رووسیا پشت لە ئێران دەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی دووشەممە ١٠ی حەوت، شەش وڵاتی عەرەبی و رووسیا لە مۆسکۆ دەربارەی پرسی خاوەندارێتی سێ دوورگەی "تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبوومووسا" هەڵکەوتوو لە کەنداو کۆبوونەوە.

لە راگەیاندراوی کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا وڵاتانی کەندوا و رووسیا  جارێکیتر پشتیوانی خۆیان دەربڕی بەرامبەر هەوڵەکانی ئیمارات دەربڕی بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی کێشەی خاوەندارێتی ئەو سێ دوورگەیە یەکلایی بێتەوە و چارەسەر بکرێت.

بڵاوبوونەوەی ئەو راگەیاندراوە ناڕەزایەتی بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی ئێستا و پێشتری کۆماری ئیسلامی لێکەوتۆتەوە. زۆربەی بەرپرسان واژۆکردنی ئەو راگەیاندنە بە پشتتێکردنی رووسیا لە ئێران لێک ئەدەنەوە.

لەم پەیوەندەدا، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران،  رۆژی سێ شەممە ١١ی حەوت دژ بە رایگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی شۆرای هاوکاری کەنداو و رووسیا ، کە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو ڕایگەیاند :" ئەم دوورگانە تا هەتایە سەر بە ئێرانن  و بەشێکن لە ئێران و دەرکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە راگەیاندنانە لەگەڵ پەیوەندی دۆستانەی ئێران و دراوسێکاندا ناگونجێت".

لەم پەیوەندەدا ئەحمەد زەید ئابادی، رۆژنامەنووسی ئێرانی  لە تویتەری خۆی نووسیویەتی :" رووسەکانیش وەک چینییەکان لە پرسی تایبەت بە دوورگەکانی کەنداوی (فارس) لەگەڵ شۆرای هاوکاری کەنداو هاودەنگن و باس لە پێویستی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئیمارات ئەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە."

پێشتریش شی جین پینگ، سەرۆک کۆماری چین، راگەیاندنێکی هاوشێوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو واژۆ کردبوو کە ناڕەزایەتی بەشێک لە بەرپرسانی ئێستا و رابردووی ئێرانی لێکەوتەوە.

ئێران خاوەندارێتی ٣ دوورگەی "تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبوومووسا" بە مافی خۆی ئەزانێت و ئامادە نیە بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆ بکات لەو بارەیەوە. لە لایەکیترەوە ئیمارات ئەو سێ دوورگە عەرەب نشینە بە بەشێک لە خاکی خۆی ئەزانێت کە ئێران دەستی بەسەردا گرتووە.

ناسر کەنعانی  لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا دەربارەی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە ١٠ی حەوت لە مۆسکۆ دەڵیت :" کۆماری ئیسلامی وێڕای ئەوەی جەخت لەسەر بەردەوامی سیاسەتی هەڵکردن لەگەڵ دراوسێکانی دەکاتەوەو رێزگرتن لە یەکتر بە پێویست ئەزانیت، پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە بە ئەرکی هەموو وڵاتانی ناوچەکە ئەزانێت ".

بەشداری رووسیا لەو کۆبوونەوەیە و واژۆکردنی ئەو راگەیاندنە ناڕەزایەتی زۆر لە ناوخۆی ئێران لێکەوتۆتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی ئێران لایان وایە رووسیا بە هەمانشێوەی چین، لەم پرسە تایبەتەدا پشتی ئێرانی بەرداوەو چاوی بڕیوەتە سەرمایە سروشتی و دەوڵەمەندەکەی وڵاتانی کەنداو.

مەحموود سادقی، مامۆستای زانکۆی تاران و نوێنەری پێشتری خەڵکی تاران لە پەرلمانی ئێران لەم بارەوە  لە تویتەری خۆی نووسیویەتی :" بێشەرمی رووسیا لە واژۆکردنی راگەیاندنی هاوبەش لەگەڵ شۆرای هاوکاری کەنداوی فارس، دەربارەی سێ دوورگەکە، درێژەو هاوشێوەی هەمان هەنگاوی چینە و ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر پاراستنی خاکی ئێران".

مەحموود ئەحمەدینژاد سەرۆک کۆماری پێشتری ئێران لە تویتەری خۆی نووسیویەتی :" رووسیاش وەک چینییەکان پشتیان لە ئێران کردووە، سیاسەتی هەڵەی جۆری پەیوەندی یەکلایەنەی ١٠ ساڵی رابردوو لەگەڵ رووسیا و چین ئەنجامەکەی ئەمە ئەبێت کە ئەوان پشت لە ئێمە ئەکەن لە پێناو بەرژوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی".

حەمید ئەبووتالبی راوێژکاری حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری پێشتری ئێران لەم بارەوە لە تویتەری خۆی نووسیویەتی :" دوای ئەوەی ساڵی رابردوو چین لێدانێکی بە بڕستی لە دەسەڵاتی نەتەوەیی ئیران دا و پاداشی ئەو کارەشی بوو بەوەی نێوانگیری ئێران و عەرەبستانی کرد و پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەردوولا گەرەنتی کرد، چ چاوەڕوانییەک لە رووسیا هەیە کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە خیانەتی نەبەخشراو ئەکات دژ بە ئیران و  رووسیایەک کە بەشێکی گەورە لە خاكی ئێرانی دابڕیوە وەها شتێکی لێ چاوەڕوان ئەکرێت."

ئەبووتالبی لە تویتەکەی خۆیدا وێڕای ئاماژەکردن بە واژۆکردنی ئەم راگەیاندنە و راگەیاندنی هاوشێوەی لە لایەن چینەوە، باس لە مێژووی پڕ لە ململانێی نێوان ئێران و رووسیا دەکات و مەبەستی نووسەر لە خیانەتی ١٠٠ ساڵە و دابڕینی بەشێک لە خاکی ئێران، دوو پەیماننامەی "گولستان" و "تورکەمانچای"ە کە بە پێی ئەو دوو پەیماننامە بەشێکی زۆر لە خاکی ئێران دابڕا و گرێدرایەوە بە رووسیای تێزارییەوە.

راگەیاندنی هاوبەشی شەش وڵاتی عەرەبی و رووسیا، نیگەرانییەکانی ئێران و کۆماری ئیسلامی پەیوەند لەگەڵ خاوەندارێتی ئەم سێ دوورگەیە قووڵتر کردۆتەوەو لە هەمانکاتدا بووە بە هۆی قووڵتربوونەوەی کێشەکانی نێوان ئێران و ئیمارات.

هەر لەم پەیوەندەدا، بە پێی هەواڵی راگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێران، باڵیۆزی رووسیا لە تاران بانگکراوەتە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و نارەزایەتی ئێران بە راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتانی هاوکاری کەنداو و رووسیای دەربارەی سێ دوورگەکە پێ راگەیەندراوە.

ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ایسنا)، لەمبارەوە نووسیویەتی :" باڵیۆزی رووسیا لە تاران لە لایەن عەلیرەزا عینایەتی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێیران و بەرپرسی گشتی کەنداو بانگکراوەو پێی راگەیەندراوە:" سێ دوورگەی تونبی گەورەو تونبی بچووک و ئەبوومووسا، تا هەتایە بەشێکن لە خاکی ئێران و خوازیاری ئەوە بوون رووسیا هەڵوێستی خۆی لەو بارەوە بگۆڕدرێت."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار