بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق بەشێکی نوێ لەپەیمانگای تەکنیکیی بەکرەجۆ دەکرێتەوە
تێچووی بەشێکی نوێ نزیکەی ٥٠ ملیۆنەو خوێندکاران یەک ساڵە یەک دەرماڵەیان وەرگرتووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
لەكاتێكدا خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان كێشەی دەرماڵەو دانەمەزراندنیان هەیە بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بەردەوامە لەكردنەوەی بەشی نوێ لەزانكۆكان، سەرەڕای ئەوەی زانكۆ ئەهلیەكانیش خەریكە لەژمارەدا پێش زانكۆ حكومیەكان دەكەون.
بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان عێراق بەشی (زانستی هەنگ) لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ سەر بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکرێتەوە ئەویش بەوتەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەئامانجی پەرەپێدان و پێشخستنی پیشەسازی هەنگ لەناوچەکەدا.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەشەش کۆلێژو هەشت پەیمانگاو ٧١ بەش پێکدێت، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ ژمارەکە بۆ پێنج کۆلێژو حەوت پەیمانگاو ٦٣ بەش کەمدەبێتەوە بەهۆی کردنەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، ١٤ هەزارو ٩٠٥ خوێندکار لەسەرجەم قۆناغەکاندا لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەخوێنن.
ئیبراهیم مەجید، سەرۆکی بەشی زانستی هەنگ لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەشی زانستی هەنگ بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ کارا دەبێت و خوێندکار وەردەگرێت و بڕیاردراوە کە ٦٠ خوێندکار وەربگیرێت کە ٤٠یان لەسەر دەوڵەت و ٢٠یشیان بەشێوازی پارالێڵ بن.
وتیشی ئەو خوێندکارانەشی لەم بەشەدا وەدەگیرێن مەرجە دەرچووی بەشی زانستی بن و خوێندکارە یەکەمەکانی ئامادەیی کشتوکاڵێش وەردەگیرێن.
وتیشی: ئامانج لەکردنەوەی ئەم بەشە بەزانستی کردنی بواری هەنگە کە لەوڵاتاندا پشتی پێدەبەسترێت و بەرهەمی باشی لێبەرهەم دەهێندرێت بەو هیوایەی بتوانرێت کوردستان بگەینە ئەو ئاستە بەبەکارهێنانی زانستە پێشکەوتووەکان لەو بوارەدا.
«دەرچووانی ئەم بەشە ناونیشانی رابەری کشتوکاڵی و رابەری زانستی هەنگ و رابەری پەروەردەکردنی هەنگ وەردەگرن، هەروەها دەتوانن هەنگ پەروەردە بکەن و هەنگوین بەرهەمبهێنن لەگەڵ بەرهەمهێنانی شانەو پورەی هەنگ، دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و دوژمنانی هەنگ و کۆنترۆڵکردنیان و بەشداریکردن لەدامەزراندنی هەنگەڵان و دروستکردن و چاککردنی پێداویستییەکانی هەنگەوانی» سەرۆکی بەشی زانستی هەنگ لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ وای وت.
بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی تێچووی کردنەوەی بەشی نوێ لەزانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە دەگۆڕێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی ٥٠ ملیۆن دینار رسوماتی پێویستە، ئەمە لەکاتێکداتە تێچووی کردنەوەی بەشی نوێ لەزانکۆ یایبەتەکاندا زیاترە لەزانکۆ حکومییەکان.
لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا هەشت بەشی نوێ لەزانکۆو پەیمانگاکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیدا کراونەتەوە ئەوانیش بەشەکانی (زانستی تاقیگەی پزیشکی و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لەکۆلێژی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە، تەکنەلۆجیای زانیاری لەپەیمانگای تەکنیکی دوکان، پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لەپەیمانگای تەکنیکی کەلار، میکانیک و تەندروستی گشتی لەپەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، تەکنەلۆجیای زانیاری لەپەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە، زانستی هەنگ لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ).
د.بەختیار شەریف، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەپلانیدایە بەپێی بازاڕی کار بەشی نوێ بکاتەوە تابتوانرێت دەستی کاری ناوخۆیی بەرهەم بهێندرێت، زانکۆمان لەپلانیدایە دبلۆمی تەکنیکی پیشەیی یەک ساڵی بکاتەوە.
وتیشی: ئامانج لەم جۆرە خوێندنە و پێدانی ئەم بڕوانامەیە دروستکردنی کادری کارامەو شارەزا لەبوارە جیاجیاکاندا کە بازاڕی کاری کوردستان پێویستی پێیەتی و دروستکردنی دەستی کاری پێویست و کادری ناوەندیە لەبازاڕی کاری کوردستاندا ئەم بڕوانامەیە بەهیچ شێوەیەک بەکارناهێنرێت بۆ تەواوکردنی خوێندنی سەرووتر یان باڵاتر بەڵکو تەنها بۆ فێربوون و شارەزاییە.
سەبارەت بەکێشەکانی زانکۆ بەختیار شەریف باسی لەوەشکرد کە گیروگرفتەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی خۆی لەکەمی بیناو هۆڵی خوێندن تاقیگەی زانستی و کۆنی کەمپی خوێندن و کەمی بینای تایبەت بە بەشەناوخۆییەکان، کەمی ستافی ئەکادیمی وانە وتنەوە دەبینێتەوە بە بەراورد بەزۆری ژمارەی خوێندکار لەزانکۆدا.
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لەهەرێمی كوردستان 18 زانكۆی حكومی و 18 زانكۆی ئەهلی بوونیان هەیە.
توانا نەجەف، بەڕێوەبەری كارگێڕی و دارایی لەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ساڵانە بەشی نوێ لەزانكۆو پەیمانگەكان دەكرێنەوە یاخود دادەخرێن، داخرانەكان بەهۆی ئەوەیە كەخوێندكار یان بازاڕی کاری کەمە.
وتیشی: هیچ ئامارێكی وردەمان لانییە سەبارەت بەوەی چەند بەشی نوێ كراونەتەوە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا یاخود داخراون بەڵام هیچ بەشێك دانەخراوە مەگەر خوێندكاری نەبووبێت وەكو پێویست.
سەبارەت بەدەرماڵەش بۆ ساڵی نوێی خوێندن هیچ خوێندكارێكی زانكۆ كێشەی دەرماڵەی نابێت چونكە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی دراوە كە بۆ خوێندنی 2023 -2024 دەرماڵەی خوێندكاران خەرج بكرێت و وەزارەت مانگانە پێویستی بەنزیکەی پێنج ملیار دینار هەیە بۆ دابینکردنی دەرماڵەی خوێندکاران.توانا نەجەف وای وت.