ئێران فشار لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەکات ساڵیادی نەکەنەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەسەروبەندی نزیکبونەوەی یەکەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، هێزە ئەمنییەکانی ئێڕان فشاررەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو دەستپێکردووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی ناو ئێران بڵابوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ١٦ی ئاب، هێزە ئەمنییەکان ئێران، بنەماڵەی "کۆمار دەرئوفتادە"یان دەستگیرکردووە لەبەر ئەوەی لە ساڵیادی لەدایکبوونیدا لە سەر قەبری کوڕەکەیان کۆببوونەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی کۆمار؛ دایک و باوکی کۆمار (حەسەن دەرئوفتادە و هاجەر بەرزەنجی) و خوشک و براکانی کۆمار (ماردین، ژێکاف، میدیا و ئەفسانە) دەرئوفتادە، دەستبەسەر کراون لەکاتێکدا ژێکاف و میدیا دەرئوفتادە منداڵن. هەروەها دایکی کۆمار بە هۆی فشارەکانەوە باری تەندروستی تێکچووەو گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە.
لەو بارەیەوە ماڵپەری هەنگاو دەڵێت، بنەماڵەی کۆمار سوکایەتیان پێکراوە و لە بازگەی دەروازە شاری پیرانشار ناچارکراون کە جلە کوردییەکانیان داکەنن و دەستیش گیراوە بەسەر کەلوپەلانی تریاندا.
دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنیان، بنەماڵەی کۆمار ئازادکران. هاوکات دەنگۆی ئەوەیە هەیە کە رۆژی شەممەی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە حەسەن دەرئوفتادەیان وتووە نابێت مەراسیم رێکبخات بۆ ساڵیادی گیان لەدەستدانی کۆماری کوڕی.
هاوکات هێزە ئەمنییەکانی ئێران پەیوەندیشیان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینیەوە کردووەو پێیان راگەیاندووە کە نابێت بە بۆنەی ساڵیادی گیانلەدەستدانی کچەکەیانەوە هیچ رێورەسمێک ئەنجام بدەن
بەڵام ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، لە پەیامێکدا بە زمانی فارسی نووسیویەتی، "گیانی من لە گیانی کچەکەم ئازیزتر نییە، مەرگێکم لەپێشە و گیانێکم هەیە، کچەکەم چووە کوێ، منیش بۆ ئەوێ ئەڕۆم، کەوایە رێورەسم ئەنجام ئەدەم. جگەلەمانەش لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیاوە نامەیان بۆ ناردووم و هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان دەربڕیوە و منیش بەوپەڕی رێزەوە خۆم ئامادە کردووە بەوەی رێورەسم بەڕێوە ببەم."
رۆژی پێنج شەممە 10ی ئابی 2023، موژگان ئێفتخاری, دایکی ژینا، وێنەیەکی نوێی ژینا ئەمینی لە ستۆری ئێنستاگرام بڵاوکردەوەو نووسی، "حەزرەتی عەشق، سێ رۆژ بەر لە شەهیدبوونی."
بەلەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوە لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لایەنە ئەمنییەکانی بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە بە هاندانی خەڵک لێک ئەدەنەوە.
پێشتریش و لە رۆژی 1ی ئابی 2023، ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، برایە بەردەم دادگا و تۆمەتی تێکدانی ئەمنیەتی گشتی و تێکدانی بیروڕای خەڵکی درایە پاڵ.
ژینا ئەمینی، کچە کوردێکی سەقزی، رۆژی 13ی ئەیلوولی 2022 لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە، بەو بیانوی ئەوەی کە حیجابەکەی تەواو نەبووە دەستگیرکراو و لە ژێر ئەشکەنجەدا باری تەندروستی تێکچوو. دوای سێ رۆژ، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لە دەستدا و گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ سەقز، دەستپێکی ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتەوە کە بەشۆڕشی ژینا ناسراوە.