قوباد تاڵەبانی: كاركردن لەپڕۆژەكانی سنووری سلێمانی دەستپێدەكاتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
قوباد تاڵەبانی لەچەند رۆژی رابردوودا سەردانی پارێزگای هەڵەبجەو دوێنێ سێشەممەش چووەتە ئیدارەی گەرمیان بۆ دەستپێكردنەوەی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی كە ئەولەویەتن لای هاووڵاتیان و جێگیری سەرۆكی حكومەت فەرمانی كردووە دەست بەجێبەجێكردنی بكرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوای چەندین گلەیی و ناڕەزایەتی یەكە ئیدارییەكان و بەشێك لەكۆمپانیاكان بووە كە رۆژانەو هەفتانە بەشێكیان دەبینێت و بەڵێنی داوە بەچڕی لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین پڕۆژەكان دەستپێبكرێتەوە.
قوباد تاڵەبانی، بڕیارە سەردانی ئیدارەی راپەڕین و چەندین قەزای دیكە بكات كە داواكارییەكانیان گەیاندووەتە نوسینگەكەی بۆ چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری كەداواكاری یەكە ئیدارییەكان و هاووڵاتیانی ناوچە جیاوازەكانە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەتیمی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم دەستی كەوتووە، ئەوەی خستەڕوو كە سەدان پڕۆژە كە بەهۆی قەیرانی دارایی لە 2014و دواتر راگیراون یان بەشێكیان تەواو نەكراون بەپێی ئەولەویەت و گرنگی بۆ هاووڵاتیان دەستپێدەكاتەوە، بەتایبەت كەهەرێمی كوردستان شایستە داراییەكانی لەبەغدادەوە بۆ دێت و بەشێك لەو بودجەیە بۆ پڕۆژەكان دابین دەكرێت.
هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرمایەداران و كۆمپانیاو بەڵێندەرانی خۆماڵی گفتوگۆ دەكات بۆ ئەوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەستپێبكرێتەوە.
هاوكات ئەوەشی روونكردەوە جێگیری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران» رژدە» لەسەر ئەوەی كەچیتر نابێت پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین جێبەجێكردنی پڕۆژەی تێدا دوابخرێت.
هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی سودانی لەسەر بنەمای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 رێككەوتن و بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوو بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەرێمی كوردستان پشكی 12.67% بۆ دیاریكراوەو مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دیناری كاشی پێدەگات، بێجگە داهاتی نانەوتی كەمانگانە زیاترە لە 200 ملیار دینار.