ئەمریكاو ئێران بە»نهێنی»رێككەوتنیان كردووە

ئیسرائیل؛ ئەمریكا لەبەر ئازادكردنی سێ ئەمریكی بیست ملیار دۆلاری بلۆككراوی تاران ئازاد دەكات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئێران و ئەمریكا لە گەرمەی بانگەشەی دژ بەیەكدا دانوستانی ناڕاستەوخۆیان دەست پێكردووە و ئیسرائیلیش دەڵێت پابەندنی هیچ رێككەوتنێكی نێوان ئەو دوو وڵاتە نابێت و واشنتۆنیش ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە رێككەوتن نییەو لێكتێگەیشتنە.

سەرەڕای ئەوەی كۆشكی سپی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەمریكا رەتی كردوەتەوە هیچ دانوستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات بە مەبەستی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ، بەڵام دەركەوتوە بەرپرسانی ئەمریكا و و ئێران لە دەوحە و نیویۆرك و مەسقەت دانوستانیان كردووە.

ئیسرائیل رایگەیاندوە رێككەوتنەكەی نێوان تاران و واشنتۆن دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران بەرنامەی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی پێش بخات و سەدان ملیۆن دۆلاری دەستكەوێت و ببێتە هەڕەشەیەكی ئاشكرا بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە.

ئیسرائیل و رۆژنامەیەكی ئەمریكا ئاشكرایان كردووە ئازادكردنی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری ئێران لە عێراق و چاوپۆشیی واشنتۆن لە بەرزبونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەشێك بووە لە رێككەوتنەكە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە كە» واشنتۆن هەوڵ دەدات ئێران رازی بكات موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە روسیا نەفرۆشێت بە ئامانجی بەكارهێنانی لە جەنگی ئۆكرانیا و بە گەشتی بڕیارە زیاتر لە بیست ملیار دۆلاری ئێران ئازاد بكرێت هەر لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كە ئەمریكا بە لێكتێگەیشتن ناوی هێناوە».

 

ئەمریكا و ئێران لە بانگەشەی جەنگەوە بۆ رێككەوتنی ژێربەژێر

ئەگەرچی بۆ یەكەمجار ئیسرائیل دانوستانە نهێنییەكانی نێوان بەرپرسانی كۆشكی سپی و تاران ئاشكرا كرد، بەڵام رۆژنامەی (نیۆیۆرك تایمز) زانیارییەكانی ئەو دانوستانانەی بڵاو كردوەتەوە و نوسیویەتی:»  بە پێی ئەو دانوستانانە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێ بڕیارە 20 ملیار دۆلار لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد بكرێت و لە بەرامبەریشدا سێ هاوڵاتی ئەمریكی-ئێرانی لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە ئازاد بكرێن.

هەر بە پێی ئەو زانیارییانە ئەمریكا ئامادەیی دەربڕیووە سزاكانی ئێران قورستر نەكات لە بەرامبەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی 60% لە وێستگە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە و هاوكات بڕێكی زیاتر لە نەوتەكەی هەناردەی دەرەوە بكات كە ئاماژەكانی ئەو رێككەوتنەش دەركەوتوە و ئێران لە مانگی رابردوودا فرۆشی نەوتی رۆژانەی گەیاندوەتەوە یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل.

نیۆیۆرك تایمز ئاشكرای كردووە كە بەرپرسانی ئەمریكا چالاككردنەوە رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 كە ساڵی 2018 لێی كشاونەتەوە رەتدەكەنەوە، چونكە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكە (كۆنگرێس) بە زۆرینە دژی زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكەن و ئیدارەی ئیستای جۆ بایدن، ناتوانێت ئەو رێككەوتنە راستەخۆ چالاك كاتەوە.

ئەگەرچی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوە و جۆن كیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا ئەنجامدانی رێككەوتنیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران رەتكردوەتەوە، بەڵام لە نوێترین لێدوانیاندا دانیان بەوەدا ناوە كە واشنتۆن بە بەردەوامی كەناڵی گفتوگۆكردنی لەگەڵ تاران بە كراوەیی هێشتوەتەوە و دیپلۆماسی بە باشترین رێگای چارەسەری كێشەكان ناو هێناوە.

ئەمریكا لە رێگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی داوای لە ئێران كردووە هەنگاو بنێت بۆ كەمتركردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا.

بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە دەوحەو نیۆرک و مەسقەت دانوستانیان کردووە

 لە كاتێكدا فەرماندەكانی سوپای ئەمریكا و بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازیی رایانگەیاندوە ژمارەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو سوپایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی 50% زیاد دەكرێن و بۆمبی تایبەت بە سەنگەرشكێن بەكاردەهێنرێت و بۆمبی 113 كیلۆیی لە فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری (وارتاگ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەسترێت كە بە ئامانجی تێكشكاندانی سەنگەر و وێرانكاریی حەشارگەكان و بڕینی ئەو شوێنانەیە كە لە ژێر زەویی بە مەبەستی سەربازیی دروست كراون.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رۆژی یەكشەممە (8/4/2023) یەكێك لە ژێردەریاییەكانی وڵاتەكەی بە ئامانجی بەرەنگاربونەوەی هێرشەكانی ئێران لە سوریا رەوانەی كەنداو كردوە و بۆ یەكەمجاریش بووە كە جوڵەی ئەو ژێردەریاییەی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا كرد.

بە وتەی تیم هاوكینز، وتەبێژی یەكەی پێنجەمی هێزە دەریاوانییەكانی سوپای ئەمریكا ژێردەریایی (یو ئێس ئێس فلۆریدا) رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە كە هەڵگری 154 موشەكی جۆری (تۆماهۆك)ە و ئامانجەكانی بە وردی دەپێكێت و لە ئەگەری رودانی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەرێگەی ئەو ژێردەریاییەوە كاردانەوەی دەبێت.

بەگشتی ئێران و ئەمریكا لە دوو مانگی رابردوودا زۆرترین بانگەشەی سەربازییان دژی یەكتر كردوە، بەڵام وەك ئیسرائیل ئاشكرای كردوە لە لایەك بانگەشەی جەنگ بوە و لە لایەكی دیكە دانوستانی ژێربەژێر لە دوو وڵاتی عەرەبی عومان و قەتەر و لە نیویۆرك-ی ئەمریكا لە نێوان بەرپرسانی ئەو وڵاتە و ئێران بەڕێوەچووە.

 

ئەمریكا هەوڵی دابڕانی ئێران لەروسیا دەدات

بە وتەی جۆن كیربی مۆسكۆ و تاران سەرقاڵی بەرفراوانكردنی ئاستی هاوكارییە سەربازییەكانیانن و ئێران لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا 400 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری (خۆكوژ)ی رادەستی روسیا كردەوە و سوپای پاسداران بە رێگریی و دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان و نەوتهەڵگرەكان لە گەروی هورمز بووەتە هۆی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی كەنداو.

بە پێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردوەتەوە ئامانجی سەرەكی ئێستای كۆشكی سپی لە دانوستانەكان راگرتنی هاوكاریی سەربازیی نێوان ئێران و روسیایە و هاوكات بە دەركەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لە هەڵبژادنەكانی داهاتوی وڵاتەكە نایەوێت واشنتۆن روبەڕوی قەیران یان پێكدادانی توند لەگەڵ ئێران ببێتەوە.

ئەمریکا چاوپۆشی لە زیادکردنی فرۆشتنی نەوتی ئێران دەکات و لە ئێستادا ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە دەکات 

ئیسرائیل بە هیچ رێككەوتنێكی ئەمریكاو ئێران رازی نییە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند؛ واشنتۆن هەوڵی رێككەوتنێكی بچوك لەگەڵ تاران دەدات و بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا ژمارەیەك هاوڵاتیی ئەمریكی كە لە ئێران زیندانیی كراون ، ئازاد بكرێن.

هەروەها ئەوەی خستتەڕوو كە 90%ی مەترسییە ئەمنییەكانی سەر ئیسرائیل لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێران و چەكدارە هاوپەیمانەكانیەتی لە ناوچەكەدا بۆیە تەلئەبیب پابەندی هیچ رێككەوتنێكی واشنتۆن و تاران نابێت.

وتەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كاتێكدایە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا و ئێران كردووە.

پێشتر رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی چاپی ئیسرائیل بڵاوی كردبوەوە كە ئەمریكا سەرقاڵی رێككەوتنی ژێربەژێرە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران پێدەچێت پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60% كەمتر بكرێتەوە و ژمارەیەك هاوڵاتی ئەمریكی-ئێرانی ئازاد بكرێن.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار