دۆخی ئابووری ئێران، بێ هیوایی گەنجەکان و کێشەی خانوبەرە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 رۆژنامەی "دنیای اقتصاد" کە لە تاران چاپ ئەبێت، راپۆرتێکی مەیدانی لەسەر نرخی خانوو و بەرە و داهاتی خەڵک لە تاران بڵاو کردۆتەوە بە پێی ئەم راپۆرتە گەنجەکانی  کە لە تەمەنی ٢٥ بۆ ٢٦ ساڵیدان، پێویستیان بە زیاتر لە نیو سەدەیە بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی خانوو بەهۆی بەرزی نرخیانەوە.

بە پێی ئەم راپۆرتە بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی داهات، ئاستی پاشکەوت، گەنجێکی ٢٥-٢٦ ساڵ لە تارانی پایتەختی ئێران دوای  ١٦٦ ساڵ ئەتوانێت ببێت بە خاوەنی خانووی خۆی، بە مەرجێک نرخی خانوو وەک ئێستا بمێنێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، داهاتی مانگانەی گەنجەکانی ئەم تەمەنە ١١ میلیۆن و ٣٠٠ هەزارتمەن بۆ ١٢ میلیۆنە و زۆربەیان باسیان لەوە کردووە لە باشترین دۆخدا ئەتوانن مانگێک ١ میلیۆن تمەن (٢٠ دۆلار) پاشکەوت بکەن.

باسلەوەشکراوە نرخی خانوو بەرە لە دوو ساڵی رابردوودا  بە هۆی دابەزینی نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار، لە تاران و شارەگەورەکان ١٥٠٪ زیادی کردووە و لە هەندێ شوێنی تاران تا ٢٥٠٪ نرخەکەی زیادی کردووە.

هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە گەنجەکانی ئەو تەمەنە باسیان لەوە کردووە هیچ هیوایەکیان بەوە نییە ببن بە خاوەنی خانووی خۆیان و وتوویانە :" بە هیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکەینەوە ببین بە خاوەنی خانوو، بە هیچ شێوەیەکیش بیر لە پێکهێنانی ژیانی هاوسەرێتی و مناڵ خستنەوە ناکەینەوە".

ژمارەیەکیتر لە وەڵامی پرسیارەکانی ئەم بڵاوکراوەیەکدا وتوویانە ، هاوڕێکانیان زیاتر لە ٣٠ سالیان تەمەنە و ناتوانن ببن بە خاوەنی خانوو و ماڵی خۆیان و چوونەتە قۆناغێکەوە کە پێی ئەڵێن "سەڵتبوونی رەها" واتە بیر لە پێکهێنانی ژیانی هاوسەری ناکەنەوە.

لەم رۆژنامەیەدا لە زمانی ژماریەەک لە لاوەکانەوە نووسراوە :" تەنانەت ناتوانن پاسکیلێک بکڕن بۆ ئەوەی پێی بچنە سەر کار". هەروەها باسیان لەوە کردووە تەنها بەمەرجێک ئەتوانن ببن بە خاوەنی خانوو کە دۆخی ئابووری بگۆڕدرێت، ئەگەر نا بیر لە کۆچ ئەکەنەوە.

هاوکات رۆژی ٢٣ی تەمووز نوێنەرێکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند زیاتر لە ٢٨ میلیۆن کەس لە ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا ئەژین. ئەم نوێنەرەی پەرلەمانی ئێران دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار و گەمارۆ ئابوورییەکانی بە هۆکاری هەژاری ٢٨ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران ناوبرد.

ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خانوو بەرە "قەرزی بانکی" بۆ دروستکردن و کڕینی خانووی زیاد کردوەو وەک دەوترێت بڕی "قەرزی بانکی" بۆ کڕین و چاککردنەوەو دروستکردنی خانوو گەیشتۆتە ٩٦٠ میلیۆن تمەن.

رۆژنامەی "شەرق" رۆژی ٢٢ی حوزەیران دەربارەی زیادکردنی بڕی قەرزی بانکی و مەرجەکانی پێدانی ئەم قەرزە نووسی :" تەنها کەسانی دەوڵەمەند و ئەو کەسانی کە پێویستیان بە قەرزی بانکی بۆ کڕین و دروستکردنی خانوو نییە، ئەتوانن لەو قەرزە بەهرەمەند بن و وەری بگرن."

بە پێی راپۆرتی رۆژنامەی " دنیای اقتصاد" ٩٦٠ میلیۆن تمەن جگە لەوەی ناکرێت خانوویەکی ٢٠ مەتری بکرێت، بەڵکوو بە قیستی درێژخایەنی ١٢ ساڵە کە دەوڵەت لەبەرچاوی گرتووەو مانگانە ئەبێ ٢٠ میلیۆن تمەن بدرێتەوە، لە حاڵێکدا مووچەی کارمەندێک ٧ میلیۆن تمەنە، ناتوانن ئەم قەرزە بانکییە وەربگرن.

هەروەها ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی ئەم قەرزە بانکییە نووسیویانە، لەبەر ئەوەی سوودی بانکییەکەی ٢٨ لە سەدە، ئەبێ ٢ میلیارد و ٨٠٠ میلیۆن تمەن بدەنەوە و شارەزایەکی ئابووری خانوو بەرە بە رۆژنامەی "شەرق"ی وتووە لە هیچ کوێی دونیا وا نییە سوودی بانکی ٢٨ لە سەد بێت بۆ خانوو و بەرە.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار