حكومەتی هەرێم لە 2014ەوە پترۆدۆلاری نەداوەتە پارێزگاكان

بەپێی یاسای بودجەی عێراق پارەی پترۆدۆلارو پەرەپێدانی پارێزگاكانیش بۆ هەرێم خەرجدەكرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

بەپێی یاسای بودجەی عێراق كە 12-6-2023 پەسەندكراو هێشتا نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بڕی ٥۱۱ ملیۆن دۆلار وەكو پترۆدۆلاری هەرێم تەرخانكراوە كەدەكاتە پێنج لەسەدی پارەی فرۆشتنی ٤۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ماوەی ساڵێك ، لەو رێژەیەش تەنها 10% بۆ سلێمانی و گەرمیانە، بەپلەی یەكەم پارێزگای دهۆك و دواتر هەولێرو ئینجا سلێمانی و گەرمیان لەپارەی پتڕۆدۆلار سودمەند دەبن

بەپێی بڕگەی (ێ‌) لەخاڵی پێنجی ماددەی دووی یاسای بودجە بڕی 5%ی داهاتی نەوت دەدرێت بەو پارێزگاو شوێنانەی كەبەرهەمهێنی نەوتن.
لەهەرێمی كوردستان، بەپلەی یەكەم پارێزگای دهۆك لەپارەی پتڕۆدۆلار سودمەند دەبێت بەهۆی ئەوەی لەپێش هەموو پارێزگاكانە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، پاشان پارێزگای هەولێرو دواتر سلێمانی.

لەكۆی ٤۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بڕی ٤۰ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكەونە ناوچەكانی زۆنی سەوز كەپارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دەكات.
كێڵگەی كۆرمۆر لەچەمچەماڵ بە بەرهەمهێنانی ۲۱ هەزار بەرمیل كۆندێنسەیت لەپلەی یەكەمدایەو پاشان كێڵگەكانی حەسیرەو میل قاسم لەگەرمیان بەبەرهەمهێنانی ۱۳ هەزار بەرمیل و تەقتەق چوار هەزار بەرمیل و چیاسورخ دوو هەزار بەرمیل دێن.

كۆی بەرهەمی ناوچەكانی زۆنی سەوز دەكاتە 10%ی بەرهەمی رۆژانەی هەرێم بەوپێیە نزیكەی ٥۱ ملیۆن دۆلاری لە پارەی پترۆدۆلار بەردەكەوێت .
دیاریكردنی ئەو بڕە پارەیە لەسەر بنەمای ۷۰ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك ئەگەر نرخی نەوت زیاتر بێت لەبازاڕی جیهانی پارەی پترۆدۆلاری پارێزگاكان زیاتر دەكات.
نۆ ساڵ حكومەتی هەرێم سەربەخۆ نەوتی فرۆشت بەڵام پترۆدۆلاری نەدایە پارێزگاكان

كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: یاسایەك هەیە لەپەرلەمانی كوردستان كە یاسای ژمارە دووی ساڵی 2015 كەیاسای سندوقی داهاتە نەوتیەكانە بەپێی ئەو یاسایە هەر ناوچەیەك كەنەوتی لێدەربهێنرێت بڕی پێنج دۆلاری بۆ ناوچەكە خەرج بكرێتەوە وەك پڕۆژە.

وتیشی: تائێستا ئەو یاسایە لەهەرێم كاری پێنەكراوەو جێبەجێ نەكراوە، تائێستاش سندوقەكە دروستنەكراوە هەرچەندە بڕیاربوو لەم كابینەیە سندوقەكە دروستبكرێت.
بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: تائێستا یەك دینار وەكو پترۆدۆلار نەدراوە بەهیچ ناوچەیەك.

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: ساڵانی رابردوو بەهیچ شێوەیەك ئەو بڕگەیە جێبەجێنەكراوە لەكاتێكدا لەساڵی 2014ەوە حكومەتی هەرێم خۆی نەوتی فرۆشتووە

كەریم عەلی ئەوەشی خستەڕوو كەچاوەڕوانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەن كە جێبەجێكرا ئەو بڕگەیەش جێبەجێ بكرێت و حكومەتی عێراق پابەندبێت بەجێبەجێكردنی ئەو بڕگەیەوە.
"ساڵانی رابردوو بەهیچ شێوەیەك ئەو بڕگەیە جێبەجێنەكراوە لەكاتێكدا لە ساڵی 2014ەوە حكومەتی هەرێم خۆی نەوتی فرۆشتووە، بۆیە چاوەڕوانی جێبەجێكردنین، هۆكاری ئەوەش كەپارێزگای سلێمانی كەمتر بودجەكەی بەركەوتووە پارێزگای سلێمانی نزیكەی 80 هەزار بەرمیل نەوتی تێدا دەردەهێنرێت". كەریم عەلی وای وت.

دهۆك زۆرترین نەوتی لێدەرهێندراوە، بەڵام بەوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكە یەك دیناری بۆ خەرج نەكراوە

عەبدولسەمەد تێلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: پارێزگای دهۆك زۆرترین دەرهێنانی نەوتی تێدایە، بەڵام تائێستا هیچ پارەیەكی بۆ خەرجنەكراوەو ئێمەش چاوەڕێی پەسەندكردنی بودجەین تا ئەو پارەیە بۆ پارێزگاكە خەرج بكرێت.

نۆ ساڵ حكومەتی هەرێم سەربەخۆ نەوتی فرۆشت، بەڵام پترۆدۆلاری نەدایە پارێزگاكان

هەروەها وتیشی:" لەبەرئەوەی لە 2014 ەوە بودجە لەپەرلەمانی كوردستان جێبەجێنەكراوە نە بودجەی پەرەپێدان نە پترۆدۆلار هیچ پارەیەك بۆ دهۆك خەرج نەكراوە.
عەبدولسەمەد تیلی پێشیوابوو لەدهۆك دەرهێنانی نەوت زیاترە، بەڵام پاڵاوگەی نییە لەكۆتاییدا وەكو پارێزگای هەولێرو سلێمانی حسابی بۆ دەكرێت.

وەك ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت: ئەو پترۆدۆلارە سێ بەشەو بەهەرسێ بەشەكە رەنگە هەروەكو یەك حساب بۆ هەرسێ پارێزگاكە بكرێت چونكە دەبێت غازیش حساب بكرێت.

سەبارەت بەو بابەتە دكتۆرە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت: تا رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی بودجە دەرنەكرێت پشكی پارێزگاكان دیاری ناكرێت.
هەروەها ئەوەشی باسكرد بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان جیاوازە لە پترۆدۆلار، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان پشكی هەرێمی كوردستان 276 ملیارو 550 ملیۆن دینارە، ئەوەش بەپێی ژمارەی دانیشتوان و رێژەی هەژاری دیاریكراوە.

پەرەپێدانی پارێزگاكان پشكی هەرێمی كوردستان 276 ملیارو 550 ملیۆن دینارە ئەوەش بەپێی ژمارەی دانیشتوان و رێژەی هەژاری دیاریكراوە

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: پترۆدۆلار دەبێت لەڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجەدا جێگە بكرێتەوە، كە بەكام پێوەر بەسەر پارێزگای بەرهەمهێندا دابەشدەكرێت كەنەوت و غازیان تێدایە یاخود پاڵاوگەیان تێدایە.

"بەدڵنیاییەوە كەڕێنمایی بودجە جێبەجێكرا ئەوكات هەرێمی كوردستانیش سودمەند دەبێت لەو بڕە پارانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار