ژمارەیەکی زۆر هێزی سەربازی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکراونەتەوە

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیمای مەیدانی جەنگیان پێوە دیارە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕێوشوێنی جیاوازیان گرتۆتە بەر بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندان و یاندکردنەوە ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران.

بە پێی ئەو ڤیدیۆ و فۆتۆیانەی بڵاو بوونەتەوە، هێزێکی زۆری سەربازی لە شارەکانی، سنە، ورمێ، مەهاباد، سەقز، کرماشان، جوانڕۆ، مەریوان، بانە، کامیاران، ئابدانان، دیواندەرە، شائاباد، ئیلام و بۆکان جێگیرکراون. شارەکان زیاتر لە مەیدانی جەنگ ئەچن.

هاوڵاتیانی شارەجیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم هێزە زۆرە بۆ هاوڵاتی دوان و دەڵێن، "لە هەموو شوێن خاڵی پشکنینیان داناوە، لە ناوشار سەنگەریان لێداوە. خەڵکیان بانگرتووەو بەڵێننامەیان پێ پڕکردوونەتەوە نابێ بەشداری بکەن لە خۆپیشاندانەکاندا". هاوڵاتییەکی سنەیی وا باسی شارەکەی ئەکات.

بە گوێرەی گوتەی مامۆستایەکی زانکۆ لە مەریوان :"دەسەڵات هێزێکی زۆری رژاندۆتە شارەکان. نەک تەنها کوردستان، بەڵکوو شارەکانی دیکەی ئێرانیش ، فڕۆکە بەردەوام بەسەر شاردا ئەسووڕێتەوە. سەر هەر کۆڵانێک ٤-٥ چەکدار وەستاون. لە ناوشار تانک راگیراوە. هەموو ئوتومبێلێک ئەپشکنن."

هاوکات کاسبکارێکی سەقزی دەڵێت،"بە هەموو کاسبکارەکانیان راگەیاندووە کە پێویستە رۆژی شەممە دووکان و بازاڕ بکەنەوە. نابێ بازاڕ داخراو بێت. شاریان کردووە بە مەیدانی جەنگ و دەشیانەوێ دووکان و بازاڕ ببێت. لە سەر رێگای قەبرستانی ئایچی تانکی جەنگیان ریز کردووە. تانک لە شەقامە سەرەکییەکانی شار وەستاوە. هەڕەشەیان کردووە هەر دووکانێک داخراو بێت مۆڵەتەکەی هەڵئەوەشێننەوە".

"لە هەموو کەس و هەموو شت ئەترسن. تەنانەت لە مناڵێکی ١٠ ساڵانیش ئەترسن. برا بچووکەکەم ١٢ ساڵیەتی ناردوومانە بۆ دووکانی سەر کۆڵانەکە، بانگیان کردووەو لێپرسینەوەیان لێکردوە". کچێکی جوانڕۆیی وا ئەڵێت.

سەبارەت بەو هێزەی بڵاوکراوەتەوە هاوڵاتییەکی بۆکانی دەڵێت، "بەشێکی زۆری ئەو هێزانەی هێنراون ، حەشدی شەعبی، حیزب وڵای لوبنان و فاتمیونی ئەفغانستان و زەینەبیونی پاکستانن. ئەوانەی لە بۆکانن لە ناو یەکترا بە عەرەبی قسە ئەکەن".

ئەمە وتەی بەشێک لە هاوڵاتیانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ هاوڵاتی،  دەربارەی دۆخی شارەکان رۆژێک بەر لە ساڵیادی مەرگی ژینا.

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان چەند رۆژە  دەسەڵات لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی خەڵک ئامادە ئەکات، شارەکانی کوردستانیش زۆر سەربازیتر و میلیتاریزەترە لە شوێنەکانیتری ئێران.

خانمێکی کرماشانی کە دانیشتووی تارانە بە هاوڵاتی وت:" ژمارەیەکی زۆر هێزو سەرباز لە تاران بڵاوەیان پێکراوە ، سەر  شەقامەکان، سەر هەموو کۆڵانەکان سەربازی لێیە ، ئەوان هێنراونەتە ئێرە بۆ ترساندنی خەڵک ".

بە پێی هەندێک هەواڵ کە بڵاو بوونەتەوە، تانکی سەربازی براوەتە گۆڕستانی ئایچی، شوێنی ناشتنی ژینا ئەمینی. لە بەرزاییەکانی سەر ئەو گۆڕستانە چەکی قورس و هێزی سەربازی جێگیرکراون.

هەروەها هەڕەشە لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی کراوە بەوەی لە هەموو رێ و رەسمێک خۆیان بە دوور بگرن. چەند رۆژ لەوە پێش دایک و باوکی ژینا ئەمینی راگەیاندنێکیان بڵاو کردەوە کە سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان، ئەوان وەک هەموو بنەماڵەیەک کە کەسێکیان گیان لە دەست ئەدا، رێ و رەسمی نەریتی- ئایینی ساڵانە بەڕێوە ئەبەن.

رۆژی 13ی ئەیلولی 2022، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بەهۆی «رەچاونەکردنی باڵاپۆشی»، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران دەستگیرکراو دوای تێکچوونی باری تەندروستی لەبنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ی هەمان مانگ لەگۆڕستانی ئایچی سەقز لەناو ئاپۆڕای خەڵکدا بەخاکسپێدرا.

دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی ئەیلولی 2022، خۆپیشاندانی فراوان لەئێران دەستیپێکرد کە تێیدا داوای رووخانی رژێمی ئێران دەکراو بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکان بەتوندترین شێوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوەو لەئەنجامدا 500 کەس کوژران کە 71 کەسیان خوار 18 ساڵ بوون. ئەم خۆپیشاندانانە دواتر لەنێو خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە «شۆڕشی ژینا» ناسرا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار