شەوێک لەچاوەڕوانی بردنی کێکەکەی بەغدا
گرژی دەکەوێتە نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرکۆمارو هەریەکەیان هاوپەیمانێتیەک لەبەغدا پێکدێنن بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەوی رابردوو ناکۆکی و گرژی کەوتە گفتوگۆکانی نێوان هەریەکە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە هەریەکەیان خۆیان بەخاوەنی دەزانن، هەردولاش دوو بەرەی هاوپەیمانێتیان لە بەغدا بۆ خۆیان دروستیکردوە تاکو پاڵپشتی کاندیدەکانیان بکەن.
ئەو دوولایەنە بۆ یه‌که‌مجار له‌دواى روخانى رژێمى سه‌دام حوسه‌ینه‌وه به دوو کاندیدى جیا ده‌چنه کێبڕکێی سه‌رۆک کۆمارى عێراقه‌وه‌و هه‌ریه‌که‌یان هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى پۆسته‌که ده‌ده‌ن. ناکۆکیەکانی شەوی رابردوو وایکرد کەداوا بکرێت وادەی دەنگدان لەسەر پۆستەکە درێژ بکرێتەوە بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە پێشتر بڕیاری لێدرابوو سێشەممەی داهاتوو دەنگدانی بۆ بکرێت.
یەکێتی بەرهەم ساڵح بەفەرمی کاندید کردوە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام پارتی چەند ناوێکی داوەتە هاوپەیمانەکانی لەبەغدا کە دیارترینیان فوئاد حسێنە. لەگەڵ ئەوەشدا ناوی فازل میرانی وەکو یەکێک لە کاندیدە بەهێزەکان دێت، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی هاوڵاتی ئەگەر بەرهەم ساڵح وەکو تاکە کاندیدی یەکێتی بمێنێتەوە، پارتی فوئاد حسێن دەکاتە کاندیدی سەرکۆمار، بەوپێیەی لەڕووی پەیوەندی و زمانزانینیەوە بە کەسێکی کێبڕکێکار دادەنرێت بەرامبەر بە بەرهەم ساڵح، سەرەڕای ئەوەی کەسێکی نزیکە لە مەسعود بازرانی سەرۆکی پارتی.
سەعد موتەڵیبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی بە هاوڵاتی وت «ناکۆکییەکە لەهەرێمی کوردستان لەسەر ئەوەیە کەکام لەکاندیدی ئەو دوو لایەنە پۆستەکە وەردەگرێت و ئێمەش لەدەوڵەتی یاسا رێز لەڕای برا کوردەکان دەگرین، ئەگەر یەک کاندیدیان هەبێت ئەوە ئێمە بەدڵنیاییەوە پشتگیری دەکەین، بەڵام گەر دوو کاندیدیان هەبێت ئەو کات وێنەکە دەگۆڕێت و ئەوکات پێویستە گفتوگۆ ئەنجامبدرێت و هەڵسەنگاندن و بەراوردکاری لەنێوان کاندیدەکان بکرێت بۆ ئەوەی بزانین کامیان گونجاوترن بۆ بەغدا لەڕووی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو کوردستان».
بەڵام محەمەد کەربولی سەرۆکی حزبی حەل رایگەیاند کە لەلایەن پارتیەوە ناوی هەریەکە لە (فوئاد حسێن، هۆشیار زێباری، رۆژ نوری شاوەیس، فازڵ میرانی) بەوان دراوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەربدەن بۆ پۆستی سەرکۆمار.
وتیشی «زۆرینەی هاوپەیمانی (بنیاتنان) دەنگ بۆ کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات».
له‌چوارچێوه‌ى هه‌وڵه‌کانى پارتیدا بۆ به‌ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆک کۆمار، شەوی رابردوو نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆکى پارتى زنجیره‌یه‌ک کۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ى لایه‌نه عێراقییه‌کان ئه‌نجامدا، بۆ تاوتوێکردنى پرسی دیاریکردنى کاندید بۆ پۆسته‌کان له‌ناویاندا پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق.
سەردانە کتوپڕەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداو دیدارە یەک لەدوای یەکەکانی لەشەوی رابردودا ئاماژەیە بەجدیبونی پارتی لەسەر چونە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار.
سەعد موتەڵیبی وتی «گرنگترین خاڵ بۆ ئێمە ئەوەیە کە پێویستە کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دەروازەی پتەوکردن و چاککردنەوەی پەیوەندی نێوان بەغداو هەرێم بێت، ئەو کەسە پەیوەندییە باشەکان دەگەڕێنێتەوەو دووبارە دەوڵەتی فیدڕاڵی یەکگرتوو بونیاد دەنێتەوە و گەلی کوردیش دەکاتەوە بەبەشێک لەگەلی عێراق».
بەوەتەی سەرکردەکەی هاوپەیمانی «بنیاتنان» پارتی و یەکێتی پەیوەندی مێژوییان لەگەڵ هاوپەیمانێتیەکەدا هەیە، بۆیە بەوتەی ئەو «قورسە کە هەڵسەنگاندن لەنێوانیان بکرێت، بەڵام پێویستە گوێبیستی هەردوولا بین و ئەنجامی دروستیش دوای ئەو دانیشتنانە دەردەکەوێت».
لەبارەی رۆڵی ئێران و ئەمریکاوە موتەڵیبی دەڵێت «بەدڵنیاییەوە کاریگەرییان هەیەو کاڵفامین ئەگەر بڵێین کاریگەری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە، بەئەگەری زۆرەوە بڕیارەکە بڕیارێکی عێراقی دەبێت لەگەڵ رەچاوکردنی بەرژەوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، ئەو دەوڵەتانە هاوڕێی عێراقن و بەدڵنیاییەوە گوێ لەبۆچوونەکانیان دەگیرێت بەڵام لەکۆتاییدا بڕیارەکە عێراقی دەبێت».
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بەرهەم ساڵح وەزیری پلاندانان و دواتریش جێگری سەرۆک وەزیران بووە لەحکومەتی فیدڕاڵی عێراق، ئەمەش جۆرێک لەتایبەتمەندی پێدەبەخشێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگی لایەنە شیعەکان.
بەڵام موتەڵیبی ئەوەش ناشارێتەوە کە «فازڵ میرانی لەبەغدا لەدایکبووەو عەرەبییەکی زۆر باش قسە دەکات و دەرچووی خوێندنگەکانی بەغدایەو لەڕوحی بەغدایی و روحی عەرەبی تێدەگات و ئەویش کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە، هەرچەندە پێشتر پۆستی لەبەغدا نەبووە، بەڵام دانوستانکارێکی باش بووە لەزۆرێک لەڕووداوەکاندا».
لای خۆیەوە عەلی سنێد، سەرکردە لەهاوپەیمانی نەسڕ کە بەشێکە لەهاوپەیمانی ئیسڵاح، کە ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادییە بۆ هاوڵاتی جەختی لەوە کردەوە کە لەبەرامبەر کاندیدەکەی یەکێتیدا، پارتی سێ کاندیدی پێشکەشی لایەنە عێراقییەکان کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هاوڵاتی بەوەی زانیوە کە رای زۆرینە لەئەندامانی هاوپەیمانی نەسڕو بەشێک لەلایەن و ئەندامانی ناو هاوپەیمانی ئیسڵاح لەگەڵ ئەوەدان دەنگ بەبەرهەم ساڵح بدرێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. هەندێکیشیان مەیلیان بەلای دەنگدانە بەکاندیدەکەی پارتی.
عەلی سنێد وتی «ئێمە بەیەک چاو دەڕوانینە لایەنە کوردییەکان و دەنگ دەدەین بەو کاندیدەی لایەنە کوردییەکان لەسەری رێکدەکەون، ئەگەر ئەو رێککەوتنەش لەنێوان لایەنە کوردییەکان نەبوو و زیاتر لەکاندیدێکیش هەبوو ئەوە دەنگدانی ئێمە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە لەسەر بنەمای دەنگدانی لایەنە کوردییەکان دەبێت بۆ کاندیدی ئێمە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران».
سەرکردەی هاوپەیمانی ئیسڵاح بەدووری دەزانێت کە» لە دەنگدانی یەکەمدا دیاریکردنی سەرۆک کۆمار یەکلایی ببێتەوە، هەر بۆیە گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکە ئەنجامدەدرێت.»
لەلایەکی تریشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە دەنگدان لەسەر پۆستی سەرکۆمار دوابخات بۆ دوای هەلبژاردن، بەوپێیەی پارتی پێشبینی ئەوەدەکات براوەی هەڵبژاردن بێت و هیزی خۆی پیشان بدات بۆ ئەوەی سوربێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار.
بەپێی زانیاریەکانی هاوڵاتی لەئەگەری مانەوەی بەرهەم ساڵح بەتاکە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرکۆمار، پارتی فوئاد حسێن کاندید دەکات وەک که‌سێک کەهاوشێوەی بەرهەم ساڵح چەند زمانێک دەزانێت پەیوەندیەکی زۆریشی لەناوەوەو دەرەوەی عێراق هەیە، هەروەها کەسێکی نزیکە له مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتی کوردستان.
تەنانەت دواى ده‌ستبه‌رداربوونى بارزانی له‌پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم، فوئاد حسێن به‌رده‌وام له‌کۆبوونه‌وه‌کانى حکومه‌تی هەرێمدا به‌شداربووه‌و له‌گه‌ڵ وه‌فده حکومیهکانیشدا چووه‌ته ده‌ره‌وه.
ئه‌و هه‌وڵانه‌ى پارتى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆک کۆمار‌و کارکردن بۆ کۆکردنه‌وه‌ى پشتیوانى لایه‌نه عێراقییه‌کان له‌و باره‌یه‌وه نیگه‌رانى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستانى به‌دواى خۆیدا هێناوه، به‌وپێیه‌ى پێشتر هه‌ردوو حزب بڕیاریاندابوو بهکارنامهیهکى هاوبه‌ش بچنه به‌غدا.
مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتى شه‌وى رابردوو لهبهیهیاننامهیهکدا ڕایگه‌یاند، به‌پێچه‌وانه‌ى یه‌کهه‌ڵوێستی، وه‌فدێکى پارتى به‌سه‌رۆکایه‌تى نێچیرڤان بارزانى تاکلایه‌نه چوونه‌ته به‌غدا بۆ گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌کانى عێراق له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بابه‌تى په‌یوه‌ست به پێکهێنانى حکومه‌تى داهاتوى عێراق و به‌تایبه‌ت پۆستى سه‌رۆک کۆمار، پاش ئه‌وه‌ى یه‌کێتى به‌رهه‌م ساڵحى بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته دیاریکردووه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه، ئه‌م کاره‌ى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کڕیزى ناوماڵى کورد‌و یه‌کهه‌ڵوێستى نایه‌ته‌وه، بۆیه یه‌کێتى هه‌ڵده‌ستێت به‌کارى پێویست بۆ ڕاییکردنى سه‌رجه‌م کاره سیاسى و یاساییه‌کان له‌پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى عێراق بۆ به‌ربژێره‌که‌ى خۆی.
سامان گه‌رمیانى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت «وه‌ک یه‌کێتى دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح کاندیدى فه‌رمیه بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمار، پارتیش با کاندیدى خۆى هه‌بێت ئێمه سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنین، چونکه مام جه‌لال چه‌ندین ساڵ له‌به‌غدا بووه‌و په‌یوه‌ندى توندوتۆڵى له‌گه‌ڵ هێزه عێراقییه‌کان هه‌بووە«.
له‌باره‌ى ره‌تکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح له‌لایه‌ن پارتى-یه‌وه، گه‌رمیانى وتی «قبوڵنه‌کردنى به‌رهه‌م ساڵح له‌لایه‌ن پارتییه‌وه مه‌غزاى سیاسى خۆى هه‌یه، به‌ڵام ئێمه کاندیدى خۆمان هه‌یه و ده‌چینه کێبڕکێوه«.
ئامادەکردنی: سامان مەجید، ئارا ئیبراهیم، سەروەر خەلیل