دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد لە ئێران چڕ بۆتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسی زیاتر بووەو لەم پەیوەندەدا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی شارە جیاوازەکان قۆڵبەستکراون.
لەم پەیوەندەدا (م.ن) چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی نیشتەجێی یەكێک لە شارەکان ئەڵێت:" گوشار بۆ سەر چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خوێندکاری تا دێت زیاتر ئەبێت و هۆکارەکەش بەوەیە دەسەڵات دەیهەوێت بەر بە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بگرێت لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دا. "
ئەم چالاکە لە وتەکانیدا جەخت لە سەر ئەوە ئەکاتەوە:" شۆڕشی ژینا سەرەڕای هەموو گوشارەکان، سەرەڕای هەموو چەشنە سەرکوتکارییەکان هەر درێژەی هەیە و خەریکی گۆڕینی فۆڕمی خۆیەتی و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نەزۆر دووردا دەستپێدەکاتەوە. "
لە پەیوەند لەگەڵ قۆڵبەستکردن و زیندانی کردنی چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی شارەکان، بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکانی "هەنگاو" ، "هرانا" ، "ئاسۆی رۆژ" ، "کوردپا" لە چەن رۆژی رابردوودا دەیان هاوڵاتی کورد لە شارە جیاوازەکان قۆڵبەست کراون بەشی زۆریان هۆکاری قۆڵبەستکردنیان دیار نیە و بنەماڵەکەیان لێیان بێ ئاگان.
سەقز
لە چەن رۆژی رابردوودا زۆرترین ژمارەی قۆڵبەستکردن و رەش بگیری لە شاری سەقز روویداوە. (ر.م) چالاکی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی شاری سەقز، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆر کەسە لە شاری سەقز دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی شۆڕشی ژینا لە شاری سەقزەوە دەستی پێکردوەو رژیم زۆرترین مەترسی لەم شارە هەیە.
قۆڵبەستکردنی ٤ کەس نادیاربوونی چارەنووسیان
رۆژی ١٨ی جوون٤ کەس لە شاری سەقز بە ناوەکانی ، "ئەفخەم مورادیان" ، "ئازاد مورادیان"، "کامیاب ئەسڵی" و "شاهۆ ساڵەحی" قۆڵبەست کران و گوێزرانەوە بۆ گرتووخانەی شاری سنە و تا ئێستە بیانووی گرتنیان روون نەبۆتەوەو بنەماڵەکەشیان نەیانتوانیوە پەیوەندییان پێوە بکەن.
دەستگیرکردنی کاوە حیجازی
بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "هەنگاو" کاوە حیجازی تەمەن ٣٨ ساڵ، رۆژی ٢٠ی جوون لە ماڵەکەی خۆی بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی قۆڵبەستکرا و لەو کاتەوە تا ئێستە بنەماڵەکەی لێی بێ ئاگان و چارەنووسی نادیارە.
دەستگیرکردنی شەهلا چووپانی
رۆژی ٢٧ی جوون (٦ی پووشپەڕ) شەهلا چووپانی تەمەن ٣٥ ساڵ و کچی محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی قەوخ بە بێ هیچ بەڵگەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکرا. بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کوردپا، ئەم ژنە چالاکە کۆمەڵایەتییە گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی سنە و تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی بە بنەماڵەکەی رانەگەیەنراوە.
دەستبەسەرکردنی سامان پاشایی
رۆژی ١ی جوولای ، سامان پاشایی مامۆستای زانکۆ و خاوەنی مەدالیای زیوی زۆرانبازی لاوانی دونیا، لە رێگای گەڕانەوەی لە سنەوە بۆ سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و گوێزرایەوە بۆ زیندانی سنە.
سالار پاشایی برای ناوبراو کە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە لەم پەیوەندەدا بە هاوڵاتی راگەیاند :" تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی سامان بۆ ئێمە وەک بنەماڵە روون نەبۆتەوە، هیچکام لە ئەندامانی بنەماڵە نەیانتوانیوە پەیوەندی پێوە بکەن و نەیتوانیوە پەیوەندی بە بنەماڵەوە بکات."
هەر لەم پەیوەندەدا سالار پاشایی بە هاوڵاتی وت :" وەک بنەماڵە نیگەرانی باری تەندروستی سامانین. سامان باری تەندروستی ناجێگیرە و پێویستە دەستی بە دەرمانەکانی بگات، بەڵام بنەماڵە نەمانتوانیوە دەرمانەکانی بگەیەنینە دەستی و نازانین لە کام بنکە دەستبەسەرە".
جێگەی ئاماژەیە لە مانگەکانی یەکەمی دەستپێکی شۆڕشی ژینادا، لەیلا پاشایی، خوشکی سامان ماوەیەک دەستبەسەر بوو، پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
نادیاری چارەنووسی هادی مەحموودی و ئاکۆ حەمیدی
هادی مەحموودی و ئاکۆ حەمیدی ، لە کۆتاییەکانی مانگی جوونی ئەمساڵەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە. ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ لەم پەیوەندەدا باس لەوە دەکات تا ئێستە بنەماڵەکەیان نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەستبەسەر بوونیان وەربگرن و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش ئامادە نین وەڵامیان بدەنەوە.
بێ ئاگایی لە چارەنووسی ئەیووب جەوانپوور
رۆژی ٧ی جولای ماڵپەڕی هەنگاو، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد ئەیووب جەوانپوور، چالاکی سیاسی و مەدەنی شاری سەقز، کە نزیک بە ١ مانگە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.
ئەیووب جەوانپوور رۆژی ١٠ی جوون، لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکراو و تا ئێستە چارەنووسی نادیارە و نازانرێت لە کوێ دەستبەسەرە. جێگەی ئاماژەیە لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، ئەم هاوڵاتییە سەقزییە ماوەیەک دەستبەسەر و زیندانی بوو و بە کەفالەت ئازاد کرا.
زیندانی کردنی نازیلا مەعرووفیان
رۆژی شەممە ٨ی جوولای ، نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووس و چالاکی خوێندکاری و خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، دوای بانگکردنی لە لایەن دادسەرای زیندانی ئێڤین، دەستبەسەر کرا و زیندانی کرا.
ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردەی خەڵکی سەقز، بە هۆی ئەوەی لەگەڵ "ئەمجەد ئەمینی" باوکی " ژینا ئەمینی" وتووێژی کردبوو، تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی دەسەڵاتی خرایە پاڵ و رۆژی ٢٨ی جێنیڤەری ٢٠٢٣،پاش دادگایی کردنی لە لایەن دادوەر "ئەفشاری"ەوە سزای ٢ ساڵ زیندان و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەنی ئێرانی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە خاکی ئێرانی بەسەردا داسەپا.
جێگەی ئاماژەیە ماوەیەک لەوە پێش و لە مانگی جوونی ٢٠٢٣ دا ، نازیلا مەعرووفیان لە تویتەری خۆی رایگەیاند لەبەر ئەوەی باسی لە سووکایەتی و جنێوی سێکسی، هێزە ئەمنییەکان کردووە لە شوێنی کارەکەی دەرکراوە.
نازیلا مەعرووفیان رۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، بڵاوکردەوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وتووێژە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی " پڕووپاگەندە دژی دەسەڵات" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیڕوڕای گشتی" درایە پاڵ.
پیرانشار
سادق مەحموود نژاد دەستبەسەر کرا
رۆژی ٣ی جولای سادق مەحموود نژاد، خەڵکی شاری پیرانشار کە لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا ساچمە بەرچاوی کەوتبوو و بریندار ببوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ماڵپەڕی هەنگاو لەم بارەوە نووسیویەتی :"مەحموود نژاد چەن جار لە نەخۆشخانەکانی خومەینیی ئورمیە، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر نەشتەرگەری بۆ چاوی ئەنجامدراوە، بینایی چاوی چەپی بەنزیکەی ٢٠ لەسەد لاوازبووە."
دەستگیرکردنی موحسین عەزیزی
رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای، موحسین عەزیزی تەمەن ٢٥ ساڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە چارەنووسی نادیارە.
کوژرانی زیندانییەکی سیاسی لە ژێر ئەشکەنجەدا
رۆژی شەممە ٨ی جوولای ٢٠٢٣، لاوێکی کورد بە ناوی مووسا ئیسماعیلی خەڵکی گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لە گرتووخانەی ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستداوە.
بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، رۆژی شەممە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی ورمێ وە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەوە کراوە بێن و تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوەو لە هەمانکاتدا پێیان راگەیاندوون بۆیان نییە پرسەی بۆ دابنێن و پێویستە لە بێدەنگیدا بینێژن.
مووسا ئێسماعیلی ٣٥ ساڵ تەمەن، رۆژی ٧ی ئەیار لە رێگای چوون بۆ پیرانشار، دەستبەسەرکراو ماوەی زیاتر لە ٢ مانگ، بنەماڵەکەی سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان لێی بێخەبەر بوون و ناوبراو مافی گرتنی پارێزەری نەبووە.
شنۆ
دەستگیرکردنی دوو برا
بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی هەنگاو، رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی شوانە بابەکری خەڵکی گوندی "کانی رەش" سەر بە شاری شنۆ دەستگیرکرا. دوو رۆژ دواتر برای بچووکتری ئەم هاوڵاتییە بە ناوی شەفیع بابەکری لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و هەردوو براکە بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە.
دەستگیرکردنی٦ هاوڵاتی
رۆژی یەکشەممە ٩ی جوولای، پێنج کەس بە ناوەکانی ئارام شەعبان، خزر عەبدوڵڵاهی ئەمیرئاباد، فەخرەدین پوودات و عوسمان حەمزەزادە، عەبدولکەریم کاکول، سولەیمان گەڵوانی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکراون و بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە.
لەم پەیوەندەدا ماڵپەڕی کوردپا باسی لەوە کردووە کە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم ٦هاوڵاتییە روون نییە و نازانرێت بە چ هۆکارێک دەستگیرکراون.
نەغەدە
دەستگیرکردنی لاوێکی ١٨ ساڵە
رۆژی دووشەممە ٣ی جولای، ماردین چێودار، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی ناوچەی سندووسی سەر بە شاری نەغەدە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هەواڵنێری (هرانا) لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک بەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵەوە نووسیویەتی :" بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی رژاونەتە ماڵەوەو ماردینیان لەگەڵ خۆیان بردوە" ماڵپەڕی کوردپا لەم بارەوە باس لەوە دەکات کە دوای هەفتەیەک لە دەستبەسەر بوونی بنەماڵەکەی لێی بێخەبەرن و سەردانی هەرکام لە دامەزراوە ئەمنییەتییەکانیش ئەکەن وەڵامیان نادەنەوەو پێیان ئەڵێن کوڕەکەتان لە لای ئێمە نیە".
هەر لەم رۆژەدا ئاسۆ قەلەندەری تەمەن ٣٤ ساڵ لە شاری نەغەدە قۆڵبەستکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە.
دەستبەسەر کردنی فەرهاد ئیسماعیلی
رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای فەرهاد ئیسماعیلی خەڵکی نەغەدە و دانیشتووی شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە قۆڵبەستکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە.
ماڵپەڕی هەنگاو لەم بارەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ناوبراو بە رۆژی رووناک و لە شەقامێکی سەرەکی شارەکە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستگیر کراوە.
ئیلام
دەستگیرکردنی مناڵێکی ١٥ ساڵان
رۆژی ٢٨ی جوون، مناڵێکی ١٥ ساڵ تەمەن بە ناوی "ئەرەشک قەیسەربەیگی" خەڵکی سەرئاوڵەی سەر بە ئیلام، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کراوەو خراوەتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی دان بە کۆمەڵێک شتدا بنیت.
ماڵپەڕی هەنگاو لەم پەیوەندەدا نووسیویەتی :" ئەم مناڵە ١٥ ساڵ تەمەنە، پێشتر و لە گەرمەی ناڕەزاییەتییەکاندا دەستگیرکرابوو ".
بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی " ایران وایر" لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم ٧٠ مناڵی ژێر ١٨ ساڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانیان لە دەستدا و سەدان کەسیش دەستبەسەر کران".
عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی لەم پەیوەندەدا وتبووی :" ژمارەیەک لە لاوەکان بە هاندانی بەرنامەیەکی ئەنتەرنێتی دێنە سەر شەقامەکان کە دوای تەمبێ کردن دەدرێنەوە بە دەست بنەماڵەکانیان".
بابەک کەرەمی سزای ٩ ساڵ زیندانی بە سەردا داسەپا
رۆژی دووشەممە ٣ی جولای، بابەک کەرەمی تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیر کرابوو، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی وڵات"سزای پێنج ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردنی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بەسەردا سەپێندرا.
پاوە
مامۆستایەکی ئایینی لە شاری پاوە بانگ کرایە بەردەم دادگا
بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ، چەند رۆژ لەوە پێش مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی "هادی ئەحمەدی" خەڵکی شاری پاوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی بانگکراوەو دەبێ رۆژی ١٢ جولای لە دادگای کرماشان ئامادە بێت.
جێگەی ئاماژەیە هەر لەم پەیوەندەدا ژمارەیەک چالاکی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی "ورمێ"، "سنە" ، "مەریوان"، "دیواندەرە"، "بۆکان" دەستگیر کراون و تا ئێستە بە تەواوەتی ژمارەی دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دیار نییە. بەشی زۆری دەستگیرکراوان لە پەیوەند لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی پێشتری کوردستان و ئێران دەستگیر کراون و مەبەست لە دەستگیرکردنیان بەرگرتنە بە هەرچەشنە ناڕەزاییەتییەک لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دا.
جێگەی ئاماژەیە ژینا ئەمینی ، کچی ئەمجەد، رۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران بە بیانووی نەگونجاوبوونی حیجاب لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەر کراو بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە کەوتە کۆماوەو رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانەی "کەسرا" گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتییەکی گەورەی جەماوەری لێکەوتەوە. ژمارەی کوژراوانی ئەم خۆپیشاندانانە دیار نییە، بەڵام بە پێی هەندێ راپۆرتی نافەرمی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس کوژراون.
بۆ ئەم ڕاپۆرتە کەڵک لەم سەرچاوانە وەرگیراوە
- هەنگاو
- کوردپا
- ئاسۆی رۆژ
- هرانا
- ایران وایر