له‌کۆى 33791 وشه‌ ته‌نها، به‌743 وشه‌ باسى ژینگه‌ کراوه‌ 

له‌ کارنامه‌ى هه‌ندێ له‌ کاندیده‌کاندا باسى ژینگه‌ى زیاتر تێداکراوه‌ به‌راورد به‌ کارنامه‌ى لیسته‌کانیان 

6 ساڵ لەمەوپێش




به‌دواداچونى: مه‌عروف مه‌جید 

له‌ کۆى ئه‌و 38 قه‌واره‌یه‌ى کۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆیى بۆ هه‌لبَژاردن و راپرسى هه‌رێمى کوردستان بڵاوى کردووه‌ته‌وه‌و له‌ کارنامه‌کانیاندا که‌ رایانگه‌یاندووه‌ له‌ کۆى 33791 وشه‌ ته‌نها ، به‌743 وشه‌ باسى ژینگه‌ کراوه‌.

به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونه‌ى رۆژنامه‌ى هاوڵاتى کردوویه‌تى، تایبه‌ت به‌ کارنامه‌ى لیست و قه‌واره‌کان بۆ چوار ساڵى ئاینده‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌مترین بوارى خزمه‌تکردن و گرنگى دانى حزبه‌کان له‌ بوارى ژینگه‌دایه‌.

پسپۆڕانى بوارى ژینگه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ له‌ حزب و کاندیده‌کان ده‌گرن که‌ که‌مترین بواریان به‌ ژینگه‌ داوه‌و له‌کارنامه‌کانى خۆیاندا باسی ژینگه‌یان نه‌کردووه‌ و رایده‌گه‌یه‌نن ئه‌وه‌  بێباکى حزبه‌کان ده‌ره‌خات سه‌باره‌ت به‌ ژینگه‌. 
 
ئه‌گه‌رچى له‌ ناو لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانى په‌رله‌ماندا لیژنه‌ى ژینگه‌ و ته‌ندروستى بونى هه‌یه‌ ، به‌ڵام هیچ یه‌ک له‌ لیست و قه‌واره‌کان کاندیدى تایبه‌ت به‌ پسپۆڕى ژینگه‌ کاندید نه‌کردووه‌


رۆژنامه‌ى هاوڵاتى به‌دواداچونێکى بۆ کارنامه‌ى شه‌ش لایه‌نى سه‌ره‌کیی به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ى کوردستان کردووه‌ که‌ بریتین له‌ (پارتى، یه‌کێتى، گۆران، نه‌وه‌ى نوێ، لیستى به‌ره‌و ئیسڵاح، کۆمه‌ڵ) 


لیستى به‌ره‌و ئیسڵاح


لیستی به‌ره‌و ئیسلاح که‌ پێکهاتووه‌ له‌ (یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى کوردستان و ره‌وتى گه‌شه‌) کارنامه‌که‌یان پێکهاتووه‌ له‌ 2256 وشه‌ و  له‌ناو کارنامه‌دا ته‌نها به‌64 وشه‌ باسى ژینگه‌ى کردووه‌. 


ئه‌و لیسته‌ له‌ کارنامه‌که‌ى خۆیدا ئاماژه‌ى به‌ ژینگه‌ کردووه‌و تیایدا هاتووه‌ "زیادکردنی رێژه‌ی سه‌زوایی، قه‌ده‌غه‌کردنی بڕینی دار ، ڕاوی ئاژه‌ڵه‌ کێوییه‌کان،ره‌چاو کردنی مه‌رجه‌کانى ژینگه‌پارێزی له‌ هه‌رێمی کوردستان، هاوکاریکردنی رێکخراوه‌کانی تایبه‌ت به‌ پاراستنی ژینگه‌،کۆنتڕۆڵکردنی پاڵاوگه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک که‌ نه‌بێته‌ هۆی پیسبوونی ژینگه‌".


کاوه‌ مه‌مه‌ند فه‌رج کاندیدی لیستی به‌ره‌و ئیسڵاح سه‌باره‌ت به‌ کارنامه‌ى لیسته‌که‌یان له‌ بوارى ژینگه‌ رایگه‌یاند "ئێمه‌ لێبڕاوانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین که‌ به‌زووترین کات کۆمه‌ڵێک خاڵمان هه‌یه‌ ده‌مانه‌وێ ببێ به‌ به‌رنامه‌ی ستراتیژی له‌ته‌واوی کوردستان ".


