گۆڕان متمانەی بەدەنگدەرانی نەماوەو بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش



دلێر عەبدوڵڵا

بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناكات و ئەندامێكی چڤاتیش رایدەگەیەنێت كە نە خەڵك متمانەی بەدەنگدان ماوەو نە ئەوانیش متمانەیان هەیە خەڵك دەنگیان پێبدات، رۆژنامەنووسێكیش پێی وایە كەگۆڕان بەم هەڵوێستەی خزمەت بەپارتی دەكات.

بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە بڕیارە رۆژی 18ی مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری ناكات و بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە دەكات لەپارێزگای كەركوك.

لەوبارەوە خەلیل سەركانی ئەندامی چڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «بەڵێ بەشداری ناكەین و بڕیارمان داوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەین، بۆچی بەشداری هەڵبژاردنێك بكەین كە لێمان دیارە ئەنجامەكەی چۆنەو كێ براوە دەبێت».

بزوتنەوەی گۆڕان كە لەهەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی هیچ كورسییەكی نوێنەرایەتی بەدەستبهێنێت و ئاست و پێگەی جەماوەری دابەزی، لەهەڵبژاردنی ئەمجارەشدا ترسی هەیە كەدەنگی پێویست نەهێنێت، بۆیە بڕیاری بایكۆتی داوە، ئەندامەكەی چڤات بەهاوڵاتی وت، «خەڵك بێهیوا بووە لەگۆڕان و هەموو هێزەكانی تر، لەیەكێتی و لەپارتی و لەهەموو هێزەكان، خەڵك موچەی نییە ئیتر بەشداری هەڵبژاردنی چی بكات، متمانەمان بەدەنگدەر نەماوەو لەهەموو لایەكەوە ئێمە دژایەتی دەكرێین، وەك ئەوەی ئێمە مووچەو بودجەو قوتی خەڵكمان بڕیبێت، وەك ئەوەی ئێمە بین هۆكاری تەسلیمكردنەوەی نیوەی خاكی هەرێم بەناوەند».

ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان ئەم بڕیارەی بەشێوەیەكی فەرمی رانەگەیاندووەو لەهیچ ئۆرگان و دەزگایەكی فەرمیەوە بڵاوینەكردووەتەوە، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی چڤات تەئكید لەوە دەكەنەوەو پێیان وایە كەئەوە بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕانە.

ئاراس وەلی ئەندامی چڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت، «گۆڕان بەفەرمی ئەوەی رانەگەیاندووە كەبایكۆت دەكات، تائێستاش كۆبوونەوە لەوبارەوە نەكراوەو بڕیارەكە رانەگەیەنراوە».

لەماوەی رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان بانگەشەی ئەوەی دەكرد كەئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكەن و بەڵێنی ئەوەی بەجەماوەرەكەیدا كە بەشێوازی نوێ و گوڕوتینێكی بەهێزەوە دەگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی و بزووتنەوەكە بۆ دۆخی رابردوو دەگەڕێننەوە، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بڕیاری ئەوە دراوە كە بایكۆتی گرنگترین هەڵبژاردنی داهاتوو بكات، بۆ ئەوە خەلیل سەركانی بەهاوڵاتی وت: «راستە ئێمە پێشتر بانگەشەی ئەوەمان كردووە، بەڵام ئەوەی كەركوك جیاوازە، خۆی باشتربوو كورد لەوێ بەیەك لیست بەشداری بكات و هەموو لایەنەكان لەخەمی كوردا بوونایە، بەڵام كەئەوە نەكرا ئیتر گرنگ نییە ئێمە بەشداری بكەین».

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لەگۆڕان كردووە كە لەهاوپەیمانێتیەكەیدا بەشداری بكات، بەڵام گۆڕان ئەوەی رەتكردووەتەوە، بۆ ئەوەش خەلیل سەركانی وتی «پارتی داوای لێمان كرد كەبچینە هاوپەیمانێتیەكەیان، بەڵام ئێمە پێمان باشبوو كەهەموو هێزەكان لەژێر چەتری یەك بەرەدا بەشداری بكەن، نەك بەو پەرش و بڵاوییە كە پێمان وایە دواجار كورد زیانی گەورەی بەردەكەوێت».

لەگەڵ ئەوەی بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن دراوە، بەڵام تائێستا گۆڕان بڕیاری نەداوە دەنگیان بۆ كام لیست و هاوپەیمانێتی كوردی دەبێت لەهەڵبژاردنەكەدا، هۆشیار عومەر عەلی رێكخەری ژووری پەیوەندی دیپلۆماسی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت: «تائێستا هیچ بڕیارێكمان نەداوەو لەبارەی هەڵبژاردنەوە قسە نەكراوە، هەر بڕیارێكیش هەبێت بزووتنەوەكە بەشێوەیەكی فەرمی بڵاویدەكاتەوە».

گۆڕان كە لەئێستادا نزیكایەتی لەپارتی هەیەو لەحكومەتی سێقۆڵیدا بەشدارە، گومانی ئەوەی لێدەكرێت بۆ ئەو هەڵبژاردنەی كەركوك دەنگی بۆ پارتی بێت، هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت: «گۆڕان بەحكومی نزیكایەتی لەپارتی، لەو هەڵبژاردنە دەنگی بۆ پارتی دەبێت، ئەم بایكۆتەی بەسودو قازانجی ئەوانە».

هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنی كەركوك، بڕیاری چڤات نییەو تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی كۆبوونەوە لەوبارەوە نەكراوە، ئەوەی هەیە تەنها بڕیاری كوڕانی نەوشیروان مستەفایە، هەربۆیە بزووتنەوەكە تائێستا بەفەرمی بڕیاری بایكۆتی رانەگەیاندووە، لەوبارەوە هۆشیار عومەر بەهاوڵاتی وت: «ئاگادارنیم كە بڕیاری بایكۆت درابێت، دوورو نزیك ئاگاداری ئەو بڕیارە نیم، سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان روونەو هەر بڕیارێك هەبێت بەفەرمی بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت».

بەڕای چاودێرانی سیاسی، بزووتنەوەی گۆڕان لەپاشەكشەی بەردەوامدایە، بۆیە ترسی لەهەڵبژاردن هەیەو نایەوێت جارێكی تر ئەزموونی شكست بكات. لەوبارەوە هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت: «بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتووە، باش دەزانن كە دەنگ ناهێنن، بۆیە نایانەوێت خەرجی بانگەشە بكەن و دووبارە شكستێكی تر ببینن، تازە ئەوان مردوون، سەردەمی عیساش نەماوە تا بەموعجیزە گۆڕان زیندو ببێتەوە».

لەقۆناغی ئێستادا، گۆڕان سەرقاڵە بەخۆڕێكخستنەوەو ئەنجامدانی كۆنفرانس بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیكەری حزب، چونكە لەئێستادا بەشێك لەئەندامانی چڤات وازیانهێناوەو دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، لەوبارەوە خەلیل سەركانی وتی: «گۆڕان لەئێستادا هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كۆنفرانس رێكبخات، سەرلەنوێ حزب رێكبخرێتەوە، تا بۆ هەڵبژاردنی كوردستان بەشێوەیەكی باش خۆمان ئامادەبكەین».

بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی جەماوەری لە 25ی تەمموزی ساڵی 2009 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردو توانی لەیەكەمین بەشداری خۆیدا لەپرۆسەی هەڵبژاردن 25 كورسی بەدەستبهێنێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانكاری لەسیاسەتی حزبەكەو پەیوەندیكردنی چەندان سەركردەو پەرلەمانتاری ئەو حزبەوە بەپارتی دیموكراتی كوردستان و حزبەكانی ترەوە، متمانەی بزووتنەوەی گۆڕان كەمیكردو لەدوایین هەڵبژاردنی عێراقیشدا نەیتوانی هیچ كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار