ئینتەرنێتی ئێران دوای چین سنورداترین ئینتەرنێتە لە جیهاندا

ئینەرنێتی ئێران تەنها لە ئینتەرنێتی میانمار کێشەی کەمترە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران دەبنە دووەم خراپترین هێڵەکانی جیهان لە روی کێشەی بڕان و سنوردارکردنەوە و وەزیرێکی وڵاتەکەش دەڵێت ژمارەی پێوانەییمان لە خێراییدا تۆمار کردوە.

بە پێی زانیارییەکانی 300 پێگەی ئەلیکترۆنی بواری تەکنەلۆژیا لە 50 وڵاتی جیهان، ئێران دوای چین دووەم وڵاتە کە زیاترین فیلتەر و سنوردارکردن لە ‌هێڵەکانی ئینتەرنێت جێبەجێ دەکات و هاوکات زیاترین کێشەی بڕان و خاوەیی تۆمار کردوە.

ئاماژە بەوە کراوە ئینتەرنێتی ئێران دوای وڵاتی میامنمار زیاترین کێشەی بڕین و خاویی تۆمار کردوە و بەوەش دووەمین وڵاتی جیهانە کە زیاترین کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتدا هەیە.

لە کاردانەوەی ئەو هەواڵەدا عیسا زارعپور، وەزیری گواستنەوە و تەکنەلۆژیای زانیاریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەرلەمانی وڵاتەکە رایگەیاند؛ 600 پێگەی نەوەی پێنجەمی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە وڵاتەکەدا دامەزراوە و ئینتەرنێتی وڵاتەکەش خێرایی 6.5 تێرابایت لە چرکەیەدا تۆمار دەکات.

وتەکانی وەزیرەکەی ئێران لە کاتێکدا لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران قەدەغە و فیلتەرکردنی سەرهێڵەکانی ئینتەرنێت لە لایەن دەسەڵاتەوە زیادی کردوە و ئەوەش خەڵکی ناچار کردوە دژە فیلتەر و ڤی پی ئێن بەکاربهێنن.

مەهدی ساڵحی، پسپۆری ئینتەرنێت ئاشکرای کردوە لە ساڵی 2018 مانگانە بە بڕی 50 ملیارد تمەن ئەپلیکەیشنی (VPN) لە ئێران بە مەبەستی دەربازبون لە فیلتەر و قەدەغەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار هێنراوە بەڵام لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوەوە ئەو بڕە بۆ مانگانە 500 ملیارد تمەن بەرز بوەتەوە.

ئێران بۆ چاودێریی و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا قەدەغە و فیلتەری خستوەتە سەر زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداربوانی ئەو تۆڕانە ناچارن دژە فیلتەر (antifilter) و تۆڕی تایبەتی گریمانەیی (VPN) بکڕن.

بە پێی ئامارەکان بڕین و چاودێریی ئینتەرنێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوتەوە.

مەجید سەدری، سەرۆکی دەستەی ئابوریی بەشی داهێنان و گۆڕانکارییەکانی دیجیتاڵ لە ژوری بازرگانیی تاران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبو؛ زیانی راستەوخۆی بڕین و دروستبونی کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران لە یەک مانگدا 770 ملیۆن دۆلار بوە و زیانی ناڕاستەوخۆشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە.

بە وتەی سەدری: زیانە گشتییەکانی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مانگێکدا یەک ملیارد و 760 ملیۆن دۆلار بوە و لە کاتێکدا بڕینی ئینتەرنێت لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردوە لە رابردودا تەنها چاودێریی و سنورداکردنی لەسەر بوە.

لە پێنج مانگی دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کە دۆخی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاسایی نەبوە، لانیکەم هەشت ملیارد و 800 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوریی لێکەوتوەتەوە.

پێشتر ناوەندی داتا و زانیاریی لە ئێران ئاشکرای کردبو زیانەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 25٪ی ئابوریی ئێرانی گرتوەتەوە و بە زیاتر لە دو ملیارد و 574 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

لە ئامارەکانی ئەو ناوەندەدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵی 2022 لانیکەم یەک ملیۆن و 700 هەزار پیشە لە رێگەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەچو و سەرچاوەی داهات و بژێویی نۆ ملیۆن کەس لە ئێران بوە.

 لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی هەواڵ و وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی خۆپیشاندان و دۆخی وڵاتەکە بڵاو نەکرێتەوە ، هێڵەکانی ئینتەرنێت روبەڕوی بڕان و سانسۆر کرایەوە و ئەوەش زیانی زۆری بە ئابوریی ئۆنلاین و فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکان گەیاندوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار