی زۆر باش دەبێت». ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم لەساڵی 1991 ەوە نەیتوانیوە 24 كاتژمێر كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكات، لەكاتێكدا ملیۆنان دۆلار لەپێوەری زیرەك وكەرتی كارەبادا خەرج كراوە.
وتەبێژ و بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی وەزارەتی كارەبای هەرێم ئەوە بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات ئێستا كارەبا لەدۆخێكی باشدایە و ڕۆژانە بەتێكڕا 22 كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان، لەكاتێكدا لیژنەی موەلیدە ئەهلیەكانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێن زیاتر لەسێ كاتژمێر كارەبایان داوە.
لەهەرێمی كوردستان هەزاران موەلیدەی ئەهلی لەگەڕەك و كۆڵانەكاندا دانراون و ئەوانیش كارەبا دەدەنە هاوڵاتیان و كورتهێنانی كارەبای نیشتمانی پێ پڕدەكرێتەوە.
ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دەتوانین دڵنیایی بدەین كە هاوینی ئەمساڵ كارەبای نیشتیمانی لەهاوینی ساڵی ڕابردوو باشتر دەبێت، هەروەك چۆن بەهاری ئەمساڵ لەبەهاری رابردوو بەجیاوازی دوو كاتژمێر كارەبا زیاتربوو، لەئێستادا نزیكەی ٢٢ كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان و لەهەندیك ناوچەش زیاترە».
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەشكرد كە زیاتر لە ترلیۆنێك و ٣٠٠ ملیار دینار قەرزیان لای هاوبەشەكانیانەو پێیوابوو ئەگەر بێت و بگەڕێنەوە بەدڵنیایەوە كاری گەورەی پێدەكرێت و دەتوانرێت ئەو پلان و پڕۆژانەی وەستاون لەڕووی بەرهەم و گواستنەوە و دابەشكردنەوە جێبەجێبكرێن و دۆخەكە بەرەو ئەوە دەبەن كەرتی كارەبا باشتر بكەن تا دەگاتە ٢٤ كاتژمێر.
لەچوار پارێزگای هەرێم زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی بوونیان هەیە و سێجۆر پێدانی كارەبای موەلیدەی ئەهلی بوونی هەیە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم: هاوڵاتیان زیاتر لە تریلیۆنێک و ٣٠٠ ملیار دینار قەرزاری کارەبان و ئەگەر بۆمان بگەڕێتەوە ئەو پارەیە دەتوانین کارەبا بکەینە ٢٤ کاتژمێر
قارەمان مەولود، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لە سنوری پارێزگای هەولێر دوو هەزار موەلیدە هەیە كە مۆڵەتیان هەیە، مانگی ڕابردوو ڕۆژانە چوار بۆ پێنج كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان دراوە».
لەسلێمانیش بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلیەكان مانگی ڕابردوو سێ كاتژمێر كارەبا دراوە
تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لە سلێمانیدا ٥٤٦ موەلیدەی ئەهلی هەیە كە لەتاسڵوجەوە تا قەرەتۆغان دەگرێتەوە، نرخی پارەی مانگانەش لەسەر بنەمای نرخی گازو كاتژمێرەكانی كاركردن دیاریدەكرێت».
وتیشی: «لەئێستادا موەلیدەكان كەمتر كار دەكەن، چونكە كارەبای نیشتیمانی باشە، مانگی ڕابردوو بەشێوەیەكی گشتی سێ كاتژمێرێك كارەبا دراوە، ئەمەش لە گەڕەكێكەوە بۆ گەڕەكێكی تر دەگۆڕێت».
لەپارێزگای هەڵەبجە زیاتر لەنیوەی موەلیدە ئەهلیەكان مۆڵەتیان نییە، پێشەوا حەیدەر، سەرپەرشتیاری گشتی موەلیدە ئەهلییەكانی هەڵەبجە ئەوەی خستەروو ٤٣ موەلیدەی ئەهلی هەیە و لەو ژمارەیەش ٢٠یان مۆڵەتی فەرمیان هەیە، بەڵام ٢٣یان مۆڵەتی فەرمیان هێشتا نوێنەكردووەتەوە و شارەوانی بۆیان نوێناكەنەوە، چونكە كێشەیان لەگەڵ شارەوانیدا هەیەو زێدەڕۆییان كردووەتە سەر موڵكی شارەوانی.
وتیشی: « لەوەرزی زستاندا زۆرترین ماوە كارەبای موەلیدە هەبووە لەپارێزگای هەڵەبجەدا كەنزیكەی ٣٦٠ كاتژمێر بووە لەماوەی مانگێكدا چونكە كارەبای نیشتیمانی نزیكەی چوار كاتژمێر هەبووە».
هاوكات هەكار هروری، وتەبێژی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەسنوری پارێزگای دهۆك نزیكەی پێنج هەزار موەلیدەی ئەهلی هەیەو لەسەنتەری شاریشدا نزیكەی هەزارو ٥٠٠ موەلیدە هەیە، لەئێستادا ڕۆژانە سێ كاتژمێر كارەبا دەدەنە هاوڵاتیان».
وتیشی: « مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ زۆرترین بڕە پارە بۆ ئەمپێرێك كارەبای موەلیدە لەهاوڵاتیان سەندرا ئەویش بڕی ٢٤ هەزار دینار بوو، كە لەنەوەدەكانەوە تائێستا گرانترین بڕە پارەی موەلیدە بووە لەدهۆكدا كە لەهاوڵاتیان سەندرابێت».
سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە موەلیدە ئەهلیەكان هۆكارێكن بۆ پیسبوونی ژینگە و ژەهر بڵاودەكەنەوە
ملكۆ بازیانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «یەكێك لەهۆكاری سەرەكی پیسبوونی هەوا ئەم موەلیدە ئەهلیانەن كە ئێستا لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەقەزاو ناحییەكانەوە چەند كاتژمێرێك كاردەكەن و دوكەڵ و ژەهر دەكەنە هەواوە».
سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان وتیشی:» ژینگە لەسێ ڕەگەزی سەرەكی پێكدێت، یەكێك لەڕەگەزە سەرەكییەكانیش هەوایە، هەوای ئەم وڵاتەی ئێمەش بەبۆنەی ئەم موەلیدە ئەهلیانەوە بەرەو پیسبوون دەڕوات».
سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان ئەوە دووپات دەکاتەوە کە مووەلیدە ئەهلییەکان هۆکارێکن بۆ پیسبونی ژینگەو ژەهر بڵاودەکەنەوە
«بەشێك لەموەلیدەكانیش لەناو باخچەو پاركەكاندا دانراون كە هۆكارێكی دیكەی پیسبوونی ژینگەو كەمكردنەوەی ڕێژەی سەوزاییە، هەروەها دەنگی موەلیدەكانیش هۆكارێكی دیكەی پیسبوونی ژینگەیەو بەژاوەژاو هەژماردەكرێت، كەكاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە دەبێت» ملكۆ بازیانی وا دەڵێت.