مەی ساختە؛ لەئێران مەرگی لێدەكەوێتەوە
بەكارهێنانی مەی لەئێران لەو وڵاتانە زیاترە كەقەدەغەی خواردنەوە كحولییەكانیان نییە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران كە بە وڵاتێكی ئیسلامی ئەژمار دەكرێت رێژەی بەكارهێنانی مەی و خواردنەوە كحولییەكان لەو وڵاتانە زیاترە كە خواردنەوە كحولییەكان كە تێیاندا قەدەغە نەكراوە.
گومرگی ئێران ئاشكرای كردووە زۆربەی براندە بیانییەكانی مەی و خواردنەوە كحولییەكان لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێشەوە بۆ شارەكانی ئێران دەنێردرێن.
لە ئامارەكانی گومرگی ئێراندا ئاماژە بەوە كراوە ساڵانە لانیكەم بە بەهای یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار مەی و خواردنەوە كحولییەكان بە قاچاخ هاوردەی ئەو وڵاتە دەكرێت كە بەشی هەرەزۆری لە هەرێمی كوردستانەوەیە.
دەركەوتووە بەهۆی یاسا توندەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ قەدەغەكردنی خواردنەوە كحولییەكان نزیكەی نیوەی ئەو خواردنەوانەی لە وڵاتەكەدا بەكاردەهێنرێن لە ناوخۆ دروست دەكرێن كە زۆربەی بە شێوەی ساختە و ماددەی كحولی پیشەسازیی یان مێتانۆڵ تێیاندا بەكاردەهێنرێت كە دەبێتە هۆی ژەهراویبون و مەرگ و نابینابونی ئەو كەسانەی كە ئەو جۆرە خواردنەوە ساختانە دەخۆنەوە.
خواردنەوەی كحولی ساختە قوربانیی زۆری لێكەوتوەتەوە و لە ئێستادا كە بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار زۆر دابەزیوە ئەو كەسانەی مەی دەخۆنەوە پەنا بۆ خواردنەوە دەستكردەكانی ناوخۆی ئێران دەبەن بەوەش ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە چونكە بە پێی ئامارەكان نزیكەی 700 بۆ هەزار كەس بەو خواردنەوانە گیانیان لەدەست دەدەن.
ئێران مێژویی زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ دروستكردنی مەی هەیە
مێژوی دروستكردنی خواردنەوە كحولییەكان لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار و 500 ساڵ پێش ئێستا و بەوەش دوای چین بە مێژوی نۆ هەزار ساڵ، دووەم وڵات بوە لە دروستكردنی خواردنەوە كحولییەكان.
هومایون نەجەف ئابادی، ئەندامی دەستەی تەندروستی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ بەكارهێنانی خواردنەوە كحولییەكان سەرەڕای قەدەغەبونیان لە ئێران زیادی كردوە و دەبێت حكومەت یاسای نوێی بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو خواردنەوانە دەربكات چونكە بەهۆی قەدەغەكردنی هاوردە یان دروستكردنی خواردنەوە كحولییەكان ساختەكاریی و مەی ژەهراویی لە وڵاتەكەدا زۆر بوە.
بە وتەی نەجەف ئابادی، خواردنەوەی مەی و بەكارهێنانی خواردنەوە كحولییەكان سەرەڕای قەدەغە و ئەو سزایانەی كە هەیەتی بەڵام لە ناو ئێراندا خواستی زۆری لەسەرە و لە هەندێك حاڵەتیشدا بڕی بەكارهێنانی مەی لە ئێران لەو وڵاتانە زیاترە كە هیچ قەدەغەیەكیان بۆ مەی و خواردنەوە كحولییەكان نییە.
بە پێی هەندێك ئامار لە ئێران هەر كەسێكی سەروی تەمەن 15 ساڵ لە ماوەی یەك ساڵدا لانیكەم 25 لیتر ماددەی كحول بۆ خواردنەوە بەكاردەهێنێت لە كاتێكدا لە راپۆرتی ساڵی 2018ی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە كراوە 96%ی دانیشتوانی ئێران مەی و خواردنەوە كحولییەكانیان بەكارنەهێناوە.
ئەنیستیوتی پێوانەیی تەندروستی لە ئێران ساڵی 2019 بڵاوی كردوەتەوە ساڵانە نزیكەی سێ هەزار كەس لەو وڵاتە بەهۆی بەكارهێنانی مەی و خواردنەوە كحولییەكان مردوون كە ئەوەش راپۆرتی ساڵی 2018ی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بەدرۆ دەخاتەوە.
بە گشتی ساڵانە بە بەهای نزیكەی یەك ملیار و 800 ملیۆن دۆلار مەی و خواردنەوە كحولییەكان لە ئێران بەكاردەهێنرێت و دەخورێتەوە كە ئەوەش دژبەیەكبونێكی رون و ئاشكرایە بۆ وڵاتێك كە یاساكانەی دەسەڵاتەكەی لە چوارچێوەی ئیسلام (شیعە)دا بێت.
گومرگی ئێران: ساڵانە لانیکەم بەبەهای یەک ملیارو ١٠٠ ملیۆن دۆلار مەی و خواردنەوە کحولییەکان بە قاچاخ هاوردەی ئەو وڵاتە دەکرێت
یاساكانی كۆماری ئیسلامی خواردنەوە كحولییەكانی پێ كۆنتڕۆڵ ناكرێت
لە سێ ماددەی (701) و (704) و (22) یاساكانی كۆماری ئیسلامی هاوردەكردن، دروستكردن و بەكارهێنانی خواردنەوە كحولییەكان بە تاوان لەقەڵەم دراوە كە سزای زیندانیی و ماددی دەیان گرێتەوە.
لەو یاسایانەدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەر كەسێك بازرگانیی بە خواردنەوە كحولییەكان بكات یان بەكاریان بهێنێت و كۆگایان بكات سزای 74 تازیانە و پێنج هێندەی قەبارەی ئەو خواردنەوانەی كە دەستیان بەسەردا دەگیرێت سزای ماددی دەدرێت بۆ نمونە ئەگەر بە بەهای هەزار دۆلار لە خواردنەوە كحولییەكان بە كەسێكەوە بگیرێت ئەوا جگە لە 74 تازیانەكە بە بەهای پێنج هەزار دۆلار سزا(غەرامە) و زیندانی دەكرێت.
ئەگەر بەهای هەر بارێكی مەی و خواردنەوە كحولییەكان لە 10 ملیۆن تمەن (200) دۆلار زیاتر بێت ئەوا سزای شەش مانگ بۆ دوو ساڵ زیندانی هەیە و ئەگەر بەهاكەی 100 ملیۆن تمەن بێت لە دوو ساڵەوە تا پێنج ساڵ زیندانی بەسەر خاوەنەكەیدا دەسەپێنرێت.
بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی لە یاساكانی سزای تایبەت بە خواردنەوە كحولییەكان لە ئێران كراوە هەموو ئەو كەسانەی زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە دەتوانن بە رادەستكردنی سزای ماددی و لە بەرامبەر پێدانی پێنج بۆ حەوت هێندەی پارەی ئەو بڕە لە خواردنەوە كحولیانەی كە دەستیان بەسەردا گیراوە سزای زیندانییەكەیان بكڕنەوە، بەڵام ئەگەر خواردنەوە و بازرگانیكردن بە مەی چەند بارە ببێتەوە دادگاكانی كۆماری ئیسلامی دەتوانن بڕیاری لە سێدارەدانی ئەو كەسانە بدەن.
سەرەڕای ئەو سزا قورسانە بازگانیی بە خواردنەوە كحولییەكان لە ئێران بە بەردەوامیی زیادی كردوە و ژمارەیەك لە رۆژنامە و میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویان كردوەتەوە لە ئێستا خانو و بینای گەشتیاریی بە خواردنەوە كحولییەكانەوە بە كرێ دەدرێت.
لە ساڵی ڕابردودا لانیکەم ٦٤٤ کەس بەهۆی ژەهراویبوون بە خواردنەوە کحولییەکان یان مەی ساختە گیانیان لەدەستداوە، بەبەراورد بە ٢٠٢١ بە ڕێژەی ٪٣٠ بەرز بووەتەوە و زۆربەشیان بەهۆی ماددەی میتانۆڵەوە بووە
مەی ساختە مەرگ لە جیاتی سەرخۆشی
پزیشكی دادی ئێران ئاشكرای كردوە تەنها لە ساڵی رابردودا لانیكەم 644 كەس بەهۆی ژەهراویبون بە خواردنەوە كحولییەكان یان مەی ساختە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی قوربانییانی خواردنەوە كحولییەكان لەچاو ساڵانی رابردودا 30% بەرز بوەتەوە و زۆربەشیان بەهۆی ماددەی مێتانۆڵەوە بووە.
تەنها لە یەك هەفتەدا نزیكەی 400كەس لە چەند شارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە مەی ساختە ژەهراویبون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 17 كەسیان گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكیشیان نابینا بون.
بەرپرسانی تەندروستیی ئێران هۆشداراییان داوە لە بەكارهێنانی ماددەی مێتانۆڵ لە زۆربەی خواردنەوە كحولییە دەستكردەكانی ناوخۆی وڵاتەكە و ژەهراویبون بەو ماددەیان بە هۆكاری سەرەكیی بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییانی خواردنەوەی مەی لەقەڵەم داوە.
سەرۆكی زانكۆی پزیشكی پارێزگای ئەلبورز رایگەیاندوە؛ لە دوو رۆژدا 95 كەس بەهۆی خواردنەوە كحولیی ساختەوە رەوانەی نەخۆشخانەكانی شاری كەرەج و پارێزگاكە كراون كە 40 كەسیان چارەسەریی شۆردنەوەی گورچیلە و گەدەیان بۆ كراوە.
بە پێی زانیارییەكانی شەرق خواردنەوەی كحولی ساختە لە ناوچەی ئیسلام ئاباد و حەسارەك لە شاری كەرەجی ناوەندی پارێزگای ئەلبورز بوەتە هۆی مەرگی 14 كەس و 88 كەسیش رەوانەی نەخۆشخانە كراون كە دۆخی تەندروستیی ژمارەیەكیان ناجێگیرە.
پۆلیسی پارێزگای كەرەج رایگەیاند؛ دوای ژەهراویبون بە مەی ساختە چوار كەسی بە تۆمەتی دروستكردنی مەی و خواردنەوەی كحولیی ساختە دەستگیركردوە.