دارستانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناودەبرێن

دارستانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ داگیركردنی زەوی و دروستكردنی بنكەی سەربازی دەسووتێنرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پرسی سووتانی دارستانەكانی زاگرۆس و لەوانە دارستانەكانی مەریوان بووە بەپرسێكی گرنگی ژینگەیی، هەموو ساڵێك سەدان هێكتار لەدارستان و پووش و پاوانەكانی مەریوان و دەرووبەری دەسووتێن.

رۆژی هەینی ٢١ی تەمموز لەكاتی كوژاندنەوەی ئاگر لەنزیك كانی میران حەوت ژینگەپارێز بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستدا.

پێنج ساڵ لەوەوپێش و رۆژی ٢٥ی ئابی ٢٠١٨، چوار ژینگەپارێزی مەریوان بەناوەكانی « شەریف باجوەر»، «ئومید كۆنەپۆشی»، «محەممەد پژووهی» و «رەحمەت حەكیمی نیا» لەكاتی ئاگركواژندنەوەدا گیانیان لەدەستدا و خەڵكی مەریوان و ناوچەكە كوژرانی ئەم ژینگەپارێزانە بەپلانداڕێژراو دەزانن.

هەموو ساڵێك رووبەرێكی بەربڵاو لەدارستانەكانی دەوروبەری مەریوان دەسووتێن، لەم پەیوەندیەدا عیرفان حسەینی چالاكی ژینگەپارێز و ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی چیا، كە دیارترین ناوەندی ژینگەپارێزی مەریوان و رۆژهەڵاتی كوردستانە بە هاوڵاتی وت:» دەتوانین بڵێین لەسەدا سەدی ئاگرەكەوتنەوەكانی دارستانەكانی مەریوان و پارێزگای سنە بەئەنقەست و دروستكراون و وا نییە سروشتی بێت».

هۆكاری 80%ی ئاگركەوتنەوەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەوروبەری شارەكان دەسوتێنن و دواتر زەویەكەی پارچە پارچە دەكەن و دەفرۆشرێتەوەو 20%یشی  هۆكاری سەربازی و دامەزراوە ئەمنییەكانن كە بنكەی سەربازی لێ دروستدەكەن.

بەهۆی مەشقێكی سەربازی ئەرتەشی ئێران ئاگر لەدارستانەكانی كانی قوڵەجانی كە  ٧٦٨ دۆنمە سووتێندرا

هیوا نادری، چالاكی مەدەنی بەهاوڵاتی وت:» هەموو ساڵێك رێژەیەكی زۆر لەدارستانەكان دەبنە قوربانی ئاگرو ساڵ بەساڵ بەداخەوە ئەو رێژەیە روو لە زیادبوون دەكات، لەوەرزی هاویندا سەدان دۆنم زەوی دەسوتێندرێت».

جگە لەدیاردەی ئاگركەوتنەوە لەمەریوان و ناوچەكانی دەوروبەری، دیاردەیەكی تر كە زۆر بەرچاوەو ناڕەزایەتی ژینگەپارێزو چالاكانی مەدەنی لێكەوتۆتەوەو بڕینی دارستانەكانە، هەموو ساڵێك سەدان هێكتار لەدارستانەكانی مەریوان بەهۆی بڕینەوە لەناو دەبرێن.

عیرفان حسەینی دەڵێت:» سووتاندنی دارستان بەشێكە لەپرۆژەی فەوتان و لەناوبردنی دارستان، بڕینەوەش بەهەمانشێوە، هەموو ئەمانەش بە مەبەستی داگیركردنی دارستانەكان دەكرێت. بێگومان خەڵكانێكی هەلپەرست لەپشتی بڕینی دارەكانەوەن..... ناوەندە ئەمنییەتی و سەربازییەكانیش بەبیانووی پاراستنی ئەمنییەتی خۆیان دارەكان بەشێوەی جۆراجۆر لەوانە بڕین و سووتاندن لەناو دەبەن».

عیرفان حوسەینی پێیوابوو كەتاوانباری سەرەكی ئەم دیاردەیە، لایەنە حكومییەكانە كە كەمتەرخەمن و گوێنادەن بەم كاولكاری و تاڵانكردنانە.» تاڵانچی و داربڕەكانیش بەحەزی خۆیان و بەدڵی خۆیان بەمشاری كارەبایی دارەكان دەبڕنەوەو بەلۆری گەورە دەیگوازنەوە».

«ئوتومبێلی بارهەڵگری دارەكان لەئاسمانەوە نافڕن، دەبێ لە بازگەیەكەوە تێپەرێت ، كە لەلایەن ناوەندە ئەمنی و حكومییەكانەوە لێپرسینەوە لەوانە ناكەن كە دارەكان دەبڕنەوە»، حوسێنی وای وت.

خەڵكانێكی زۆری خۆبەش بەتەمەنە جیاوازەكانەوەو بەژن و پیاوەوە روو لەشاخ و دارستانەكان دەكەن بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكان.

بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە سروشتییەكان دێنە سەر ئاگرەكان، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان وەك فەرمانبەر دێن و مووچەیەكی كەمیشیان هەیە ئەوەنە گرنگی بەئاگرەكە نادەن و خۆیان ماندوو ناكەن، ئەوان ئەوپەڕی ٤-٥ كەسیان دێتە سەر ئاگرەكە، بەڵام شارێكی وەك مەریوان ٣٨٠ هەزار دۆنم دارستانی هەیەو بە ٤-٥ كەسی سەرچاوە سروشتییەكانەوە كۆنتڕۆڵ ناكرێت.

هەرچەند بەپێی یاسای ئێران، كە دەڵێت لەكاتی قەیراندا ئەبێ هەموو ئۆرگانە دەوڵەتیەكان هاوئاهەنگ بن و لەم نموونەدا دەڵێن ئەرتەش و بەسیج و سوپا ئەبێ بێن و ئاگرەكان بكوژێننەوە، بەڵام لەماوەی ئەم ١٦ ساڵەدا ئەنجومەنی چیا خەریكی ئاگركوژاندنەوەكانن.

هیوا نادری دەربارەی پرسی بەشداری كردنی ناوەندە حكومییەكان لەسەر كوژاندنەوەی ئاگرەكان دەڵێت:» چەند ناوەندی حكومیش وەكو دڵسۆزانێك لەئیدارەی سەرچاوە سرووشتییەكان و ئیدارەی ژینگە... بەردەوام لەگەڵ ئەنجومەن و ژینگەپارێزەكان هاوكاری دەكەن بەڵام لەچاو پانتایی و بەربڵاوی دارستانەكان هێندە رێژەیان كەم و كەرەستەی پێویستیان نییە كەئەگەر هاوكاری خەڵك و ژینگەپارێز نەبێت هیچیان بۆ ناكرێ بەڵام نابێ بوونی ئەوانیش لەبەرچاو نەگیرێت».

دەربارەی ئەو رێكخراوانەی كەچالاكن لەبواری كوژاندنەوەی ئاگر و خزمەت بەدارستانەكان، چۆنیەتی دابەشكردنی كارو مێكانیزمی كاركردنیان، هیوا نادری ئەڵێت :» تەنیا رێكخراوەیەك كەساڵەهایە بەشێوەی فەرمی و بەمیكانیزمێكی زانستیانەوە دڵسۆزانەو خۆبەخشانە بێ هیچ چاوەڕوانییەك لە ریزی پێشەوەی كوژاندنەوەو رێكخستنی جەماوەر  تەنانەت راهێنانی كادرێكی لێهاتوو بۆ شوێنە جیاجیاكاندایە، ئەنجوومەنی سەوزی چیایە كە بریتییە لەكۆمەڵێك لاوو مرۆڤی خۆبەخش و دڵسۆز كە تا رادەی گیان بەختكردن لەهەموو كوژاندنەوەی ئاگرەكاندا رۆڵی سەرەكی دەگێڕن.»

سەرەنجام دەربارەی ئەو حەوت كەسەی كە رۆژی هەینی ٢١ی تەمموز، لەكاتی ئاگركەوتنەوەدا بریندار بوون، هەردوو بەشداربووی ئەم راپۆرتە قسەیان كرد.

عیرفان حسەینی وتەبێژی ئەنجومەنی سەوزی چیا بە هاوڵاتی وت :» بەداخەوە لە ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانی ئاوایی كانی میران ، هەڵكەوتوو لەباشووری رۆژئاوای مەریوان، كە دوو رۆژبوو ئاگرەكە بەردەوام بوو خەریكی كوژاندنەوەی بووین و رووبەرێكی یەكجار زۆری گرتبووەوە، هاوكات لەگەڵ ئەو ئاگرە لە رۆژهەڵاتی شاری مەریوان ، ئاواییەكانی پێلە و سەڵەسی، ئەو شوێنەی كاك شەریف باجوەر و هاوڕێكانی شەهیدبوون، ئەوێش ئاگری گرتبوو، بەگشتی ئاگرەكە پانتاییەكی گەورەی هەبوو، بۆیە وەك ئەنجومەن داوامان لەخەڵك كرد فریای دارستانەكان بكەون.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار