یەكێتی و پارتی تەنها لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێككەوتوون

هاوڵاتی زانیاریی ورد لەبارەی كۆبوونەوەی باڵای وەفدی پارتی و یەكێتی لەسلێمانی ئاشكرادەكات

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

دوایین كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لەسلێمانی رۆژی یەكشەممە 30-7-2023 ئەنجامدرا، بەڵام تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ناكۆكیەكانیشیان لەناو حكومەت كەمبكەنەوە، جگە لەوەی لەسەر یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق رێكنەكەوتوون، كە بڕیارە لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت.

پێشنیاركراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمانگی ئایار یان سەرەتای حوزەیرانی 2024 ئەنجامبدرێت، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم چاوەڕێی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەكات.

بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەچەند سەرچاوەیەكی پارتی و یەكێتی دەستیكەوتوون، لەدوایین كۆبوونەوەیاندا ئەو دوو حزبە لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ناكۆك بوون، یەكێتیی هێشتا داوای فرەبازنەییو دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان دەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.

هەر بەپێی بەدواداچوونەكان، لەسەر ناكۆكیەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەكێتی داوای 50 بە 50 دەكات، لەسەر پرسی دروستكردنی لیستی كوردیش لەكەركوك ئەو دوو حزبە هیچ رێككەوتنێكیان نەكردووە.

پێش كۆبوونەوەكە سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» پرسی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و عیراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەگەڵ چەند پرسێكی دیكە تەوەری كۆبوونەوەكەی نێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی دەبێت».

پێشتریش چەند جارێك یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كۆبوونەتەوە، دواكۆبوونەوەیان رۆژی ٩-٧-٢٠٢٣ بوو لەپیرمام، پێش كۆبوونەوەكەی پیرمامیش هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی ٢٥-٦-٢٠٢٣، لە هەولێر كۆبوونەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكیش لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ هاوڵاتی پرسی سەرەكی كۆبوونەوەكە هەڵبژاردن بووەو تیایدا هەردوولا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كەمكردنەوەی ناكۆكیەكانیان لەناو حكومەت رێككەوتوون، هەروەها لەبارەی كاتی هەڵبژاردنی هەرێم و چۆنیەتی بەشداریكردنیان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان بەپێویستیان زانیوە گفتوگۆی زیاتر ئەنجامبدرێت.

ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»یەكێتی هەموو كاتێك ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن ئەوەی دەوترێت یەكێتی نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت تەنها هەڵمەتێكی میدیایی پارتییە و راست نییە».

وتیشی:»یەكێتی لەڕووی مەبدەئییەوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و تەنیا رێگریش لەبەردەم هەڵبژاردن ئەو رێوشوێنانەیە بۆ هەڵبژاردنێكی شەفاف پێویستن».

وەك ستران عەبدوڵا ئاماژەی پێدەكات «یەكێتی دەیەوێت هەڵبژاردنێكی شەفاف بكرێت نەك هەڵبژاردنێك پێشتر ئەنجامەكەی ئاشكراو زانراو بێت».

هاوكات دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»سەردانی هەموو لایەنەكانمان دەستپێكردووەو دوای كۆبوونەوەكانیش سەرۆكایەتی هەرێم كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكات».

ئەمە لەكاتێكدایە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی 31-7-2023 رایگەیاند ئەگەر تاكۆتایی مانگی حەوت سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیارینەكات ناتوانن ئامادەكاریەكان دەستپێبكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەمانگی شوباتی 2024 ئەنجام بدرێت.

دوای ئەو گرژییانەی كە لەنێوان هەردوو حزب لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق دروستبوو، رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ وەفدی باڵای پارتیو یەكێتیی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لەهەولێر كۆبوونەوە.

رۆژی 9-7-2023، جارێكی تر كۆبوونەوە، ئەمجارەیان وەفدی یەكێتیی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی چووە پیرمام بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیەش هیچ ئەنجامێكی نەبوو، بافڵ تاڵەبانی بەنیگەرانییەوە هاتە دەرەوەو بە میدیاكانی وت:» یەكێتیی هێزە، یەكێتیی بە بێدەنگی نامێنێتەوە، هەر شتێك رووبدات لەمەودا وەك خۆی وەڵام دەدرێتەوە».

بەڵام دوایین كۆبوونەوەی دەباشان وادەردەكەوێت كەمێك گرژییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كەم كردبێتەوە، بەڵام ناكۆكییەكانی كۆتایی پێنەهێناوە.

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 3-7-2023 ی پارتیو یەكێتیدا، وەفدی یەكێتیی بەوەفدی پارتییان وتووە «دابەشكردنی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت 50 بە 50 بێتو بڕیاری بریكاری وەزیری پێشمەرگە دۆخەكەی شێواندووەو یەكێتیی بە 57 بە 43 رازی نییە». بەڵام لەبەرامبەردا وەفدی پارتی گلەییان لەیەكێتیی هەبووە لەوەی سەرقاڵی دروستكردنی هێزی ئەمنیی نوێنو دەیانەوێت لەبواری ئەمیندا لەبری حكومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكەن.

هاوكات هەر لەكۆبوونەوەكەدا وەفدی یەكێتیی گلەیی ئەوەی لەپارتی كردووە، رێگری دەكەن لەدانانی كەسێك بەوەكالەت بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، كە پشكی یەكێتییەو ئێستا پۆستەكە بەبەتاڵی ماوەتەوە، لەكاتێكدا پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبات، یەكێتیش دەیەوێت وەزارەتی پێشمەرگە بكات بەوەكالەت.

سەردانی وەفدی پارتی بۆ سلێمانی لەكاتێكدایە ئەم رۆژانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی مەرسومێكی نوێ بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربكات.

نێچیرڤان بارزانی بە نووسراوی فەرمی داوای لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد پرۆسەی هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات، كۆمسیۆن وەڵامی دایەوەو رۆژی 18ی شوباتی 2024ی دیاریكرد، ئێستا سەرۆكی هەرێم دەیەوێت بەمەرسومێك رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكات، بەڵام بەبێ پشتیوانی یەكێتیی نایەوێت مەرسوم دەربكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا لەماوەی رابردوودا دووجار مەرسومی بۆ هەڵبژاردن دەركردووەو هەڵبژاردنیش نەكراوە ئەویش بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی.

راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی رۆژی 3-7-2023 ی پارتیو یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەڵێت:» هەردوولا پشتیوانی لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لەوكاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت لەدوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان».

ئەو دەقەی دەڵێت «دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت» دەریدەخات پارتی و یەكێتی تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە هەڵبژاردن بكرێت ئەگەرنا لەسەر كاتەكەی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

بەوتەی دوو سەرچاوە لەپارتی و یەكێتی بۆ هاوڵاتی، لەدوایین كۆبوونەوەی پارتیو یەكێتیدا، وەفدی یەكێتیی جەختی لەسەر ئەوە كردووە هێشتا گرفتیان هەیە لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكانو شێوازی سازدانی هەڵبژاردن.

هاوڵاتی ئەوەشی زانیوە هێشتا یەكێتی داوای ئەوە دەكات هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەی فرەبازنە (چوار بازنەیی هەڵبژاردن) بەڕێوەبچێتو سەرجەم كورسییەكانی پەرلەمان (111 كورسی) دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بە (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكانیشەوە.

هەر بەپێی زانیاریەكان، وەفدی پارتی جارێكی تر جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كێشەیان نییە لەگەڵ ئەوەدا هەڵبژاردنەكە بەشێوەی چوار بازنە بەڕێوەبچێت، واتا هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بكرێت بەبازنەیەكی هەڵبژاردن، بەڵام چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن، هێشتا لەلایەن پارتییەوە رەزامەندی لەسەر نەدراوە.

بەردەوامیی ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی لەكاتێكدایە، بەر لەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بەبڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە 30 ئایاری 2023 هەڵبوەشێتەوە، پارتیو یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتاكان ناكۆك بوونو نەگەیشتنە رێككەوتن، تەنانەت بەنێوەندگیری نەتەوەیەكگرتووەكانیش.

هەر بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی كردوویەتی، بەهۆی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەموار نەكراوەتەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت بەیاسا كۆنەكە بكرێت، كەئەمەش یەكێتی لەگەڵیدا نییە، چونكە یاسا كۆنەكە شێوازی هەڵبژاردنی لەكوردستان بەشێوەی یەك بازنە دیاریكردووە، سەرباری ئەمە یاسا كۆنەكە (11) كورسییەكەی پێكهاتەكان هەر لەسنوری هەولێرو دهۆكدا دەهێڵێتەوەو هیچ كوردسییەك بەسنوری سلێمانی نادات.

ئەوەش لەكاتێكدایە زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە، رۆژی 6-8-2023 ، دادگای فیدراڵی عێراق یەكەم دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایە بەڕێوەدەبات.

 

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق

بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی 30-7-2023 پارتیو یەكێتیدا، تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان تایبەت بێت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان، لەكاتێكدا هەمان رۆژ دوا وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی هات، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی درێژكردەوە.

پارتیو یەكێتییو لایەنە سیاسییەكانی تر كەمتر لەهەفتەیەك دەرفەتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی خۆیان وەكو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەدیاریكراویش لەكەركوك تۆمار بكەن، بەڵام وەك مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی لەكەركوك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»تائێستا یەك لیستی كورد لەكەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەگەرێكی دوورە».

وتیشی:»تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتی نییە بۆ ئەوەی بەیەك لیست لەكەركوك و ئەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردن بكەن».

بەڵام وەك ئەو بەرپرسەی پارتی لەكەركوك دەڵێت «ئەگەر دوو لیستی بەهێزیش هەبێت لەكەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەنگی كورد نافەوتێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار