ئێران موشەکی کیشوەربڕ نمایش دەکات
موشەکی فەتاح توانای بڕینی زیاتر لە پێنج هەزار کیلۆمەتری هەیە
موشەکی بالیستی کیشوەربڕی فەتاح
یەک ساڵ لەمەوپێش
ئێران بۆ یەکەمجار دروستکردنی موشەکی کیشوەربڕ رادەگەیەنێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیی هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران موشەکی بالیستی کیشوەربڕ بە ناوی (فەتاح) نمایش کرا.
میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بەوە کردوە کە فەتاح توانای هەیە پێنج هێندەی خێرایی دەنگ بە دوریی پێنج هەزار و 500 کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و ئەو جۆرە لە موشەکانە بە مەبەستی هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیی بەکاردەهێنرێن.
ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران رایگەیاندوە؛ ئەو موشەکە بالیستییە دەبێتە هۆی ئەوەی کڕیارانی چەک رو لە ئێران بکەن و چیتر بۆ دابینکردنی ئەو جۆرە لە موشەکانە پەنا بۆ ئەمریکا نەبرێت.
بە وتەی حاجیزادە ئێران بە دروستکردنی موشەکی بالیستی (Hypersonic speed) فەتاح بوەتە شەشەم وڵاتی جیهان کە دوای ئەمریکا،روسیا، چین، هندستان و کۆریای باکور بوەتە خاوەنی ئەو جۆرە موشەکەی سەروی دەنگەوە.
ساڵی رابردو حاجیزادە لە کاتی نمایشی موشەکێکی دیکەی بالیستی کە توانای بڕینی دوو هەزار کیلۆمەتری هەبو، وتی وەک رێز لە ئەوروپا موشەکی کیشوەربڕمان دروست نەکردوە و هیوادارن ئەو وڵاتانە رێز لە خۆیان بگرن .