بێ پرسی حکومەتی هەرێم، عێراق خەریکی دەرهێنانی نەوتە
حکومەتی هەرێم ئاگای لەبابەتەکە نییەو حکومەتی عێراقیش کارەکانی دەستپێکردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
لەچەند رۆژی داهاتوودا حکومەتی عێراق دەستدەکات بەدەرهێنانی نەوت لەناوچە جێناکۆکەکان و هیچ پرسێکی بەهەرێمی کوردستان نەکردووە و لایەنی پەیەندیداریش لەسەر بابەتەکە بێگایی خۆیان دەربڕی و دەڵێن، «هیچیان پێ رانەگەیەندراوە و زانیارییان نییە».
باسم محەمەد، بریکاری وەزیری نەوت بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، وەزارەت کار بۆ بەهێزکردنی یەدەگی سامانی نەوت و گاز دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش لەچەندڕۆژی داهاتوودا چەند بیرە نەوتێک لەقەزای کفری لێدەدرێت.
لایەنی ئیداری قەزای کفری بێئاگایە لەبابەتەکە و حکومەتی عێراق قەزای کفری وەک قەزایەکی دیالە ناودەبات، ئەگەرچی ئەو ناحیەی کەکاری دەرهێنانی نەوتی تێدا دەکرێت لەئێستادا لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەقەزای خانەقینە، بەڵام حکومەتی عێراق ناحیەی قەرەتەپە وەک ناحیەیەکی سەر بەقەزای کفری ناودەبات.
بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەو پێنج گوندەی کەکاری دەرهێنانی نەوتی تێدادەکرێت دوو لەو گوندانە کوردنشینن.
وەسفی عەلوان بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە بۆ هاوڵاتی وتی،» لەچەندڕۆژی داهاتوودا کارەکانی لێدانی چەند بیرە نەوتێک لە ناحیەی قەرەتەپە دەستپێدەکات و کارەکانی دەرهێنانی نەوت دراون بەکۆمپانیایەکی ئیماراتی، لەپێنج گوندی ناحیەکە کارەکان دەستپێدەکات ئەوانیش ئەبوعەلەک، گڵابات، چاڵەوخاڵد،حوزەیفە، شۆکە، لەم پێنج گوندە دوو گوندیان کوردنشین».
جگە لەو گوندانە، ناحیەی قەرەتەپە چەند گوندێکی تری تیدایە کەحکومەتی عێراقی پلانی هەیە نەوتی تێدا دەربهێنێت.
عەلوان لەسەر پلانەکانی حکومەتی عێراقی بۆ دەرهێنانی نەوت وتی، « ناحیەی قەرەتە و جەبارەو کۆکز سەر بەقەزای کفرین و بەشێکن لەدیالە هەربۆیە باس لەوە کراوە کەبیرەکان لەقەزای کفری دەبن و جگە لەو گوندانە چەند گوندێکی دیکەش لەسنوری ناحیەی قەرەتەپە نەوتی تێدایەو حکومەتی عێراق پلانی دەبێت بۆ ئەوەی کاری دەرهێنانی نەوتی تێدابکات وەک نارین و چەند شوێنکی دیکە».
بەپێی قسەی بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە لیدانی بیرە نەوتییەکان سوود بەهاووڵاتیانی ناوچەکە دەگەیەنێت و هەلی کار زیاد دەکات.
«سنورەکەمان دەوڵەمەندە بەسامانی سروشتی وەک نەوت وگا و هەمو کارئاسانیەک دەکەین بۆ ئەوەی کاری دەرهێنانی تێدابکرێت سودی بۆ ناوچەکە هەبێت کەهەلی کاری زیاتر دەخاتە سنورەکەوە، لەم رۆژانەدا کار بۆ ئەوە دەکەین ئەو زەویانەی کە هی هاووڵاتیانی سنورەکە بن قەرەبویان دەکەینەوە بۆ ئەوەی هیچ گرفتێک دروستنەبێت بۆ کارەکان،» عەلوان وای وت.
هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم دەڵێن ئاگایان لە بابەتەکە نییە، بەڵام پارێزگاری دیالە باس لەوە دەکات لەپەیوەندیدا دەبن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری هەرێم و بەرنامەیان هەیە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن.
موسەنا تەمیمی پارێزگاری دیالە بۆ هاوڵاتی وتی،» بەڵێ ئەو سنورە ناوچەی جێناکۆکەو ئێمە لە پەیوەندیدا دەبین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری هەرێم و سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی رێکارەکانی دیکە کەماوەتەوە بۆ ئێمە پێکەوە تەواوی بکەین، ئەگەرچی بڕیاری دەرهێنان و لێدانی بیرەکان کارەکانی تەواو بووە لەلای وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتیەکان، بەڵام کارە ئیداریەکانی لەلای ئێمە دەبێت و ئێمە لەبەرنامەماندایە کە لەسەر ئەم بابەتە دانشین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری هەرێم و ئیدارەی گەرمیان».
پارێزگاری دیالە دەشڵێت، « کفری سەر بەدیالەیە ئەگەر چی لەڕووی بەڕێوەبردنەوە لەلایەن هەرێمەوە بەڕێوە دەبرێت، لەچەند شوێنێکی دیکەی پارێزگاکەدا لە کۆنەوە نەوت بوونی هەیە بەڵام کار بۆ دەرهێنانی نەکراوە لەئێستاشدا بەهیواین دەرهێانی نەوت لەو سنورەش خێرێکی باشی هەبێت بۆ هەموو سنورەکە چونکە سنورەکە بەگشتی پێویستی بەکارکردنی باشترو هەلی کار بۆ گەنجەکان هەیەو لەڕێژەی دەرهێانی نەوتیشدا وەک تەواوی ئەو پارێزگایانەی کە نەوتی تێدایە بەشێکی بۆ پارێزگاکە سەرف دەکرێت و پشکی خۆی دەبێت».
سەبارەت بەم بابەتە هاووڵاتی پەیوەندی کرد بە د.عزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەپشکی هەرێم و هەروەها قایمقامی کفریەوە ، بەڵام هەردوو لایەنی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان بێئاگایی خۆیان دەربڕی کەهیچ زانیاریەکیان لەسەر ئەم بابەتە نیەو کەس هیچی پێ رانەگەیاندون.
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەسەر پرسەکە دەڵێت، هەر کارێکی دەرهێنانی نەوت بکرێت لەکفری دەبێت لەگەڵ هەرێمدا هەماهەنگی بکرێت، چونکە لەڕووی ئیدارییەوە قەزاکە ناوچەیەکی کێشەلەسەر نییە سەر بەهەرێمە.
فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ هاوڵاتی وتی،» کفری ناوچەی کێشەلەسەر نیە و لەڕووی ئیدارەیەوە سەر بەهەرێمەو قەزایەکە سەر بەئیدارەی گەرمیان و بۆ ئەو ناحیانەی کە لەکفریەوە نزیکن و ناوچەی جێناکۆنن بیرە نەوتی تێدا هەڵدەکەنرێت، پێویستە لەگەڵ هەرێمدا کۆبوونەوەو تەنسیق بکرێت لەنێوان هەردوولادا بۆئەوەی کێشەکان گەورە نەبێت «.
فەهمی بورهان دەشڵێت، «هەرچەندە لەسەر ئەم بابەتە ئاگادارنیم، بەڵام دەبێت لەگەڵ ئیدارەی گەرمیاندا هەماهەنگی هەبێت و پێکەوە کارەکانی دیکەی ئەنجامبدەن چونکە ئەو سنورە ناوچەی جێناکۆکەو بەشێکی زۆری گوندەکانی کوردنشینن و ئەگەرچی لەئێستادا بەدەست کوردەوە نین لەڕووی بەڕێوەبردنەوە».