کۆمپانیاکانی دروستکردنی یەکە نیشتەجێبونەکانی گەرمیان تەنها «داوای پارە دەکەن و کاتی خەڵک بەفیڕۆ دەدەن»

یەک ساڵ لەمەوپێش



نیگار عومەر

لەسنوری گەرمیاندا تائێستا نزیکەی 3500 یەکە تەواوبوون و رادەستی خاوەنەکانیان کراوەتەوەو نزیکەی 12هەزار یەکەی دیکە لەبواری جێبەجێکردندایەو لەداهاتوشدا مۆڵەت بۆ نزیکەی 10 هەزار یەکەی دیکە دەکرێت هەندێکیان کارەکانیان بەرەو تەواوبون دەچێت، بەڵام بەشداربوانی پرۆژەکان ناڕازین لەیەکەکان و چەندین جار لەبەر جێبەجێنەکردنی کارەکانی کۆمپانیادا گردبونەتەوەو باس لەوە دەکەن کۆمپانیاکان بەگوێرەی گرێبەستەکان کارناکەن.

یەک لەو پرۆژانەی کە تەواوبووە پرۆژەی نیشتەجێبوونی لانە ستی-یە کە لەلایەن کۆمپانیای روناکیەوە جێبەجێدەکرێت پێش تەواوکردنی کارەکانی یەکەکانی جێهێشت و بەشداربوان یەکەکانیان وەرگرتوە، بێ تەواوکردنی هەندێ لەخزمەتگوزرایەکانی وەک قوتابخانە و داینگە، رەوزەو ئاوەڕۆ بۆ پرۆژەکە، جگە لەوەش پرۆژەی بان ستی  یەکێکی دیکەیە لەپرۆژە تەواوبوەکان خاوەنی یەکەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە کۆمپانیا دیسانەوە بەشێکی خزمەتگوزاریەکانی تەواو نەکردووە.

مامۆستایەکی بەشداربوی پرۆژەکان ئاماژە بەوە دەکات کۆمپانیاکان لەبەرژەوەندی خۆیان کاردەکەن نەک هاووڵاتی سنورەکەو بۆ خەڵکی کەمدەرامەت سودی لێ نابینێت.

سەباح حوسێن، بەشداربوی پرۆژەی لانە ستی بۆ هاوڵاتی وتی،» ئەو کومپانیایەی کە کاری یەکەکانی بەدەست بوو پێش تەواوکردنی کارەکانی یەکەکانی جێهێشت و رۆشت بەشداربوانی پرۆژەکان بێ رادەستکردنی کلیلی یەکەکان هاتن بۆ ناو خانوەکان، بەبێ ئەوەی بەشێکی خزمەتگوزاریەکان تەواوبکات وەک داینگە و قوتابخانە رەوزە و ئاوەڕۆ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو کارانەی کەکردویەتی بۆ خانوەکان هەموو مەواد و پێداویستی خانوەکان شتی خراپن و کوالیتی باش نیە».

وتیشی،» ئێمه سەدا 60ی پارەی یەکەکانمان رادەست کردوە کە پرۆژەکەی ئێمە بەپرۆژەی  نیشتەجێبون لەقەڵەمدەدرێت دەبێ سەدا پەنجای بۆ کۆمپانیا بێ و سەدا پەنجای بۆ حکومەت،  سەرەڕای ئەوەی سەدا 60 پارەمان داوە، کۆمپانیا دیسان داوای پارەمان لێ دەکات لەبەشداربوان و شکاتی لێکردوین لەدادگا، دوو جارمن چووم بۆ دادگا پێیانم وتووم خاوەن کۆمپانیا هەقی لای ئێمە نەماوەو وەبەرهێنانی گەرمیانیش دەڵێ ئەو بڕە پارەی کە ماوە دەبێ بۆ حکومەت بێ نەک کۆمپانیا».

ئەوەش دەڵێ،» نەک هەر ئەم پرۆژەیە، پرۆژەکانی دیکەش بەتەنیشتی لانە ستیەوە بان ستی هەیە کەکەسی خۆم وەریگرتوە  دیسان ئەویش گرفتی خزەتگوزاری هەیەو بەشێکی کارەکانی تەواونەکردوە، لایەنی پەیوەندیداری ئێرەش کە سەردان دەکەین دەڵێن ئێمە چاری کۆمپانیامان پێناکرێ «.

مامۆستا کاروان بەشداربوی بەهەشتی شار کە بە پرۆژەی مامۆستایان ناسراوە بۆ هاوڵاتی وتی ، «ئەم پرۆژەیە لەساڵی 2018ەوە دەستکراوە بەکارکردن تێیدا بڕیار بوو لەساڵی 2022 تەواوبکرێت بەڵام تائێستا 67 کارەکانی تەواو بووەو بەکۆمەڵێ بیانوو ماوەی تەواوکردنەکەی بۆ درێژکراوەتەوە و بۆ ساڵی 2024  هەرچەندە نائومێد بووین لەو کارەش بەڵام جگە لەوەش دیسان دوای کات زیادکردنیان کردووە بۆ ساڵێکی دیکە کە دەبوایە بۆ ساڵی2022 تەواوبوایە ئێمەش زۆر ناڕازین لەم پرۆژەیە چونکە دەستی دەستیکردنە بەمامۆستا».

وتیشی، «لەسەر ئەم کارە هیچ لایەنێکی دیکە بەرگری لەچینی مامۆستا ناکات بۆیە کۆمپانیا بەدڵی خۆی کاردەکات، چەندین جار سەردانی لایەنی پەیوەنیدار کردوە هیچ کەس خۆی بەخاوەنی نازانێت و شێوازی پارەدانیش زیاتر دراوە لەکارکردن، زۆر جار یەکەکان نرخیان زۆرەو بۆ خەڵکی کەم دەرامەت نابێت«.

هونەر مەحمود بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان بۆ هاوڵاتی وتی،»نزیکەی 20هەزار یەکە لەدروستکردندایە یان مۆڵەتی بۆ وەگیراوە وە سێ هەزارو 500 یەکەش تەواو بوونەو یەکەکان بۆ بەشێکی زۆری هەموو چین و توێژێک سودی لێوەگرتوە نرخی یەکەکان لە پێنج دەفتەرەوە دەستپێدەکات تا 35دەفتەر ئەمەش بەگوێرەی شوێن و کوالێتی یەکەکان دەکەوێت».

ئەوەشی وت،» هەر کۆمپانیایەک کەدێت بۆ داواکردنی زەوی بۆ یەکەی نیشتەجێبون بەگوێرەی یاسای وەبەرهێنان زەوی پێدەدرێت و ئێمەش چاودێری کارەکانیان دەبیت و  پێویستە بەگوێرەی گرێبەستەکەی کارەکانی تەواو بکات و ئەو کۆمپانیایانەی کەکارەکانیان بەباشی نەکردوە ئێمە ئیجرائاتمان لەگەڵیان کردوە، سەبارەت بەگرفتی لانە ستی کێشەکەیان چووەتە دادگاو ئێمەش قسەی خۆمان کردوە لەداگاو داواشمان لەکومپانیا کردوە هەر خزمەتگوزاریەک لەسەر ئەوە جێبەجێ بکات،  سەبارەت بەگرفتی بان ستی بەهەمان شێوە دەبێ کۆمپانیا هەرچ خزمەتگوزاریەکی نەکردبێت جێبەجێ بکات».

وتیشی، « هەر کۆمپانیایەک کارەکانی وەک خۆی جێبەجێ نەکات کارەکانی رادەگرین و ئیجرائاتیشمان لەگەڵیان کرد، سەبارەت بەگرفتی پرۆژەی مامۆستایان درێژکردنەوەی ماوەکەی بەگوێرەی ئەوە بوە کە رۆژانی پشوو بەگوێرەی گرێبەستی کارکردن بووە کەڕۆژانی پشوو قەرەبوکراونەتەوە جگە لەوە هیچی دیکە نەبووە «.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار