یاسای پاشناو چییە؟
سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری لە دژی گەلانی دیکەی تورکیا
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یاسای پاشناو: یەکەم هەنگاوی بە تورککردن گەلان لە رێگەی یاسای پاشناوەوە کە دوای دامەزراندنی کۆماریپەسەند کرا، سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری لە دژی گەلانی دیکەی تورکیا پەیڕەوکرا.
یاسای پاشناو یەک لە کۆدەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکە، لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٣٤ پەسەند کرا، ٢ی تەمووزی ١٩٣٤ لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە و ٢ی کانونی دووەمی ١٩٣٥ کەوتەبواری جێبەجێ کردنەوە.
بە گوێرەی یاساکە هەموو ئەو کەسانەی لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتی تورکدا دەژیان پاشناویان هەبێت. کاتێک یاساکە دەرچوو رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە بڵاویان کردەوە، 'چیتر کەس بە جیاوازی چینایەتی پێناسە ناکرێت، هەمووان دەتوانن پاشناوی دڵخوازی خۆیان هەبێت" بەڵام لە راستیدا بەو جۆرە نەبوو.
دەوڵەتی تورک هەموو پێناسەکانی کوردان و گەلانی دیکەی لەناو دەبرد، لە رێگەی پاشناوەوە دەیبەستنەوە بە تورکبوونەوە. خۆی لە خۆیدا ئەو پاشناوانەشی لەسەر کوردان داندران هەر بە گوێرەی ئەو بیرۆکەیە دیاریکرابوون. تەنیا یەک کوردیش نەیتوانی پاشناوێک بە دڵی خۆی هەڵبژێرێت. بەهۆی ئەوەی لەیاساکەدا هاتبوو کە ئەو پاشناوانەی کەسەکان هەڵیدەبژێرن بە تورکیەکی پەتی بێت، هیچ کوردێک نەیدەتوانی بە زمانی خۆی پاشناوێک هەڵبژێرێت. بە پێچەوانەوە ئەو پاشناوەی کە دەوڵەت دیاریکردبوو لەسەر کوردەکان داندرا. نەک هەر ئەوە کاتێک دەوڵەت پاشناوی بۆ کوردەکان دانا ئەوانی لە سەرژمێریدا لە سەر تورکەکان هەژمار کرد، رۆژی لەدایکبوونیشیانی بە گوێرەی ویستی خۆی دیاریکرد.
هەوڵدان بۆ سڕینەوەی رابردووی کوردان بە گۆڕینی پاشناو بەڵکوو بە رۆژی لەدایکبوون درێژەی پێدرا. دوای ئەوەی یاسای پاشناو کەوتەبواری جێبەجێ کردنەوە رۆژی لەدایکبوونی هەموو کوردەکان لە رەگەزنامەی تورکدا وەک یەکی کانونی دوەم دیاریکرا.
لە گۆڕینی کۆمەڵگاوە بەرەو گۆڕینی پێکهاتە نەتەوەییەکان کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی کە لە پرۆسەی رووخانی عوسمانیدا بەهێزبوو و بەرامبەر بە عوسمانی وەستایەوە، وەک یەکەم کار دەستی بە گۆڕینی کۆمەڵگا کرد. بۆ ئەوەی گەلانی جیاجیا و گروپە ئایینەکانی ناو عوسمانی بکات بە تورک هەوڵەکانی خستەگەڕ و گەورەترین هێرشەکانیشی بەو ئاراستەیەدا کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان بوو لە ساڵی ١٩١٥. لەدوای ١٩١٥ەوە تا دروستبوونی کۆمار، کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی بۆ دەرکردنی ئەرمەن و رومانەکان لە خاکی خۆیان و جێگیرکردنی کەسانی دڵخوازی خۆیان لە سەر خاکی ئەوان چەندین هێرش و کۆمەڵکوژی دیکەی ئەنجامدا.
گۆرینی کۆمەڵگا لەسەر دەستی ئیتحاد و تەرەقی لەدوای دامەزراندنی کۆمار گۆڕدرا بۆ گۆرینی نەتەوەیی. یەک لە سەرکێشەکانی ئیتحاد و تەرەقی بە ناوی د.نازم لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە ئامانجەکانیان وتی، "بۆچی ئەم شۆڕشەمان کرد؟ ئامانجی ئێمە چی بوو؟ بۆ ئەوەی سوڵتان حەمید و هاوڕێکانی لە شوێنەکانیان لاببەین و لە شوێنی ئەوان دابنیشین؟ پێموانەبێت وابێت. بۆ ژیاندنەوەی تورکیا لەگەڵ ئەوان بوومە هاوڕێ و برا. من دەمەوێت کە تورک، تەنیا تورکبوون لێرە باڵادەست بێت. جگە لە تورک باهەموو پێکهاتەکانی دیکە لەناو بچن. لە چ ئایین و ئایینزایەک دەبن با ببن دەبێت ئەم خاکە لە کەسانی ناتورک پاکبکڕێتەوە. ئایین بەلای منەوە بەهای نییە. ئایینمان نییە. ئەگەر سڕینەوە و پاکتاوێک، لەناوبردنێکی تەواوەتی نەکرێت، بەداخەوەم بۆخۆمان! ئێمە ناتوانین لەو شوێنەی ئەمڕۆ تیایداین، دابنیشین. سبەینێ دوامان دەکەون و دەرمان دەکەن، نەک هەر دەرمان دەکەن، دەمانکوژن. شۆڕش بەزەیی نییە. دەبێت بەربەستەکانی بەردەم ئامانجەکەمان هەڵبگرین".
کادرەکانی کۆمار کە هەوڵەکانی گۆرینی کۆمەڵگای ئیتحاد و تەرەقییان هەنگاوێک بەرەو پێش برد، دەستیان بە گۆرینی هەمەلایەنەی پێکهاتە نەتەوەییەکان کرد. ئەو قۆناغەش بە هێرش و کۆمەڵکوژی لە دژی کورد و گەلانی دیکە دەستیپێکرد. لەلایەکەوە هێرشی سەربازی ئەنجامدرا، لەلایەکی دیکەشەوە بە یاساکانی وەک یاسای پاشناو ، هەوڵیاندا گەلان بتوێننەوە. سەرژمێری و یاسای پاشناو لە تورکیا لەگەڵ ئەوەی یاسای پاشناو کەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە کوردەکان بۆ ماوەیەکی زۆر پاشناویان بۆ خۆیان دانەنا، بۆیەش بە بێ ئەوەی بچنە فەرمانگەکانی دەوڵەت درێژەیان بە ژیانی خۆیاندا. بەڵام دەوڵەتی تورک سەدان کارمەندی ئەرکدارکرد و رەوانەی ناوچەی کوردستانی کرد، هەم دەستی بە دانانی پاشناو لە سەر کوردان کرد و هەمیش ژمارەی دانیشتوانی کوردی بۆ دەرکەوت.
ئامانجی ئەو کارمەندانە ئەوەنەبوو کە ئەو پاشناوانە تۆمار بکەن کە کوردەکان دەیانەوێت یاخود بۆ ئەوە نەبوو کە گوێ لە دەردەدڵەکانیان بگرن، ئامانجیان ئەوەبوو کە کوردەکان تۆمار بکەن و رێگە و شێوازی لەو جۆرە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی وەک کۆیلەی تورکەکانیان لێبکەن. بەو جۆرەش بوو. ئەو کارمەندانەی چوونە کوردستان کاری یەکەمیان گەڕان بە گوندەکان، تۆمارکردنی کوردەکان، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی رابردوویان بوو. رۆژی لەدایکبوونی کوردەکانیان کردە رۆژێکی وەک بۆ نمونەی ٠١.٠١.١٩١٩ بەم جۆرەش ئەوانیان لە رابردووی خۆیان دابڕی.
دووەم کاریشیان ئەوەبوو کە پاشناو بدەن بە کوردەکان و بە تەواوتی بیانخەنە ناسنامەی تورکبوونەوە. کاتێک ئەوەیان کرد بە گوێرەی تێگەیشتنی نەتەوەپەرستیان کرد کە وەزیری دادی ئەو کات محەمەد ئەسەد بۆزکورت بەم جۆرە پێناسەی کردبوو: "لە تورکیا نەژادەکانی جگە لە تورک تەنیا یەک مافیان هەیە. ئەوەش مافی کۆیلایەتیە بۆ تورکەکان".
پاشناوی تورکییان لە سەر کوردەکان دانا: تورکەکول، تورکئۆغڵو و.. کوردەکان هەرگیز بە گوێرەی دڵی خۆیان پاشناویان بۆ خۆیان هەڵنەبژارد. نەک هەر پاشناو هەروەها نەیانتوانی ناوێک بە زمانی خۆیان بۆ خۆیان هەڵبژێرن. لە رێگەی یاسای پاشناوەوە لە دژی کورد سیاسەتی قەدەغەش دەستیپێکرد.
لە تورکیا مرۆڤەکان بە گوێرەی خواستی خۆیان پاشناویان هەڵبژارد، بەڵام لە کوردستان کارمەندەکانی دەوڵەت بە گوێرەی لیستی بەردەمیان بە بێ ئەوەی پرسیار لەگەل بکەن راستەوخۆ پاشناویان بۆ دانان. ئەو کۆمارەی لەسەر لەناوبردن و سڕینەوەی رابردوو کوردان سیستمی دامەزران، گرنگترین هەنگاوی خۆی بەم جۆرە هەڵگرت. ئەو پاشناوانەی کە کوردەکان بچوک بکاتەوە، سوکایەتیان پێبکات، هەندێک جاریش بۆ ئەوەی وا نیشانی بدات کە تورکن، لەسەر ئەوان داندران.
نمونەی بەشێک لەو پاشناوانەی ئەو کاتە لەسەر کوردەکان دانران بەم جۆرەی: "تورک، ئۆزتورک، تورکمان، ئۆغڵتورک، ئۆگزتورک، تورکۆغز، تورکئۆغڵو، کانتورک، کانتورک، شەنتورک، تورکۆز، تورکسۆی، تورکۆس، تورکیلماز، کۆرکمازتورک، ئۆلمەزتورک، تورکۆلمەز، ئۆز." تورکسلان، ئەسلانتورک، دۆغانتورک، تورکدۆغان، تورکێلی، تورکیری، یگیتورک، تورکۆغز ، داغتورک، تومتورک، گۆکتورک، سۆیتورک، پاکتورک، گۆچتورک، سۆیلو، ئاکسۆی، پاکسۆی، تورکسۆی، ئاکمانسۆی، ئاکارسۆی، ئولوسۆی، یوجەسۆی، یڵمازسۆی، کۆرکمازسۆی، تورکمەنسۆی، تەکینسۆی، چەتینسۆی، مێتینسۆی، ئاتاسۆی ، ئەسلانسۆی، گۆکسۆی، گورسۆی، دەرمانسۆی، تیموچین، گۆکەر، ئۆغوز، سۆیدەمیر، تۆیدەمیر، تەمیزسۆی، سۆیپاک، تەکینسۆی، شەتینسۆی، تەمورتاش، ئیلدان، ئیلدەنیز، گۆکدەنیز، گۆکالپ، تورانی، تورهان، ئەفشار، ئاڤشارۆغلو، یوکسێل، یڵماز، کۆرماز ئۆزکان، ئۆرهون، سۆیدان، سۆلماز، ئۆزجان، ئاتیلا، هون، مێتین، تەکین، چەتین، تامێرلان و هتد".
سەرچاوە: فورات