سلێمانی لەژێر زەبری درۆنی تورکیا

ئەمساڵ تورکیا 87 پێگەی لەهەرێمی کوردستان بەئامانج گرتووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا – سەرکۆ جەمال

لەچەند مانگی رابردوودا سلێمانی بووەتە مەیدانی جەنگی درۆنی تورکیا، ئەنقەرە چیتر هێرشەکانی سنوردار نییە لەناوچە سنورییەکانداو ئێستا هێرش بۆ سەر پێگەکانی نزیک لەشارەکە ئەنجامدەدات.

تەنها لەماوەی مانگێکدا تورکیا پێنج هێرشی درۆنی لەسنووری سلێمانی ئەنجامداوەو تێیدا  15 کەس شەهیدبوون. دواترینیان هێرشە درۆنییەکەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت بوو کەتێیدا سێ ئەندامی دژەتیرۆری سلێمانی و سێ ئەندامی تر برینداربوون.

لەسەر وردەکاری هێرشەکە کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی CPT بەهاوڵاتی راگەیاند، «تورکیا بەدوو درۆن هێرشی کردەسەر فرۆکەخانەکەو چوار جار هێرشی کردووە».

بەڵام لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو هێرشە بەیەک درۆن کراوەو تورکیا هێرشەکەی کردووە، عێراق «مافی خۆیەتی سنورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنێت».

لەپاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە هێرش کرایەسەر فرۆکەخانەکە، کەفرۆکەخانەیەکی بچووکە لەعەربەت و بەمەبەستی کشتوکاڵی بەکاردێت، بەڵام دژەتیرۆری یەکێتی بەشێکی بەکاردەهێنێت بۆ مەشقکردن.

بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، هێرشەکە لەکاتی مەشقی هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی و هێزێکی تر بووە کە تائێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.

دوای هێرشە درۆنییەکەی تورکیا، دژە تیرۆری یەکێتی بەبێ ئەوەی ناوی تورکیا بهێنێت، رایگەیاند کەچارەنووسی هێرشکاران بێ سزا تێناپەڕێت و «هەر لایەن و جاسوسێک هاوکار بووبێت رووبەڕووی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو تۆڵەی شەهیدەکانمان لەئەستۆی ئێمەیەو ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەر بڕوات».

دژە تیرۆر داوای لەحکومەتی عێراقیش کرد کەئاسمانی وڵاتەکەی بپارێزێت و رێگە بەپێشێلکاریی نەدات چونکە «ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنوری هەرێم و عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کەئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنوری سلێمانییە».

ئەوەی جێی سەرنج بوو جگە لەلێدوانەکەی لیوا یەحیا رەسوڵ هیچ لایەنیکی فەرمی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە نەکرد کەهێرشەکە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەبێ ئەوەی ناوی تورکیا بهێنێت پەیامێکی لەسەر هێرشەکە بڵاوکردەوەو وتی: «رووداوەکەی فرۆکەخانەی عەربەت دڵگرانی کردووین، پێویستە بەزووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەهۆکارو چۆنیەتی ئەم رووداوە بکەن و راستییەکان ئاشکرابکرێن.»

سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی، «سەرکۆنەی هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق و هەموو کارێکی نایاسایی دەکەین کە دەبێتەهۆی شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان».

تورکیا لەساڵی رابردووەوە سنوری هێرشەکانی فراوان کردووە بۆ ناوچە مەدەنییەکان لەهەرێمی کوردستان. بەپێی ئامارێکی پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک، تورکیا لەمانگی شوبات بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2022، 20 هێرشی درۆنی ئەنجامداوە.

ئامارێکی رێکخراوی CPT دەریدەخات کەساڵی 2022 کوشندەترین ساڵ بووە لەساڵی 2015ەوە بۆ کوژرانی خەڵکی سڤیل بەهێرشی تورکیا لەهەرێمی کوردستان.

لەساڵی 2023ش، تورکیا 87 پێگەی بەئامانج گرتووە لەهەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی CPT بەهاوڵاتی وت، «لە 1ی کانونی دووەمی 2022 تا 18ی ئەیلولی 2023 تورکیا 87 پێگەی لەهەرێمی کوردستان بەئامانج گرتووە لەڕێی درۆن و فرۆکەی جەنگی و ئۆپەراسیۆنەکانیەوە».

بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی لەڕۆژی 6ی مانگی رابردوو، واتە مانگی ئاب، تا 18ی ئەم مانگە، تورکیا پێنج هێرشی درۆنی لەناوچەکانی سلێمانی ئەنجامداوە کە ناوچەی مەدەنین و دوورن لەپێگە سنورییەکان.

لە ٦ی مانگی ئابی 2023، درۆنی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لەنزیک ناحیەی ئاخجەلەری سەر بەقەزای چەمچەماڵ کردە ئامانج، دواتر دژەتیرۆری کوردستان-پارتی رایگەیاند لەهێرشەکەدا (بەرپرسێکی سەربازی پەکەکە کوژراوە).

لە 9ی مانگی ئابی 2023، درۆنی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لەنزیک قەزای دوکان بەئامانج گرت کە تێیدا هاووڵاتییەک بەناوی نەژوان عەبدوڵاو کەسێکی تر شەهیدبوون. دوکان 135 کیلۆمەتر لەسنوری تورکیاوە دوورە.

دوای دوو رۆژو لە 11ی ئابدا، درۆنی تورکیا دووبارە ئۆتۆمبێلێکی لەپێنجوێن کردە ئامانج کە 210 کیلۆمەتر لەسنوری تورکیاوە دوورە. لەو هێرشەدا سێ هاووڵاتی مەدەنی کە بەڕێوەبوون بۆ ئێران شەهیدبوون.

لە ٢٧ی هەمان مانگیش تورکیا بەدرۆن ئۆتۆمبێلیکی لەسنوری ناحیەی گەرمک لەپێنجوێن بەئامانج گرت و تێیدا سێ کەس شەهیدبوون کە بەپێی راگەیاندراوی دژەتیرۆری کوردستان – پارتی چەکداری پەکەکە بوون.

تورکیا بەبیانوی هەبوونی چەکدارانی پەکەکە ئەم هێرشانەی ئەنجامداوە و دژەتیرۆری کوردستان – پارتیش لەسەر هەرسێ هێرشەکە رایگەیاند کە «چەکدارانی پەکەکە بەئامانجگیراون».

دوایین هێرشی تورکیاش بۆ سەر سلێمانی کە بەدرۆن ئەنجامیدا، هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەت بوو کەتێیدا سێ ئەندامی دژەتیرۆر شەهیدبوون. لەسەرەتاوە هەندێک میدیا باسیان لەشەهیدبوونی نۆ کەس دەکرد کە شەشیان ئەندامی دژەتیرۆرن و سێ کەسەکەی تریش وەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، ئەندامی دژەتیرۆری رۆژئاوای کوردستان بوون.

بەڵام هیچ سەرچاوەیەک لەئاسایشی هەرێم و بەرپرسانی رۆژئاواش ئامادەنەبوون لەسەر ئەو بابەتە قسە بۆ هاوڵاتی بکەن و ئەو زانیارییە پشتڕاست یان رەتبکەنەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشەکەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو دەڵێت، «دژەتیرۆری یەکێتی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکەو یەپەگە لەفڕۆکەخانەکە مەشقو راهێنانیان کردووە».

تورکیا پێگەی خۆی لەهەرێمی کوردستان بەهێز کردووەو لەناوچە سنورییەکان چەندین بارەگای هەیە کەئەمە بۆی ئاسان دەکات تاهێرشی درۆنی ئەنجامبدات لەسلێمانی و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان. ساڵی رابردوو وەزارەتی بەرگری عێراق رایگهیاند، تورکیا بەقوڵایی 105 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی عێراقەوەو زیاتر لە 100 بارەگای هەیە لەناوچە سنورییەکان.

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی CPT، تورکیا 35 کیلۆمەتری لەناوچە سنورییەکان قوفڵ کردووەو لەڕێی درۆنەوە هێرش دەکاتەسەر هێزەکانی پەکەکەو هاووڵاتیانی مەدەنی.

کامەران عوسمان دەڵێت، «توركیا لەڕێگەی 64 بنكەو بارەگای سەربازی بەقوڵایی 12 بۆ 35 كیلۆمەتر، سنوری نێوان هەرێمی كوردستانی عێراق - توركیای لەگوندی دورنەخ لەپارێزگای دهۆكەوە تاوەكو دەڤەری برادۆست لەپارێزگای هەولێری قفڵ كردووەو لەئێستادا لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكەنجی و بایراكتەر لەئاسمان و تیمی راهێنراوی هەواڵگری لەسەر زەوی نەیارەكانی لەهێزەكانی گەریلاو هاووڵاتیانی مەدەنی بەئامانج دەگرێت».

جگە لەئۆپەراسیۆن و هێرشە درۆنییەکان، گومان دەکرێت کەتورکیا ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)ی شەهیدکردبێت لەهەولێر، لەهەمان رۆژ کەهێرشە درۆنییەکەی سەر فرۆکەخانەکەی سنوری سلێمانی ئەنجامدرا، هەرچەندە هیچ لایەنێکی فەرمی تائێستا پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەنقەرە درێژنەکردووە.

لەدوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە کەسێکی نەناسراو هیرشی کردەسەر بارەگای کەنەکە لەهەولێرو ئەندامێکی کەنەکەی بەناوی دەنیز گەڤەری «تیرۆر» کرد.

خالید قادر، ئەندامی کەنەکە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت،  «لەدوای كۆنگرەی لۆزانەوە هەڕەشە لەسەر ئەندامەكانمان زیادیكردووە، بەڵام یەكەمجارە لەهەرێمی كوردستان بەئاشكرا ئەندامێكمان تیرۆر دەكرێت».

وتیشی:»ئەو كەسەی لەهەولێر بەڕۆژی رووناك ئەندامەكەكانی تیرۆركرد بەئاشكرا هاتووەتە بارەگای كەنەكە و لەدەرگای داوە، كاتێك ئەو هەڤاڵەمان دەرگای كردووەتەوە راستەوخۆ تیرۆری كردووەو هەڵاتووە، هێزە ئەمنیەكانیش هاتنە بارەگاكەو بەئێمەیان وت لێكۆڵینەوە دەكەین».

بەوتەی ئەو ئەندامەی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، ئەوان ماوەی 10 ساڵە بەپێی یاساكانی هەرێمی كوردستان بارەگایان بەفەرمی هەیەو پاراستنی گیانیان لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار