لیستە ئیسلامخوازەكەی كەركوك "فێڵ"ی لەبزووتنەوەی ئیسلامی كردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵا
لیستی مەشخەڵی كەركوك، كە بەلیستە ئیسلامخوازەكە ناسراوەو لەهاوپەیمانێتی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی پێكهاتووە، كەوتۆتە بەر هێرشی رەخنەو گازندەی باڵێكی بزووتنەوەی ئیسلامییەوەو سەركردەی باڵێكی ئەو حزبە پێی وایە كە فێڵیان لێكراوە بۆیە ئامادەنین دەنگیان پێبدەن ئەگەر لەبەرامبەردا رێكەوتنێكیان لەگەڵ ئەنجامنەدرێت.
هەفتەی رابردوو لەشاری كەركوك، هاوپەیمانێتیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەنێوان هەردوو حزبی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی پێكهێنراو بەرپرسانی ئەو دوو حزبە لەو شارەدا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایان كرد كە ئامانجیان لەپێكهێنانی ئەو لیستە، كۆكردنەوەی دەنگی ئیسلامخوازانی كوردە لە هەڵبژاردندا. بەڵام پاش راگەیاندنی ئەو هاوپەیمانێتیە، بزووتنەوەی ئیسلامی كە ئێستا بووەتە دوو باڵ، دەنگی ناڕەزاییەتیان بەرزكردەوەو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی نێو سۆشیاڵ میدیاوە كەوتنە رەخنەگرتن لەو هاوپەیمانێتیە.
ئەگەرچی بزووتنەوەی ئیسلامی لەئێستادا دوو باڵەو بەهۆی كێشەو ناكۆكی نێوخۆییەوە گرفتی یاسایی بۆ دروستبووەو ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بكات، بەڵام سەركردەیەكی ئەو حزبە پێی وایە كە كۆمەڵ و یەكگرتوو فێڵیان لەبزووتنەوە كردوەو لەدانیشتنەكانی پێكهێنانی لیستەكەدا دووریانخستونەتەوە. مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی باڵی عیرفانی مەلا عەلی بەهاوڵاتی وت «ئەگەرچی پێشنیاری پێكهێنانی لیستی هاوبەشی ئیسلامییەكان لەلایەن ئێمەوە خرایەڕوو، بەهاوكاری كۆمەڵێك لەزانایان و كەسایەتی ئیسلامی ناوچەكە، بەڵام بەشێوەیەكی كتوپڕ ئێمەیان دوورخستەوەو بێ ئاگاداری ئێمە لیستەكەیان راگەیاند، ئەمەش جۆرێك بوو لەفێڵ كە لەئێمە كرا».
بزووتنەوەی ئیسلامی كە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانیەوە، بووەتە دوو باڵ، عیرفانی مەلا عەلی رابەری باڵێكەو كامیلی حاجی عەلی وەك رابەری باڵەکەی تر دەركەوتووە. ئەمەش گرفتی یاسایی بۆ ئەو حزبە دروستكردوەو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رێی بەهیچ یەكێك لەباڵەكانی بزووتنەوە نەداوە بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكات، هەربۆیە وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەوبارەوە بەهاوڵاتی وت «ئێمە لەهەوڵی ئەوەدابووین هەموو گروپ و پارتە ئیسلامییەكان لەناو هاوپەیمانێتیەكەماندا بن، بەڵام دیارە كە برایانی بزووتنەوە بەهۆی ئەو كێشەیەوە نەیانتوانی بەشداری بكەن، بۆیە خەتاكە لای ئێمەوە نیەو نیگەرانیشین بەوە دۆخەی كەهەیانە».
لەسەرەتای هەوڵەكانی پێكهێنانی لیستی ئیسلامی، چەند پارت و گروپێكی تری دیاری كوردستان و عێراق لەگفتوگۆدا بوون، بەڵام دواجار تەنها كۆمەڵ و یەكگرتوو گەیشتنە رێكەوتن و ئەو لیستەیان پێكهێنا كە بەناوی مەشخەڵی كەركوكەوە رایانگەیاند، لەوبارەوە عیماد كەركوكی بەرپرسی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی لەباڵی عیرفانی مەلا عەلی بەهاوڵاتی وت «لەسەرەتاوە هەریەكە لەحزبی ئیسلامی عێراقی و بزووتنەوەی ئیسلامی بەهەردوو باڵەكەوەو كۆمەڵ و یەكگرتوو و چەندان كەسایەتی دیاری عێراقی و كوردستانی لەگفتوگۆدا بوون بۆ پێكهێنانی لیستی هاوبەش، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو حزبی ئیسلامی كشایەوەو بەدوایدا كۆمەڵ و یەكگرتوو بێ ئاگاداری ئێمە لیستەكەیان راگەیاند».
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بەهۆی بوونی چەند كاندیدێك لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامییەوە، حزبی ئیسلامی لەهاوپەیمانێتیەكە كشاوەتەوە، لەوبارەوە مونیرە عەلی بەهاوڵاتی وت «حزبی ئیسلامی پێیان باش نەبوو كە دكتۆر ئەحمەد كەركوكی كاندید بێت، بۆیە كشانەوەو لەهاوپەیمانێتیەكە دەرچوون، هەرچی بزووتنەوەی ئیسلامیشە بەداخەوە بێ ئاگاداری ئێمە كارەكەیان تەواو كرد».
باڵەكەی تری بزووتنەوەی ئیسلامی، پێچەوانەی باڵەكەی عیرفانی مەلا عەلی بۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو، ئەوان پێیان وایە كە گرفت لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا هەبووە. دكتۆر محمەد بازیانی وتەبێژی باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی بەهاوڵاتی وت «ئێمە سوپاسی هەڵوێستی كۆمەڵ و یەكگرتوو دەكەین، راستەیەكەی گرفتە یاساییەكانی ئێمە رێگربوون لەوەی داخڵی هاوپەیمانێتیەكە ببین، ئەگەرچی حەزو ئاواتی ئێمە ئەوەبوو كە كورد بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكات تا دەنگی كورد لەپارێزگاكە پارێزراو بێت و سەنگ و قورساییمان لەدەست نەچێت».
لەئێستادا كەهیچ دەرفەتێك نەماوە بۆ هاوپەیمانێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی لەدەرەوەی هاوكێشەكانە، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە هیوابڕاو نین و دەیانەوێت لەسەر مێزی گفتوگۆ مامەڵە بەدەنگی لایەنگران و كادیرانیانەوە بكەن، مونیرە عەلی لەوبارەوە بەهاوڵاتی وت «بێ بەرامبەر دەنگ بەو لیستەی كۆمەڵ و یەكگرتوو نادەین، ئێمە كادرو لایەنگرێكی زۆرمان لەو پارێزگایە هەیەو لەچوارچێوەی رێكەوتنێكدا مامەڵە لەگەڵ لیستی مەشخەڵكی كەركوك دەكەین و بەمەرج ئاڕاستەی دەنگدەرانمان دەكەین بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەنگی خۆیان بدەنە لیستەكەی كۆمەڵ و یەكگرتوو.»
لەم بابەتەشدا باڵەكەی تری بزووتنەوە هەمان بۆچونیان هەیە بەلام نایانەوێت لەئێستادا رایبگەیەنن، لەوبارەوە دكتۆر محەمەد بازیانی بەهاوڵاتی وت «ئێمە لەكات و ساتی خۆیدا رای خۆمان دەردەبڕین و بەپێی ئەو سەنگ و قورساییەی كە هەمانە دەنگدەرانمان رادەسپێرین و بەهەموو جۆرێك بەشداری ئەو پرۆسەیە دەكەین، ئامانجمانە پارێزگاری لەنەتەوەكەمان بكەین».
هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە بزووتنەوەی ئیسلامی لەگفتوگۆدایە لەگەڵ پارتی و رەنگە بەشداری هاوپەیمانێتی نێوان پارتی و حزبی ئیسلامی بكات، بۆ ئەوەش وتەبێژەكەی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت «بیستومانە كە رەنگە ئەوان بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیە بكەن.» بەڵام بەرپرسانی هەردوو باڵەكە ئەوە رەتدەكەنەوەو رایدەگەیەنن كەهیچ گفتوگۆیەكیان لەوبارەوە نەكردووە.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كورد بەسێ هاوپەیمانێتی لەپارێزگای كەركوك بەشداری دەكات، هاوپەیمانێتی مەشخەڵی كەركوك، هاوپەیمانێتی پارتی و حزبی ئیسلامی، هاوپەیمانێتی یەكێتی و شیوعی. جگەلەوەش هەریەكە لە نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست بەجیا بەشداری دەكەن. هەروەها هەریەكە لەحزبی زەحمەتكێشان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان داوە.