مەترسیی لەکارکەوتنی دەرمانە دژە زیندەییەکان لەهەرێم پەرەدەسێنێت

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەسەر داوای عێراق بەشێکی بۆ دەکاتەوە

11 مانگ لەمەوپێش



ڤانە باهیر

لەکارکەوتن و دروستبوونی بەرگری دەرمانە دژە زیندەییەکان کە بە  «ئەنتی بایۆتیک» ناسراون بووەتە مەترسییەکی گەورەی جیهانی، لەدوایین هەوڵدا بۆ رووبەڕوونەوەی ئەم کێشەیە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی عێراق لەسەرجەم نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکاندا بەشێکی تایبەتی كردووەتەوە.

 

لەسەرجەم نەخۆشخانەكانی هەرێم بەشێكی تایبەت دەكرێتەوە

سەرچاوەیەک لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:  لەسەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی تایبەت دەکرێتەوە بۆ توویژینەوە لەسەر دەرمانە دژە زیندەییەکان، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی بەرگری میکرۆبەکان دژی دەرمانەکان، ئەو بەشە سێ کەسی پسپۆڕی تایبەتی بۆ دادەنرێت کە لەناویاندا دەرمانسازێک و کۆنترۆڵی نەخۆشیەکانیش هەیە.

وتیشی: کردنەوەی ئەو بەشە تایبەتە لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی عێراق بووەو لەئێستادا وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش کار لەسەر ئەو پرۆسەیە دەکات.

مەترسی بەرگری دەرمانە دژە زیندەییەکان و لەکارکەوتنیان پرسێکی گرنگی جیهانیە، بەپێی راپۆرتیکی گۆڤاری لانسێت تاساڵی  ٢٠٥٠ ئەگەر بەم شێوەیە دەرمانە دژە زیندەییەکان بەکاربهێندرێت ئەوا ساڵانە زیاتر لە « 10 ملیۆن» کەس دەکوژێت، لەئێستاشدا ساڵانە هۆکاری مردنی زیاتر لە « ٧٠٠ هەزار کەسە».

عێراق و هەرێمی کوردستان بەدورنین لەم مەترسییە، هەربۆیە عێراق بەپێی پلانێک کەماوەی جیبەجیکردنەکەی لەنێوان ساڵانی ٢٠١٨-٢٠٢٢یە  بەهەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ  هەوڵیداوە  رووبەڕووی ئەم کێشەیە ببێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی یەکێک لەبەندەکانی پلانەکە کەمکردنەوەی بەکارهینانی دەرمانە دژە زیندەییەکانە  بۆ مرۆڤ و ئاژەڵیش، دەرمانەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەربڵاو لەسەرجەم دەرمانخانەکان دەتواندرێت مامەڵەی پێوەبکرێت.

لەبارەی ئەو پلانە نیشتیمانیەی عێراقەوە لەسەر پرسی بەرگری دەرمانەکانی دژە زیندەییەکانەوە هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە دکتۆر نەجمەدین حەسەن نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی  لەپارێزگای سلێمانی، بەڵام رەتیکردەوە ئاگاداری ئەو پلانە بن.

وتیشی: لەماوەی رابردوودا رێکخراوی تەندروستی جیهانی تەنها پاڵپشتی چوار رۆژ راهێنانی کرد لەسەر چاودێری و تاقیگەیی بۆ بەرگری دژی ئەنتی بایۆتیک» کە لەشاری هەولێر مانگی تەمموزی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، چوار ستافی تەندروستیش لەپارێزگای سلێمانییەوە بەشداربوون.

 محەمەد عەلی کەپزیشکێکی دەرمانسازە لەیەکێک لەدەرمانخانەکانی سلێمانی کاردەکات لەبارەی هەڵە بەکارهێنانی دەرمانە دژە زیندەییەکانەوە بەهاوڵاتی وت: ئێستا وایلێهاتووە نەخۆش خۆی دەرمان دیاریدەکات، ئێمە هەندێک جار وەک دوکانێکی ئاسایی مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت کەتەنها فرۆشتنی دەرمانمان لەسەرە،  چونکە هیچ چاودێریەکی جددی نیە لەسەر دەرمانخانەکان ئەگەر منیش دەرمانەکە نەفرۆشم بەنەخۆشەکە ئەوا یان خۆی توڕە دەکات یاخود  لەدەرمانخانەیەکی دیکە دەستیدەکەوێت.

ئەو پزیشكە دەرمانسازە دەشڵێت: دژە زیندەییەکان  بەناڕێکی و نازانستی بەکاردەهێندرێت بەشێکیان لاوازبوون و تاڕادەیەک کاریگەریان نەماوە، کەیەکێک لەوانەش دەرمانی ئەمۆکسیسیلینە کە بۆ چارەسەری هەوکردنی سییەکان و کۆئەندامی میزو میزەڕۆ، هەروەها چەندین بەشی دیکەی لەش بەکاردەهێندرێت.

هاوڵاتی لەبارەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ پێدانی دەرمان بەنەخۆش پەیوەندی بە د.ئاسۆ حەوێزی وتەبیژی وەزارەتی تەندروستییەوە كرد، ناوبراو وتی: لەمیژە ئێمە رێنمایی تایبەتیمان دەرکردووە بۆ هەموو دەرمانخانەکان کە چۆن دەرمان بدەن بەنەخۆش ئەوەش لەڕێگەی سەندیکای دەرمانسازانەوە بۆ هەموو دەرمانخانەکان نێردراوە، لەئەگەری هەر سەرپێچیەکیش ئێمە لیژنەی چاودێریمان هەیە کە بەرپرسن لەو بابەتە.

هاوکات د.هێرش سەلیم، جیگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: کاتێک کەسێک دەرمانخانە دەکاتەوە هەموو رێنماییەکانی پێدەدرێت کەپێویستە کام دەرمانانە بەڕەچەتەی پزیشک بدرێتە نەخۆش لەناویشیاندا دژە زیندەییەکان، بەڵام کە جێبەجێ ناکرێت ئەوا سزای هەیە ئەگەر هاتوو ئاشکرابێت ئەو دەرمانخانەیە بەبێ رەچەتە دەرمانێکی بەنەخۆش داوە.

لەبارەی رێنمایی و سزاکانی سەندیکاوە، رەنج محەمەد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بەهاوڵاتی وت: ئێمە رێنمایی و سزامان هەیە بۆ سەرجەم دەرمانخانەکان کەپێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەرمانەکان بکەن، بەڵام بەڕاستی ئەوەش قورسە جێبەجێکردنی، چونکە ئێمە تەنها لایەنی پەیوەندیدار نین بەڵکو سەرجەم پزیشکان و وەزارەتی تەندروستیش بەرپرسیارن لەمە، ئەگەر دەرمانخانەکەش دەرمانەکە بەنەخۆش نەدات ئەوا نۆرینگەیەکی» لاکۆڵان» دەرمانەکە بەنەخۆش دەدات.

رەنج محەمەد ئاماژەی بەوەشدا کەکەمتەرخەمیەکی زۆر هەیە لەچاودێریکردنی فرۆشتنی دەرمان بۆ ئەوەش داوامان لەوەزارەتی تەندروستی کردووە زیاتر وردبن لەسەر ئەم پرسە، باسیشی لەوەکرد پێویستە هاوڵاتی وەک لایەنیکی گرنگی ئەم کێشەیە زیاتر خەمی خۆی بێت.

بەرگری دژی دەرمانەکانی ناسراو « ئەنتی بایۆتیک» چەندین هۆکاری سەرەکی هەیە کەدیارترینیان ئەمانەن: کاتیک نەخۆش بۆ ماوەی دیاریکراو کەپزیشک بۆی دیاریکردووە دەرمانەکە وەرنەگرێت، کاتێک بەناڕێکی دەرمانەکە وەربگرێت یاخود دەرمانەکانی خۆی بۆ کەسە نزیکەکانی بەکاربهێنێت یاخود بەبێ ئەوەی دڵنیابیتەوە ئەو دەرمانە بۆ نەخۆشیەکەی کاردەکات بەکاری بهێنیت. کاریگەرترین رێگاش بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە ئەنجامدانی پشکنینی تایبەتی تاقیگەیی « ئەنتی بایۆتیک سێنستیڤیتی تێست»ە بۆ نەخۆش.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار