ئێران حەوت مانگە بەرپرسێکی سویدی لەیەکێتی ئەوروپا بەبارمتە گرتووەو ستۆکهۆڵمیش بێدەنگە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەدووشەممەی رابردوو دۆسیەیەکی هەستیاری ئاشکراکرد سەبارەت بەبارمتەگرتنی هاووڵاتییەکی سویدی لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام ناوی ئەو کەسەی نەهێنا کەدەستگیرکراوە.

پیتەر ستانۆ، وتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، رۆژی دووشەممە ٤ی ئەیلوول، دەربارەی دۆخی یەکێک لەفەرمانبەرەکانی یەکێتییەکە کە زیاتر لەساڵێکە،  لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکراوە بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، «ئاگاداری دۆسیەی هاووڵاتییەکی سویدی هەین کە لەئێران دەستبەسەرەو لەنزیکەوە چاودێری دۆسیەکەی دەکەین».

ئەم دیپلۆماتە پلەباڵایەی یەکێتی ئەوروپا، بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەی نایەوێ دەربارەی وردەکاری بابەتەکە قسە بکات، بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندووە:» پەیوەندییەکی نزیکمان لەگەڵ بەرپرسانی سویدی و کۆنسوڵگەرییەکانی سوید هەیە لەم بارەیەوە». بەڵام لەبەر باری ئەمنی و دۆخی تایبەتی کەسەکە زانیارییەکی زیاتری نەخستەڕوو. بەڵام باسی لەوە کرد دەستبەسەرکردنی ئەم کەسە بەشێکە لەو دەستبەسەرکردن و قۆڵبەستکردنە سەرەڕۆییانەیەی هاووڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا کەئێران دەیکات.

ستانۆ باسی لەوەکرد، «بەڕاوێژو هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی، لەهەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرین بەوەی ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بدەینە بەرباس بەمەبەستی ئازادکردنی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەوروپی کە لەئێران بەبێ هۆ دەستگیرکراون».

ئەوەی ناوی کەسەکەی بۆ یەکەمجار ئاشکراکرد رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بوو. رۆژنامەکە رۆژی دووشەممە ٤ی ئەیلوول بڵاویکردەوە «یۆهان فلۆدرۆس» فەرمانبەری یەکێتی ئەوروپا، زیاتر لە ٥٠٠ رۆژە لەئێران دەستبەسەرە، بەڵام تا ئێستا سویدو یەکێتی ئەوروپا بێدەنگیان بەرامبەر دۆسییەکەی هەڵبژاردووە».

 

هەڵوێستی سوید

وەزارەتی دەرەوەی سوید، لەئیمەیلێکدا بۆ نیۆیۆرک تایمز لەم بارەوە نووسیویەتی:» هاووڵاتییەکی سویدی کە لەدەیەی چوارەمی تەمەنیدایە، لەنیسانی ٢٠٢٢ەوە لەئێران دەستبەسەرەو وەزارەتی دەرەوەی سویدو  باڵیۆزخانەی سوید لەتاران لەم دۆسیەیە دەکۆڵنەوەو خەریکی تاوتوێکردنی دۆسیەکەن».

وەزارەتی دەرەوەی سوید لە ئیمەیلەکەیدا ئاماژەی بەوردەکاری رووداوەکە نەداوەو خۆی بواردووە بەوەی لەمبارەوە قسە بکات، بەڵام هەر لەم پەیوەندەدا نووسیویانە:» لەگرنگی بابەتەکە تێئەگەین، بەڵام ئێمە لامان وایە ئەگەر ئەم وەزارەتە بەئاشکرا دەربارەی دۆسیەکەی قسە بکات، تاوتوێکردن و کارکردن لەسەر دۆسیەکە ئاڵۆز ئەکات».

 

یۆهان فلۆدرۆس کێیە؟

بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز دەربارەی یوهان فلۆدرۆس بڵاویکردووەتەوە، یۆهان فلۆدرۆس، تەمەن ٣٣ ساڵ و هاوڵاتی سویدی، بەهاری ٢٠٢٢ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بەمەبەستی گەشتکردن سەردانی ئێرانیان کردووە، رۆژی ١٧ نیسان، کاتێک ویستوویانە لەئێران بێنە دەرەوە لەفڕۆکەخانەی (ئیمام خومەینی) لەتاران دەستگیرکراوەو دوو مانگ دواترو مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تۆمەتی سیخوڕی درایە پاڵ و ئێستا لەزیندانی ئێڤین دەستبەسەرە. ئەم هاووڵاتییە سویدییە پێشتر کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسایەتی لەدامەزراوەکانی سەر بەیەکێتی ئەوروپا پێسپێردراوە.

فلۆدرۆس لەساڵی ٢٠١٩ەوە، وەک یاریدەدەری ئیلڤا یۆهانسۆن، کۆمیسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ کۆچ و کۆچبەران کاری کردووە. ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بووە بە «خزمەتگوزاری کارلێکی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا»وە. ئەم دامەزراوەیە تێکەڵەیەکە لەوەزارەتی دەرەوەو وەزارەتی بەرگری یەکێتی ئەوروپا، لەئێستادا جۆزێپ بۆرل، بەپرسایەتی دەکات.

 

هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا

بەشی «خزمەتگوزاری کارلێکی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا» دەربارەی دەستگیرکردنی ئەم هاووڵاتییە سویدیە نووسیویەتی:» لەنزیکەوە چاودێری دۆسیەکەین، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە کە فلۆدرۆس لەم بەشە کاردەکات یان ئەوەی پێشتر بەهۆی کاروباری یەکێتی ئەوروپاوە سەردانی ئێرانی کردبێت».

نەبیلە مێسرالی، یەکێک لەوتەبێژەکانی ئەم دامەزراوەکە، بە ئاماژە بەزیاتربوونی ئەو هاووڵاتییە ئەوروپاییانەی کە لەئێران دەستگیردەکرێن وتی:» لەهەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرین بۆ هێنانە بەرباسی ئەم بابەتە بەبەمەبەستی ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە ئەوروپیانەی کە سەرەڕۆیانەو بێ هۆکار لەئێران دەستگیرکراون.»

جۆزب بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەستگیرکردنی ئەم دیپلۆماتە سویدیەی بەناڕەواو سەرەڕۆیانە ناوبرد  کە ٥٠٠ رۆژە لەئێران دەستبەسەرە.

کەسانی نزیک بە فلۆدرۆس چی ئەڵێن؟

باوکی فلۆدرۆس لەوەڵامی نیۆیۆرک تایمز دەربارەی کوڕەکەی، لەگەڵ ئەوەی نیگەرانی خۆی دەربارەی دۆخی کوڕەکەی دەربڕیوە، ئامادە نەبووە لەم بارەوە هیچ بڵێت و تەنها ئەوەندە بووە باسی لەوە کردووە نیگەرانی دۆخی کوڕەکەیەتی.

کەسانی نزیک و ئاگادار بەنیۆیۆرک تایمزیان راگەیاندوە ئەم هاووڵاتییە سویدیە پێشتر لەچوارچێوەی بەرنامەو پلانی گەشەی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ئێرانی کردووەو هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبووە.

نیۆیۆرک تایمز لەگەڵ شەش کەسی ئاگادار و نزیک لە فلۆدرۆس، لەمبارەوە قسەی کردووە. هەموویان لەترسی دەرئەنجامەکان و هەڕەشەکان، داوایان کردووە کە نەناسراو بمێننەوە ناویان نەبرێت. هەر هەموویان تۆمەتی سیخوڕیکردنی ئەم فەرمانبەرەی یەکێتی ئەوروپایان بەبێ بنەماو ناڕاست زانیوە.

ئێران چی دەڵێت؟

ئێران تائێستا سوورە لەسەر ئەوەی ئەم هاووڵاتییە سویدیەی بەتاوانی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە، بەڵام رۆژی دووشەممە لەم بارەوە پرسیار لەناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کراو بێئاگایی خۆی لەدۆسیەکە راگەیاند. 

مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ئێران رایگەیاند هاووڵاتییەکی سویدی کەپێشتر چەند جار سەردانی ئێرانی کردووەو بەتۆمەتی «چالاکی تێکدەرانە» دەستگیرکراوە.

هەر ئەوکات رۆژنامەی سویدی «ئافتۆنبلادێت» لە راپۆرتێکدا نووسی، دەستگیرکردنی ئەم کەسە تەمەن نزیک ٣٠ ساڵەیە، پەیوەندی هەیە بەدۆسیەی دادگایی کردنی «حەمید نووری» یەکێک لەتاوانبارەکانی لەسیدارەداناکانی دەیەی ١٩٨٠ی ئێران.

نیۆیۆرک تایمز لەم بارەوە نووسیویەتی: »تاران هاووڵاتییانی بیانی دەستگیردەکات بەمەبەستی مامەڵەکردن پێیانەوە بۆ ئەوەی ئەو ئێرانیانەی لەئەوروپاو ئەمریکا دەستبەسەرن ئازادیان بکات یان ئەوەیە بەمەبەستی ئازادکردنی پارەیەک کە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە.»

 

پەیوەندیی نێوان ئێران و سوید

لەچەندساڵی رابردوودا پەیوەندی نێوان ئێران و سوید پەیوەندییەکی ساردو سڕە. لەتەمموزی ٢٠٢٢ دا، دادگاییەک لەسوید، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر حەمید نووری سەپاند کەیەکێکە لەبەرپرسانی پێشتری سیستەمی دادوەری ئێران. حەمید نووری دەستی هەبووە لەقەتڵ و عامی زیندانییە سیاسییەکان لە ١٩٨٨. لەم ساڵەدا نزیکەی ١٥ هەزار کەس لەزیندانەکانی ئێران لەسێدارەدران.

رۆژی ٦ی ئایاری ٢٠٢٢، یانی کەمتر لەمانگێک دوای دەستگیرکردنی یۆهان فلۆدرۆس، ئەحمەد رەزا جەلالی، پزیشک و لێکۆڵەری ئێرانی- سویدی بەتۆمەتی سیخوڕی کردن و هاوکاریکردن بۆ تیرۆری زانا ناوکییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، سزای لەسیدارەدانی بەسەردا سەپا.

ئەحمەد رەزا جەلالی، ٢٤ی نیسانی ٢٠١٦، لەسەر بانگهێشتی زانکۆکانی تاران و شیراز سەردانی ئێرانی کردو سێ رۆژ پێش گەڕانەوە لەکاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕین لەڕێگای کەرەج دەستگیرکرا.

هەر لەم مانگەدا ئێران حەبیب ئەسیوەد، هاووڵاتی ئێرانی – سویدی لەسێدارەدا. حەبیب ئەسیوەد ساڵی ٢٠٢٠ لە تورکیا لەلایەن ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە رفێنرا.

ئێران، سوید بەوە تاوانبار ئەکات کە لەژێر کاریگەری لۆبی موجاهیدین خەڵقدا، حەمید نووری دادگایی کردووە. شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن سەپاندنی سزای لەسیدارە بەسەر ئەحمەد رەزا جەلالی و لەسێدارەدانی حەبیب ئەسیوەد، وەڵامدانەوەی ئێران بووە بە رەوتی دادگایی کردنی حەمید نووری، کەئەو دەم نزیک پێنج مانگ بوو بەڕێوە ئەچوو و سەرەنجام لەمانگی تەمموزی ٢٠٢٢دا سزای  زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا.

 

ئێران و بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیانی ئەوروپی و ئەمریکی

ئەوروپاو ئەمریکا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کەهاووڵاتییەکانیان بەبارمتە دەگرێت بەمەبەستی دەستکەوتی سیاسی یان ئابووری. تاران لەساڵانی رابردوودا زۆرجار ئەم سیاسەتەی پەیڕەو کردووە. موحسێن رەزایی، جێگری ئابووری سەرۆککۆماری ئێران، لەگەڵ دیاریکردنی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران لەسەردەمی «دۆناڵد ترەمپ» باسی لەوەکرد دەتوانن هاووڵاتیانی ئەوروپی و ئەمریکی «دەستگیر بکەین و بەملیۆنان دۆلار پێیان بفرۆشینەوە.»

مانگی ئابی ٢٠٢٣ ئەمریکاو ئێران رێککەوتن لەبەرامبەر شەش ملیار دۆلار سەرمایەی ئێران لەبانکەکانی کۆریای باشوور، پێنج هاووڵاتی ئەمریکی، کە لەئێران دەستبەسەرن، ئازاد بکرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار