گەشتیارانی هەرێمو عێراق؛ بوونەتە فریادڕەسی ئابووریی ئێران
ساڵی رابردوو گەشتیارانی بیانی لەئێران زیاتر لەشەش ملیار دۆلاریان خەرج كردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران بووەتە دەروازەیەكی گرنگ بۆ گەشتیارانی عێراق و هەرێمی كوردستان كە بەشێك لە گەشتیاران بۆ چارەسەری پزیشكی روو لەو وڵاتە دەكەن، هۆكارەكەشی بۆ خراپی كەرتی تەندروستی عێراق و هەرێم دەگەرێتەوە.
لە ساڵێكدا زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 هەزار كەس بۆ چارەسەری تەندروستیی دەچنە ئێران و لەو ژمارەیەش زۆربەیان خەڵكی عێراقین كە بووەتە هۆی ئەوەی داهاتی گەشتیاری وڵاتەكە بەرز بكەنەوە.
ماوەی چەند ساڵێكە هاوڵاتییانی عێراق و دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گەشت و چارەسەری تەندروستی بەشێوەیەكی بەرچاو سەردانی ئێران و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن و كرماشان بە سەرەكیترین شاری ئەو بەشە لە كوردستان ئەژمار دەكرێت كە زۆرترین خەڵك لە هەرێمەوە بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی روی تێدەكەن.
لە دوایین ئاماری ناوەندێكدا دەركەوتوە خەڵكی عێراق و هەرێم پشكی سەرەكییان بەردەكەوێت لە گەشت بۆ ئێران و زیاتر لە نیوەی گەشتیارانی وڵاتەكە پێكدەهێنن كە زیاتر لە یەك ملیار دۆلاریان بە داهاتەكەی زیاد كردووە.
ئامانجی بەشێكی بەرچاوی گەشتیارانی هەرێم و عێراق بۆ ئێران بە مەبەستی تەندروستی و جوانكاریی پزیشكی بووە لە كاتێكدا دانیشتوانی ناوخۆی ئێران گیرۆدەی كەمی دەرمان و بەرزی نرخی چارەسەری پزیشكی و تەنانەت جوانكارییەكانیشن.
زیاتر لە نیوەی گەشتیارانی ئێران هاووڵاتیانی عێراقن
ئەنجومەنی جیهانی گەشتیاری بڵاوی كردەوە؛ رێژەی سەردانی گەشتیاران بۆ ئێران لە ساڵی 2022 زیاتر لە 39% بەرز بووەتەوە و داهاتەكەشی نزیكەی یەك ملیار دۆلار بووە.
بە پێی ئامارەكانی ئەنجومەنەكە 55%ی سەرجەم ئەو كەسانەی گەشتییان بۆ ئێران كردوە لە عێراقەوە بوون و بەوەش لە ریزبەندنی یەكەم وڵاتدا بون كە زۆرترین خەڵك بە مەبەستی گەشت رویان لە ئێران كردووە.
ئەنجومەنەكە ژمارەی گەشتیارانی عێراقی بۆ ئێران بڵاو نەكردوەتەوە، بەڵام هاشم دەریاباری، سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێریی دەرمان و چارەسەریی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاندبوو؛ لە ساڵی 2022 یەك ملیۆن و 223 هەزار و 896 كەس بۆ چارەسەری تەندروستی روویان لە ناوەندە پزیشكی و نەخۆشخانەكانی ئێران كردووە.
ئەنجومەنی جیهانی گەشتیاری ئاماژەی بەوە كردوە؛ ساڵی رابردوو گەشتیارانی بیانی لە ئێران زیاتر لە شەش ملیار دۆلاریان خەرج كردوە كە 97.9%ی بە مەبەستی بەسەربردنی كات و گەشتیاریی بوە و 2.2%ی مەبەستی گەشتەكان بازرگانیی بووە.
دوای عێراق 12% گەشتیارانی ئێران خەڵكی توركیا و ئازەربایجان بون و هاوڵاتییانی پاكستان بە 5% و كوەیت بە 2% زۆرترین گەشتیاریان رویان لەو وڵاتە كردوە.
هەرزانی نرخ؛ نەخۆشەكان بەرەو ئێران دەبات
محەمەد حسێن نیكنام، راوێژكاری وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاندوە ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس لە وڵاتانی جیهانەوە سەردانی ئێران دەكەن بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی كە زۆربەیان لە وڵاتانی دراوسێن.
ئەنجومەنێكی گەشتیاریی ئاشكرای دەكات زۆرترین گەشتیار لە عێراقەوە سەردانی ئێرانی كردوە و رێژەی گەشتیش بۆ ئەو وڵاتە بەرز بوەتەوە.
بە وتەی راوێژكاری وەزیری تەندروستی ئێران بەهۆی كەمیی نرخەكان و ئاستی گونجاوی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پزیشكییەكان، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی وڵاتانی دراوسێ وەك گەشتی تەندروستیی روو لە ئێران دەكەن بۆیە پلان هەیە ئاسانكاریی بكرێت بۆ ئەوەی لانیكەم لە ساڵێكدا شەش ملیۆن كەس بە مەبەستی چارەسەریی تەندروستی ورو لە وڵاتەكە بكەن.
هەروەها دیاكۆ عەباسی، سەرۆكی ئەنجومەنی گەشتیاریی تەندروستیی رایگەیاند؛ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی كە پێش سەردەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رویان لە ئێران كردوە زۆر زیاتر بوە لە ئێستا و داهاتی ساڵانەشی یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بوە كە بۆ 700 ملیۆن تا 800 ملیۆن دۆلار كەمی كردووە.
عەباسی ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە زۆربەی ئەو كەسانەی بە مەبەستی تەندروستی روو لە ئێران دەكەن خەڵكی عێراق، ئەفغانستان و عومان بوون.
خەڵكی عێراق لە ریزبەندی دووەمی سەردانی نەخۆشخانەكانی ئێراندا
ژمارەی ئەو كەسانەی بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی و جوانكاریی پزیشكی دەچنە وڵاتی ئێران بەرزدەبێتەوە كە خەڵكی عێراق دووەم گەشتیاری بیانین كە بە مەبەستی چارەسەریی سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن.
هاشم دەریاباری، سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێریی دەرمان و چارەسەری وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند؛ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بە مەبەستی چارەسەریی و جوانكاریی پزیشكی رو لە وڵاتەكە دەكەن بەرز بوەتەوە و لە سێ مانگی ئەمساڵیشدا 247 ناوەندی تەندروستی تایبەت كراوە بە گەشتیاران.
بە پێی زانیارییەكانی ناوەندی چاودێریی دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی ئێران زۆربەی ئەو كەسانە بە مەبەستی چارەسەریی رویان لە وڵاتەكە كردوە تایبەت بون بە بوارەكانی ژنان و منداڵبون، نەشتەرگەرییەكانی چاو، جوانكاریی ، دڵ و دەمار، شێرپەنجە، چارەسەری سروشتی و نەشتەرگەریی گشتیی.
ئێران لە رووی سەردانی گەشتیاری تەندروستییەوە دەكەوێتە ریزبەندی 46-ەمین وڵاتی جیهان كە زۆرترین گەشتیار بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی و جوانكاری رووی تێدەكەن.
دەرمانی گەشتیاران و دەردی دانیشتوانی ئێران
بە پێی راپۆرتێكی ئەنجومەنی پسپۆڕانی پزیشكیی ئێران؛ هەرزانبونی دەرمان لە ئێران بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی وەك عێراق و پاكستان و ئەفغانستان وای كردوە ساڵانە 300 بۆ 400 ملیۆن دۆلار دەرمان كە 80%ی هاوردەی دەرمانە بۆ ئێران، بە قاچاخ رەوانەی وڵاتانی دراوسێ بكرێتەوە بۆیە دەبێت نرخی دەرمانەكان لە ناوخۆی وڵاتەكە بەرز بكرێتەوە تا هەناردەی ئەو وڵاتە نەكرێت.
لە راپۆرتەكەدا رون كراوەتەوە ئەو دەرمانانەی كە لە وڵاتانی جیهانەوە هاوردەی ئێران دەكرێن بە دۆلاری حكومی و هەرزان دەكڕدرێن و بە نرخی هەر دۆلارێك بۆ 50 هەزار تمەن رادەستی خەڵكی وڵاتەكە و گەشتیاران دەكرێت و هاوكات بەشێكیشی رەوانەی وڵاتانی دراوسێ دەكرێن كە بەهۆیەوە قەیرانی كەمی دەرمان رو دەدات و زیانمەندی سەرەكی ئەو حاڵەتەش دانیشتونی ئێران.
دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار وای كردووە زۆربەی نرخی دەرمان و چارەسەرە پزیشكییەكانی لە ئێران بەرز ببێتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی گرنگیدانی زیاتر بە گەشتیارانی تەندروستی كە لە دەرەوەی وڵاتەكە روو لە ناوەندە پزیشكی و تەندروستیەكان دەكەن.