ئه‌و کاندیده‌ى لیستى به‌ره‌و ئیسڵاح سه‌باره‌ت به‌ خاڵه‌کانى ناو کارنامه‌ى لیسته‌که‌یان وتى "ده‌مانه‌وێت  کار بکه‌ین بۆ ڕێسایکلین و به‌ په‌ینکردن و ڕێگرتن له‌ به‌ فیڕۆدان هه‌روه‌ها  سه‌لامه‌ترین ڕێگا بۆ ڕزگاربوون له‌ خه‌وش و پاشه‌رۆکان، به‌تایبه‌تی له‌ که‌ل وپه‌ل و که‌ره‌سته‌ی وه‌ک پاتری و ڕۆنی ئۆتۆمۆبیل"

وتیشى "کارده‌که‌ین بۆ پاراستنی سه‌وزاییه‌کانی شار و په‌ره‌پێدانی و باخچه‌ی ماڵان و هه‌روه‌ها پاراستن و په‌ره‌پێدانی ڕووه‌ک و دارو بونی بودجه‌ی و پاره‌ و پڕۆژه‌ی ته‌رخانکراو بۆ پارچه‌ سه‌وزایی و شوێنه‌کان پیاده‌ و شه‌قام و کۆڵانه‌کان"

نه‌وه‌ى نوێ

لیستى نه‌وه‌ى نوێ، ئه‌گه‌رچى یه‌که‌م جاریانه‌ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌که‌ن، درێژترین کارنامه‌یان بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئاماده‌کردووه‌، که‌  بریتییه‌ له‌ 14981 وشه‌، ئه‌مانیش ته‌نها به‌ 288 وشه‌ باسى ژینگه‌ى کردووه‌، وه‌ک زیادکردنى رێژه‌ى سه‌وزایی  له‌ رێگه‌ى 80چاندنى  ملیۆن  داره‌وه‌ و دامه‌زراندنى کارگه‌ى ریسایکلین .

هه‌ورامان سوجادى کاندیدى لیستى نه‌وه‌ى نوێ به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند "ئێمه‌ وه‌ک نه‌وه‌ى نوێ، له‌پلانه‌کانى خۆماندا یه‌ک سێکته‌ری ته‌واو تایبه‌ته‌ به‌ ژینگه‌ و که‌ باسمان کردوه‌ ده‌زانین به‌شێکی زۆر له‌ گرفتی ئێمه‌ له‌ که‌می رێژه‌ی سه‌وزایه‌و مه‌ترسی به‌ بیابان بونه‌"


وتیشى " هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سێکته‌ری ژینگه‌ سێکته‌ره‌کانی تریش کاریگه‌ری ڕاسته‌و خۆیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژینگه‌ هه‌یه‌ وه‌ک گه‌شه‌ی ئابوری و په‌روه‌رده‌و سێکته‌ره‌کانی تر که‌ ده‌توانرێت ببێته‌ هۆی بوژاندنه‌وه‌ی سێکته‌ری ژینگه‌"

لیستى کۆمه‌ڵی ئیسلامی


لیستى کۆمه‌ڵی ئیسلامی، له‌و کارنامه‌ى که‌ بۆ په‌رله‌مانى کوردستان ئاماده‌ى کردووه‌  بریتییه‌ له‌ 1736  وشه‌، ته‌نها به‌ 60 وشه‌ باسى ژینگه‌ى کردووه‌. ئه‌و خاڵانه‌ى که‌ لیستى کۆمه‌ڵ گرنگی پێداوه‌ له‌ بوارى سامانی ئاو و پاراستنی ئاوی ژێر زه‌وی و دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتیان، به‌پێی ستانداره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، هه‌روه‌ها خوێندنی بابه‌ته‌کانی ، ژینگه‌،له‌ پرۆگرامی خوێندنی قۆناغه‌ جیاوازه‌کاندا.

مه‌هدى حه‌مزه‌ سوسه‌یى  کاندیدى لیستى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان به‌ له‌باره‌ى به‌رنامه‌ى حزبه‌که‌ى بۆ ژینگه‌ى کوردستان به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند "له‌به‌رنامه‌ى لیستى کۆمه‌ڵی ئیسلامى  له‌بوارى ژینگه‌، گرفتى ئاوى خواردنه‌ و زیادکردنى  به‌نداوه‌کان و پرۆگرامى ژینگه‌یی له‌ ناوه‌نده‌کانى خوێندنمان به‌ گرنگ زانیوه‌و کارى بۆ ده‌که‌ین"

وتیشى "من له‌ کارنامه‌ى خۆمدا گرنگى تایبه‌تیم به‌ ژینگه‌ داوه‌ ، ئه‌زموونى چه‌ندین ساڵه‌م وه‌کو فه‌رمانبه‌ر و چالاکه‌وان له‌ کایه‌ى ژینگه‌ و بوونى په‌یوه‌ندی فراوانم له‌گه‌ڵ رێکخراو و سه‌نته‌ره‌ ژینگه‌یی و چاڵاکوان و پسپۆڕ و شاره‌زایانى بوارى ژینگه‌یی و ئاگاداربوون له‌ ره‌وشی ژینگه‌ و ئاریشه‌کانى له‌ هه‌رێم و عێراقدا، ده‌توانم  رۆڵێکى کارا ده‌گێڕم بۆ ئه‌م پرسه‌ گرنگ وهه‌ستیاره‌"

پارتى دیموکراتى کوردستان


پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ لیستى کارنامه‌که‌ی خۆیدا که‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلول بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ له‌ 2450   وشه‌یه‌، ته‌نها به‌ 24  وشه‌ باسی ژینگه‌ی کردووه‌، ئه‌ویش له‌ بوارى ئاودا. له‌ کارنامه‌که‌ى پارتى دا هاتوه‌ "گرنگى به‌ پاراستن و گلدانه‌وه‌ و رێگرتن له‌ به‌فیرۆدانى ئاو  و  زیاد کردنى ژماره‌ى به‌نداوه‌کان بدرێت"
    


لیستى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان
 یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان له‌ کارنامه‌ى لیسته‌که‌یان که‌ له‌ 6256 وشه‌ پێکهاتووه‌، ته‌نها به‌ 55 وشه‌ باسى ژینگه‌ کراوه‌ ئه‌ویش له‌ بواره‌کانى، داڕشتنی ستراتیژی ئاو، پێداگیری له‌سه‌ر پاڵاوتنی دوکه‌ڵی کارگه‌کان له‌ رێگه‌ی ئامێری ژینگه‌ پارێزییه‌وه‌، ریکلامی فراوان بۆ سروشت و ئاوو هه‌وا بکرێت.


لیستى بزوتنه‌وه‌ى گۆران


کارنامه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بریتییه‌ له‌ 6119 وشه‌، له‌ناو کارنامه‌که‌یدا ته‌نها به‌ 252 وشه‌ باسى ژینگه‌ کراوه‌ له‌ بواره‌کانى ،ئاو، پۆلیسى دارستان،هۆشیارى ژینگه‌یی، پیسبونى ژینگه‌، پاشماوه‌ و خاشاک، که‌مکردنه‌وه‌ى ژاوه‌ژاو ، دانانى باج له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ى ژینگه‌ پیس ده‌که‌ن،پاراستنی ژینگه‌ی دارستان‌ و روه‌کی سروشتی، ئاژه‌ڵ‌ و باڵنده‌ کێوییه‌کان،  فراوانکردنی روبه‌ری سه‌وزایی،پارێزراوی سروشتی.ره‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک که‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ژینگه‌ دروست بکات.


به‌پێى ئه‌و لیستانه‌ى قه‌واره‌ و لایه‌نه‌کان راده‌ستى کۆمیسیۆنیان کردووه‌، له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان، زیاد له‌ (700) کاندید چاویان بڕیوه‌ته‌ 111 کورسى په‌رله‌مانى کوردستان . 

رێکخراوه‌کانى بوارى ژینگه‌ له‌ حزبه‌کان ده‌گرن به‌وه‌ى له‌ کارنامه‌ى حزبه‌کانیان گرنگییان به‌ ژینگه‌ نه‌داوه‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن هیچ لیست و قه‌واره‌یه‌ک، پسپۆڕى بوارى ژینگه‌ى کاندید نه‌کردووه‌.

سارا سه‌لام، به‌رپرسى به‌شی ژینگه‌ له‌ رێکخراوى نوێ له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ هاوڵاتى وت "به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان حزبه‌کان ئاماده‌نین له‌ کارنامه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردردندا باس له‌ ته‌نها چاکسازییه‌کى هه‌ڵبژاردنیش بکه‌ن، چونکه‌ دیاره‌ له‌ خه‌مى ژینگه‌ى کوردستاندا نین و خۆیان به‌مه‌به‌ست کار بۆ تێکدانى ده‌که‌ن"

وتیشى" له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌کاندا حزبه‌کان پسپۆڕانى بوارى ژینگه‌ ده‌نێرنه‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام لێره‌ نه‌ک پسپۆڕان نانێرن به‌ڵکو ژینگه‌ش پیس ده‌که‌ن به‌ هۆى هه‌ڵواسینى وێنه‌و لافیته‌و درووستکردنى ژاوه‌ژاو و تێکدانى مێشکى هاوڵاتیان به‌و هه‌موو ره‌نگه‌وه‌"
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار