ئەنجومەنی باڵای دادوەری هۆکاری رودانی ئاگرەکەی حەمدانییە و زۆری قوربانییەکانی ئاشکرا کرد
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی روداوەکەی حەمدانییەی راگەیاند و دەڵێت، هۆکاری سەرەکی روداوەکە یارییە ئاگرینەکان بووە، و سەرجەم کارمەندانی و خاوەنی هۆڵەکەش دەستگیرکراون.
شەوی رابردوو روداویکی گەورەی ئاگرکەوتنەوە لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێگای نەینەوا لە هۆڵیکی بووک گواستنەوە رویداو و تێیدا زیاتر لە 100 گیانیان لەدەستدا و 200 کەسیش برینداربوون.
سەبارەت بە روداوەکە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، "خاوەنی هۆڵەكەو سەرجەم ئەو كرێكارانەی كاری رێكخستنی هۆڵەكەیان كردووە ئەمڕۆ دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە."
لە راگەیاندراوی ئەنجومەنی بالای دادوەری هاتووە کە هۆکاری سەرەکی ئاگرەکە یارییە ئاگرینەکان بووە کە لە هۆڵەکەدا بەکارهاتووە و دواتر بەهۆی سەقفەکەوە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە چونکە سەقفی هۆڵەکە پلاستیك بووەو ئەو قوماشانەشی پێیوە بووە بووەتە هۆی تەشەنەکردنی ئاگرەکە.
لەبارەی زۆری قوربانییەکانیشەوە لە راگەیاندراوەکە باس لەوە کراوە کە "دەرگای سەرەكی گیراوەو فشارێكی زۆری لەسەر بووە هاوکات دەرگای فریاگوزاریش لە هۆڵەكەدا بچووك بووەو شوێنەكەشی لابەلا بووە و لە سوچێکدا بووە."