بەرپرسێکی ڕۆژئاوا بۆ هاوڵاتی: "گەمارۆی دەرمانیشمان لەسەرە "
نوێنەری پەیەدە: بەشێکی زۆری هاوکاریە تەندروستیەکان لەسلێمانییەوە بۆمان ڕەوانە دەکرێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری پەیەدە لەهەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتی ئەوە ئاشکرادەکات، ئەو مەرجانەی لەلایەن ڕژێمی سوریاوە بەسەر نەتەوەیەکگرتوەکاندا سەپێندراوە هیچ لە شێوازی گەیشتنی هاوکاریەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ناگۆڕێت، چونکە هیچ ڕێکخراوێکی جیهانی بەڕەسمی مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوا ناکات، دەشڵێت مامەڵەکان لەڕێگەی ڕژێمی سوریایە و ئەویش زۆرجار هاوکارییەکان وەک کارتی فشار لەدژی ڕۆژئاوا بەکاردەهێنێت.
جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لەبارەی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەهاوڵاتی وت: زۆرترین هاوکاریەکان کە پێماندەگەن دەرمانن و ئەوانەش دەرمانی سەرەکیین وەک “ڤاکسین” کە” ناچارن” بەزوویی و بەمەرجی کەمتر پێمانی بدەن، ئەگینا زۆربەی پێداویستیەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکڕدرێت و دابین دەکرێت”.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو هاوکاریانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون دەرمانن و زۆربەیان لە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە هاتوون.
لە بەڵگەنامەیەکدا کە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش نێردراوە، نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە بەسام سەباغ، باڵیۆزی سوریا باسی لەوەکردووە کە حکومەتی سوریا ڕێگە بەدرێژکردنەوەی گەیشتنی هاوکاریە مرۆییەکان دەدات بۆ قوربانی و زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە لە سوریا لەڕێگەی دەروازەی باب-ئەلهەوا، ئەویش بە دوو مەرج، بەڵام ئەو مەرجانە بوونەتە هۆی نیگەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە.
وەک لە بەڵگەنامەکەی “OCHA “هاتووە: حکومەتی سوریا بەمەرجێک ڕێگە بە درێژکردنەوەی هاوکاریەکان دەدات کە لەژێر چاودێری و بەهاوکاری لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور و مانگی سوری عەرەبی لەناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا دابەش بکرێت، هەروەها جەختی لەوەش کردۆتەوە کە نەتەوەیەکگرتوەکان نابێت پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایانەندا هەبێت کە بە “تیرۆریست”دەستنیشان کراون.
لەگەڵ ئەوەشدا لەبارەی ئەو ناوچانەی کەزۆرترین هاوکاریان پێویستە دکتۆر جاویدان کەمال وتی: ناوچەی شێخ مەقسود کەسەر بەپارێزگای حەلەبە و لەژێر دەسەڵاتی خۆسەرە،لەگەڵ شەهبا کەزۆربەی ئاوارەکانی عەفرینیشی تێدایە” زۆترین هاوکاریان پێویستە؛ بەڵام ئەوانە لەلایەن ڕژێمەوە جیاکراونەتەوە و دەوریان گیراوە، ڕێگری دەکرێت لەگەیشتنی هاوکاریەکان بۆیان لەلایەن ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ڕۆژی سێشەممە ڕوسیا، کە هاوپەیمانێکی سەرەکی سوریایە ڤیتۆی خۆی بەکارهێنا لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ڕێگریکردن لە درێژکردنەوەی ماوەی نۆ مانگ کە بەنێوەندگیری نەتەوەیەکگرتوەکان ڕێگە بە گەیاندن و بەردەوامکردنی هاوکارییەکان بدات لە دەروازەی باب-ئەلهەوا، بەڵام نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنیت و هەر بەوهۆیەوە حکومەتی سوریا بۆ بەردەوامی هاوکاریەکان ئەو مەرجانەی دانا بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە.