داوا دەکرێت شارۆچکەی بیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری

هەفتانە هێندەی ژمارەی دانیشتووانەکەی گەشتیاران روو لەشارۆچکەی بیارە دەکەن

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

لەسەر داواکاری بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی بیارەو بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە داواکراوە شارۆچکەی بیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق بەمەبەستی زیاتر راکێشانی گەشتیاری نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکە.

شارۆچکەی بیارە کەوتووەتە ناوچەی هەورامان سەر بەپارێزگای هەڵەبجە، ناوچەیەکی گەشتیارییەو ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو سەردانی شارۆچکەکە دەکەن، دوو جۆر گەشتیار سەردانی بیارە دەکەن، جۆرێکیان گەشتیاری گەشتوگوزارن و جۆرەکەی دیکەش گەشتیاری ئاینین بەهۆی ئەوەی کەبیارە خاوەنی (خانەقای بیارەی شەریفە)یە.

بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەر شوێنێک یان ناوچەیەک بکرێتە گوندی گەشتیاری پێویستە ئەم مەرجانەی تێدابێت: ژمارەی دانیشتونی لە ١٥ هەزار کەس کەمتر نەبێت و هۆتێل و مۆتێل و مۆزەخانەو فڕۆکەخانەی تێدابێت، خاوەنی شارەوانی و یەکەی کارگێڕی سەربەخۆی خۆی بێت، خاوەنی بەروبوومی کشتوکاڵی و کلتورو فەرهەنگی خۆی بێت، دۆستی ژینگە بێت و دانیشتووانەکەی خاوەن پیشەو کاری دەستی بن و گەشتیاری بیانی سەردانی کردبێت.

حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ساڵانە لەعێراقدا ئەم نووسراوانە بۆ سەرجەم پارێزگاکان دەکرێت، هەر ساڵەو شوێنێک دەکرێتە گوندێکی گەشتیاری، ئەمساڵ دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجەو ناحیەی بیارە کارمان کردووە بیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری بۆ ساڵی ٢٠٢٤.

حەمید بارام وتیشی: ناحیەکە بەگشتی ناکرێتە گوندێکی گەشتیاری و تەنها ناو سەنتەری شارۆچکەکە دەکرێت و زۆربەی ئەو مەرجانەشی تێدایە کەبکرێتە گوندێکی گەشتیاری،  «ئەگەر ستەممان لێنەکەن بیارە دەبێتە بووکی عێراق».

ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەربگرێت دەبێتە ناوبانگێکی زۆر بۆ ناوچەکەمان و ژمارەیەکی زۆرتر گەشتیار روو لەناوچەکە دەکەن و بەهۆی خانەقای بیارەی شەریفەوە گەشتیاری ئاینی روو لەشارۆچکەکە دەکەن، بەنزیکەیی هەفتانە زیاتر لە ١٥ هەزار گەشتیار سەردانی بیارە دەکەن، حەمید بارام وای وت.

ناحیەی بیارە یەکێکە لەناحیەکانی پارێزگای هەڵەبجەو هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ٢٩ گوند لەخۆدەگرێت و ژمارەی دانیشتووانیشی زیاترە لە١٥ هەزارکەس، هەرچەندە دانیشتوانی بیارە جێگیر نییەو بەپێی وەرز دەگۆڕێت، بەشێوەیەکی گشتی لەوەرزی هاویندا ژمارەکە زیاد دەکات و لەزستاندا کەمدەبێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند کەپاڵپشت بەنووسراوی ژمارە (٧٤٦)ی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق کە لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣ دەرچووە داواکراوە یەکێک لەشارەکانی هەرێمی کوردستان دیاریبکرێت بۆ ئەوەی وەک گوندێکی گەشتیاری بناسرێت، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجەش لەپێناو بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری پارێزگاکە داوای کردووە شارۆچکەی بیارە وەک گوندێکی گەشتیاری بناسرێت.

ئامانجیش لێی ناساندنی شارۆچکەکەیە وەک گوندێک لەسەر ئاستی عێراق و زیاتر راکێشانی سەرنجی گەشتیارانی نێودەوڵەتی و بووژانەوەی بازاڕو دابینکردنی هەلی کارو ساغکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی، هەروەها بوژانەوەی ژێرخان و رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان  بۆ پڕۆژەی گەشتیاری.

بیارە هەزارو ٤٧ مەتر بەرزە لەسەر ئاستی رووی دەریا و چەندین شوێنەواری مێژوویی و ئاینی تێدایە، خانەقای بیارە یەکێکە لەو ناوەندە ئاینییانەی کە چەندین مامۆستای ئاینی و زانای پێگەیاندووەو ساڵی ١٨٨٥ز لەلایەن شێخ عومەر زیائەدینی بیارەوە دروستکراوەو مەزارگەی شێخانی نەقشبەندی تێدایە، هەروەها لەم خانەقایەدا سێ تاڵە مووی پێغەمبەری ئیسلام هەڵگیراوە.

 ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەشێوەیەکی فەرمی تائێستا داوانەکراوە شارۆچکەی بیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری، دەستەی گەشتوگوزاری عێراق لەمانگی ئایاردا بەنووسراوێکی فەرمی داوای لەدەستەی گەشتوگوزاری هەرێم کردووە کە ئەو شوێنانە دەستنیشان بکات کەشیاون بۆ ئەوەی ببنە گوندی گەشتیاری.

وتیشی: لەپەراوێزی پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاری سلێمانیدا سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و عێراق سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردو لەوێ بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە داوای لەسەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق کرد کەشارۆچکەی بیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری.

ئیبراهیم عەبدولمەجید ئەوەشی خستەڕوو کەچەند ناوچەیەک لەهەرێمی کورستاندا هەن کەپێوەرەکانیان نزیکن لەوەی ببنە گوندێکی گەشتیاری و ئێمە لەدەستەی گەشتوگوزار لەهەوڵی ئەوەداین چەند شوێنێک دەستنیشان بکەین و دواتر لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە هەڵدەبژێردرێن، ئێمە لەئێستادا خەریکی ئەنجامدانی رووپێویەکین بۆ ئەوەی بزانین چەند شوێن لەکوردستاندا شایەنی ئەوەن هەڵببژێردرێن وەک گوندێکی گەشتیاری و ناوی هیچ شوێنێکمان نەداوەتە دەستەی گەشتوگوزاری عێراق.

کاتێک شوێنێک لەسەر ئاستی وڵاتێک بەگوندی گەشتیاری دەناسرێت، ناوی دەچێتە سەر نەخشەی گەشتوگوزای جیهانی و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری بیانی و نێودەوڵەتی سەردانی ناوچەکە دەکەن. ئیبراهیم عەبدولمەجید وای وت.

هارون تاهیر، تەمەن ٣٣ ساڵ کەفرۆشگای بابەتی کولتوری هەیە لەناحیەی بیارەو ماوەی حەوت ساڵە خاوەنی ئەو پیشەیە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی کەبیارە بکرێتە گوندێکی گەشتیاری بڕیارێکی باشەو دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی گەشتیارو ساغبوونەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان.

وتیشی: پێویستە ئەو شوێنەی دەکرێتە گوندێکی گەشتیاری رێگاوبانەکەی گونجاوبێت و شەقامەکانی رووبەرێکی فراوانیان هەبێت، کەڕێگاوبانی بیارە ئاستەنگی هاتوچۆ دروستدەکات بەتایبەت ر رۆژانی پێنجشەمەو هەینی، هەروەها قیری شەقامەکانیش کۆنە، زیاتریش لەوەرزی هاویندا ژمارەی گەشتیاران لەناوچەکە دەکەن بەهۆی گونجاوی کەشوهەوای ناوچەکە.

پیشەکە بژێوی ژیانمان دابین دەکات، من لەدوکانەکەی خۆمدا بۆ جوانکاری و دیکۆری دوکانەکەم و گڵۆپ و تەختە سێ ملیۆن دینارم خەرجکردووە. هارون تاهیر وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار