سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان: ئێران رووبەڕووی پیربوونی خێرا دەبێتەوە

لەساڵی 2050 رێژەی 30% کۆمەلگەی ئێران دەچێتە قۆناغی پیری

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەمانگی پێنجی ئەمساڵدا بۆ زیاتر لە 85 ملیۆن کەس زیادیکرد بەڵام ئەوە لەجیاتی ببێتە مایە دڵخۆشیی بووەتە جێگەی مەترسیی، چونکە گەشەی ئەو کۆمەڵگەیە بەردەوامە لە کەمکردن و بەوتەی شارەزایانیش کۆمەڵگە بەرەو نوقمبوون لەپیریدا هەنگاو دەنێت.

محەمەد تەباتەبایی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران رایگەیاند؛ گەشەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە 3.9% لەساڵی 1986 بۆ 0.6% لەساڵی 2021 دابەزیوەو خواستی وەچەخستنەوە لەناو خێزانەکاندا کەمبووەتەوە.

بەوتەی تەباتەبایی، ژمارەی ئێستای دانیشتوانی وڵاتەکەی  زیاترە لە 85 ملیۆن کەسە و ئەگەر وەچەخستنەوەو گەشەی ژمارەی دانیشتوان لەڕێژەی ئێستادا بمێنێتەوە ئەوا کۆمەڵگەی وڵاتەکە رووبەڕووی پیربوونی خێرا دەبێتەوە.

لەئامارەکاندا دەرکەوتووە رێژەی گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەسەرجەم وڵاتانی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا کەمترەو لە 20 ساڵی داهاتوودا گەشەی وڵاتەکە بۆ ژێر سفر دادەبەزێت کەمەترسیدارە.

بەپێی پیشبینییەکانی جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان؛ لەساڵی 2050 رێژەی 30% کۆمەلگەی ئێران دەچێتە قۆناغی پیری و بەساڵاچوونەوەو لەهەرسێ دانیشتوی وڵاتەکە، کەسێک بەساڵاچوو دەبێت.

لەتووێژینەوەدا دەرکەوتووە زۆربەی خێزانەکانی دانیشتوی ئێران بەهۆی دڵنیانەبوون لەداهاتووی منداڵەکانیان لەدۆخی ناسەقامگیری ئابورییدا خواستی وەچەخستنەوەیان نییەو هاوکات ژمارەی کەمتری منداڵ بەگونجاوتر دەزانن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار