پریگۆژین لەکۆڵ کرایەوە و گروپەکەشی بێهێز دەکرێت

پوتن: پریگۆژین کەسێکی بەهرەدار بوو بەڵام هەڵەی جددی هەبوو

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

یەڤگینی پریگۆژین نزیکەی ١٠ ساڵی پێچوو تا گروپی چەکداری ڤاگنەر دروست بکات. گروپەکی ئەڤگینی بووە سەرەکیترین گروپ لەجەنگی روسیا دژی ئۆکرانیاو سەربازەکانی پریگۆژین یارمەتیدەربوون بۆ زیادکردنی هەژمونی روسیا لەئاستی جیهانیدا، لەڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لەئەفریقاو سوریا.

ئێستا کە یەڤگینی لەمەیدانەکە نەماوە، مردنەکەی بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین گومان لەسەر داهاتووی ڤاگنەر. شارەزایانی سەربازی و بەرپرسانی سەربازی رۆژئاوا بیر لەوەدەکەنەوە کەکێ جێگەی دەگرێتەوە و چی بەسەر ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانەدا دێت کە پریگۆژین سەرکردایەتی دەکردن.

چۆن کوژراو بۆچی کوژرا؟

یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، لەچوارشەممەی رابردوو لە کەوتنەخوارەوەی فرۆکەیەک لەهەرێمی تڤیر لەنزیک مۆسکۆ لەگەڵ نۆ سەرنشینی تر گیانی لەدەستدا. بەشێک لەسەرنشینەکان فەرماندەی باڵاو نزیکی پریگۆژین بوون.

سەرەتا روسیا نکۆڵی دەکرد کە فڕۆکەکە پریگۆژینی تێدا بووبێت بەڵام دوای چەند رۆژێک لیژنەی لێکۆڵینەوەی روسیا رایگەیاند، لەڕێی پشکنینی جیناتییەوە مردنی یەڤگینی پریگۆژین لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەی رۆژی هەیینی پشتڕاستکراوەتەوە.

لەلێکۆڵینەوەی لیژنەکەدا هاتووە کە یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، مردووە ئەویش دوای ئەوەی کە «پشکنینە جیناتییەکان کۆتاییان هاتووەو ئەنجەماکەی دەریدەخات جیناتی ئەو 10 سەرنشینەی لەفرۆکەکەدا بوون هاوتان لەگەڵ لیستی ناوی ئەو کەسانەی کە لەفرۆکەکەدا پێشتر بڵاوکراونەتەوە.» ئاژانسی فرۆکەوانی روسیا پێشتر لیستی سەرنشینەکانی بڵاوکردەوە کە یەکێک لەوانە پریگۆژین بوو.

مردنی پریگۆژین چەندین سیناریۆی جیاوازی دروستکردووەو دەوترێت کە دەستی روسیا خۆی تێدا بووە. تەنانەت سەرۆکی ئەمریکاو ئۆکرانیا بڕوایان وایە کە کاری روسیا خۆی بێت.

یەڤگینی یەکیک بوو لەنزیکەکانی ڤلادمیر پوتن، بەڵام ئەو نزیکایەتی و هاوڕێیەتیە لەمانگی حوزەیراندا کۆتایی هات کاتێک پریگۆژین دژی فەرماندە باڵاکانی سەربازی روسیا جوڵایەوە و چەکدارەکانی لەئۆکرانیاوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێکرد کەوەک هەڵمەتێکی «کودەتا» لیکدرایەوە و تەنانەت پوتین خۆشی رایگەیاند کە کارێکی خیانەت بوو.

تەنها دوای چەند رۆژیک لەکودەتا شکستخواردووەکە، کە دواتر پوتن رێککەوتنی لەگەڵ پریگۆژیندا کردو رەوانەی بیلاڕوس کرا، سەرۆکی روسیا بەڕوونی وتی کە کارەکەی گروپی ڤاگنەر جۆرێک بوو لەخیانەت. هەرچەندە ناوی پریگۆژینی نەبرد بەڵام «رێکخەرانی یاخیبونەکەی» بە خیانەت کردن لە روسیا ناوبرد.

میدیاکانی رۆژئاوا سوورن لەسەر ئەوەی کە کوشتنی پریگۆژین تۆڵەکردنەوەی پوتنە، بەڵام کۆشکی کریملن دەڵێت، کە ئەوەی رۆژائاوا دەیڵێت «گوایە پریگۆژین بە فەرمانی ئێمە کوژراوە درۆیەکی بێ چەندوچونە».

هیچ بەڵگەیەک نییە کە دەستتێوەردانی کریملن و هیزە ئەمنییەکانی روسیا ببەستێەوە بەکەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە و هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکەش تائیستا نەزانراوە.

چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە قسەیان بۆ سی ئێن ئێن کردووە هۆشداری ئەوەیان داوە کەهێشتا زووە بگەیتە ئەنجام دەربارەی هۆکاری روودانی رووداوەکە، بەڵام ژمارەیەک ئەگەر رەچاو کراوەو لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت، لەوانەش دانانی بۆمبێک لەناو فڕۆکەکە کەبووەتە هۆی تێکشکانی.

هاوکات سی ئێن ئێن دەڵێت، لەهەمانکاتدا هەندێک کەس کە ناویان نەهاتووەو ئاشنان بەکاری هەواڵگری بڕوایان وایە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بە ئەنقەست بووبێت و ئامانجی سەرەکی ئەوە بووبێت کە پریگۆژین بکوژرێت.

پاتریک رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن، رایگەیاندووە ئەوان زانیارییان نییە کە فڕۆکەکەی پریگۆژین بەموشەکی هێزی بەرگری ئاسمانی تێکشکابێت، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە کە بڕوایان وایە پریگۆژین کوژرابێت نەک رووداوێکی رێکەوت بێت.

تەنانەت جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاو بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوە کردووە پوتن لەپشت تێکشکانی فڕۆکەکە بووبێت.

بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن کە لەگەڵ چەند کەسێکی روسیا قسەی کردووە، بەبێ ئەوەی پلەو پۆستیان ئاشکرا بکات بەهۆی ترسیان لەئاشکرابوونیان، هەندێکیان بەڕاشکاوانە قسەیان لەسەر بابەتەکە کردووەو دەڵێن، «پریگۆژین لەلایەن پوتنەوە کوژراوە کە لەخیانەت خۆش نابێت، پوتن لەپشتی ئەم کارە بووە، رەنگە دارودەستەکەی بووبن بەڵام ئەو زانیویەتی و رەزامەند بووە لەسەری».

پشتڕاستکردنەوەی گومانەکان لەلایەن میدیای رۆژئاواوە لەوە دێت کەهەندێک مدیای روسیا بڵاویانکردەوە کە ئۆکرانیا لەپشت کوشتنی پریگۆژینەوە بێت، بەڵام لەو بارەیەوە ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، «ئێمە پەیوەندیمان بەدۆخەکەوە نییە، بەڵام هەموو کەس ئەزانێت کێ پەیوەندی هەیە بەو بابەتەوە».

پریگۆژین «هەندێک هەڵەی جددی کردووە لەژیانیدا»

دوای رۆژێک لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە پوتن قسەی بۆ رایگشتی کردو وتی سەرکردەکەی ڤاگنەر کەسێکی «بەهرەمەند بوو» بەڵام «هەندێک هەڵەی جددی کردووە لەژیانیدا».

سەرۆکی روسیا لەدەمی رابردوو دەربارەی پریگۆژین قسەی کردو وتی کە «ماوەیەکی زۆر بوو» سەرکردەکەی ڤاگنەری دەناسی. «ئەو پیاوێک بوو کە دیار بوو چارەنووسی سەخت دەبێت، هەروەها هەندێک هەڵەی جددی لە ژیانیدا کردووە و ئەوەی بەدەستهێناوە کە پێویست بووە خۆی و کە منیش داوامکردووە بۆ ئامانجێکی هاوبەش»، پوتن وای وت.

دوای مردنی پریگۆژین، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی دەرکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕکەرانی ڤاگنەر. لەچەند رۆژی رابردوودا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی نوێی دەرکردو لە رۆژی هەینیدا واژۆی کردووە کە دەبێت دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی فەرمانەکە دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی کار بۆ سوپا دەکەن سوێندی یاسایی بخۆن وەک دەربڕینی دڵسۆزی بۆ روسیاو لانەدان لەفەرمانی سەرۆکی وڵات.

لەبەشێکی فەرمانەکەدا هاتووە کە ئەوانەی سوێندی یاسایی دەخۆن نابێت لەفەرمانی فەرماندەو سەرکردە باڵاکان دەربچن و پێویستە لەسەریان پەیڕەوی لەبڕیارەکانیان بکەن.

بەپێی وتەی شارەزایانی بواری سەربازی، دەرکردنی ئەو فەرمانە لەلایەن پوتنەوە بۆ گروپی ڤاگنەرو گروپە میلیشیاکانی تر هەنگاوێکی روونە کە سەرۆکی روسیا دەیەوێت بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی وڵاتەوە کودەتاکەی مانگی حوزەیران کە ترسی دروست کردووە دووبارە ببنە هۆی مەترسی و جارێکی تر ترس بۆ دەسەڵاتی وڵات دروست بکەن.

ڤاگنەر دوای پریگۆژین چی لێدێت؟

مردنی پریگۆژین دوای دوو مانگ لەکودەتاکە گومانی لای شارەزایان دروستکردووەو دەڵێن پوتن پێویستی بەو ماوەیە هەبووە تاجێگرەوەیەک بۆ پریگۆژین دابنێت.

بینۆیت برینگەر، رۆژنامەنوس کە بەڵگەفیلمێکی لەسەر گروپی ڤاگنەر کردووە بۆ بی بی سی قسەی کردووەو دەڵێت، یەکێک لە بەربژیرە هەرە سەرەکییەکانی بۆ شوێنگرتنەوەی پریگۆژین ئەندرێی ئەڤریانۆڤە کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی هەواڵگری روسیایە.

برینگەر دەڵێت، «وادیارە پوتن کاتی پێویست بووە بۆ ئەوەی بەنهێنی ئەم گۆڕانکارییە رێکبخات، ئەمەش ئەو هۆکارە رووندەکاتەوە کە بۆچی دوو مانگ وەستا تا پریگۆژین لەکۆڵ بکاتەوە».

تەنانەت عەباس گالیامۆڤ، وتارنووسی پێشووی پوتن لەگەڵ ئەم قسەیەدا هاوڕایەو بۆ ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت، رەنگە بۆیە پریگۆژین رێیدرا دوای کودەتاکە لەکارەکەی بەردەوام بێت چونکە بەرپرسانی روسیا دەبوو چەند کەسێک بدۆزنەوە بۆ جێگرتنەوەی.

گالیامۆڤ دەڵێت،»کات پێویست بوو بۆ دروستکردنی رێگای نوێ و میکانیزمی نوێی دەستبەسەرداگرنتی ئەو پرۆژانەی» یەڤگینی هەیەتی لەسوریا و ئەفریقاو ئۆکرانیا.

شارەازیان پێیانوایە کە رەنگە ڤاگنەر دوای پریگۆژین وەک خۆی نەمێنێت و گۆڕانکاری بەسەردا بێت. ئەوان دەڵێن، رەنگە لەدۆخی مامناوەند مەودادا ئۆپەراسیۆنەکانی ڤاگنەر زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا نەیەت، بەڵام لەدۆخی دوورمەودادا شیوازی تر وەردەگرێت.

«ئەگەری بەهێز ئەوەیە ڤاگنەر جیاببێتەوە بۆ دوو گروپ، کە ئەو لایەی لە بیلاڕوسیایە و بێ سەرکردە ماوەتەوە هەڵبوەشێتەوە، پارچەکانی تر ئەوانەی کە لەدەرەوەی روسیا کاران ببنە یەک گروپ و ئامراز کە سیاسیەتی دەرەوەی روسی بتوانێت سوودیان لێوەربگرێت،» ئێمڵی فێریس توێژەر لەبواری سەربازی ئەمەی بە بی بی سی وت.

رۆژنامەنوس برینگەر لەسەر نەمانی پریگۆژین و ئەو کەلەپورەی بەجێیهێشتووە دەڵێت: ڤاگنەر ئەوەی بەکریملن نیشانداوە کەچۆن سوپایەکی شاراوەی تایبەت لەدەرەوەی یاسا دەکرێت سوودبەخش بێت بۆ جەنگ و زیادکردنی هەژموونی روسیا لەدەرەوە، رەنگە ناوی ڤاگنەر نەمێنێت بەڵام چەکدارە بەکرێگیراوەکانی مەیدان و ئەو رێبازەی پریگۆژین دروستی کرد وەک خۆیان دەمێنێتەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار