مامۆستایان بەیەك مووچە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن ناشكێنن

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی: رۆژی یەكشەممە پاش وەرگرتنی مووچەكانمان، گردبوونەوەی بەرفراوان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان ئەنجامدەدەین

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

بەپێی ساڵنامەی ئەمساڵی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاربوو لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ دەرگای هۆڵەكانی خوێندن بكرێنەوە، بەڵام بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەوە مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردو داوای دابەشكردنی مووچەی سێ مانگ دەكەن.

رۆژی ٢٤ی ئەیلول وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی مووچەی مانگی تەمموزی بڵاوكردەوەو لە ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ كۆتایی دێت، چارەنووسی دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلولیش دیار نیە، بەپێی خشتەكە رۆژی شەممە ٣٠ی ئەیلوول مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەكرێت.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەبەیانننامەیەكدا باس لەوەدەكەن كەڕۆژی یەكی تشرینی یەكەم پاش دابەشكردنی مووچەكانیان گردبوونەوەیەكی بەرفراوان ئەنجامدەدەن.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاند: «مامۆستایان، فەرمانبەران، مووچەخۆرانی مافخوراو لای هەمووان ئاشكرایە دەسەڵاتی تاڵانكاری هەرێم رۆژ دوای رۆژ بێباكانەتر مامەڵە لەگەڵ گرفتەكانی مووچەخۆران و هاووڵاتیاندا دەكات، بۆیە بەپێویستی دەزانین هەنگاوو ناڕەزەتیەكانمان توندترو فراوانتر بكەین، لەم پێناوەشدا بەپێویستی دەزانین ئەم هەنگاوانە بگرینەبەر».

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی دەشڵێن:» رۆژی شەممە 30 ئەیلولی ٢٠٢٣ پاش وەرگرتنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە، بایكۆت لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان دووپاتدەكەینەوەو خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوان ئەنجامدەدەین، كات و شوێنی خۆپیشاندان و گردبونەوەی سەرجەم شارو شارۆچكەكان دوای راوێژ لەگەڵ گروپ و دەستە ناڕازییەكانی تر دیاری دەكەین».

بەوتەی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، بەم نزیكانە گردبوونەوەو ناڕەزایەتیەكانیان دەبەنە بەغدادی پایتەختی عێراق و داوا لەحكومەتی عێراق دەكەن مووچەو بژێوی هاووڵاتیانی هەرێم نەكاتە قوربانی گەندەڵی و ناشەفافیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و حكومەتی عێراق راستەوخۆو لەڕێگەی كارتی بانكیەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشبكات.

هاوكات رۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣ ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: مووچە مافێكی بنەڕەتی هەر كەسێكە كەكار بكات، بەڵام هەموومان دەزانین لەچەند هەفتەی رابردوودا چۆن لەلایەن بەغداوە مامەڵە لەگەڵ مافەكانی هەرێمی كوردستاندا كرا.

وتیشی: ئەم قۆناغە سەختە تێدەپەڕێت و داواكارم لەو ناوچانەش كەبایكۆتی دەوامیان راگەیەندووە پڕۆسەی خوێندن بەردەوامی پێبدەن، چونكە داخستنی دەرگای خوێندنگەكان چارەسەری كێشەكان ناكات.

مامۆستایەكی نارازی پێی وایە لەهەرێمی كوردستان پارە بۆ مووچە هەیە بەڵام حكومەت بەئەنقەست دابەشی ناكات

عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:  بەداخەوە لەئێستادا داواكاری سەرەكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كورتبووەتەوە لەداواكردنی مووچەی مانگەكانی تەمموزو ئاب، چونكە ئێمە پێمانوایە پارە لەهەرێمی كوردستاندا هەیەو داهاتی ناوخۆ زۆر لەوە زیاترە كەبەشی دوو مووچە بكات و بەپێی وتەی وەزارەتی دارایی مانگانە داهاتی ناوخۆ نزیكەی ٣٢٠ ملیارە، هیوادارین دەسەڵاتدارانی هەرێم مووچەخۆران نەكەنە قوربانی گەندەڵی و ناشەفافی سیاسەتی ئابووری و حكومڕانیان.

وتیشی: پێموایە ئەگەر ئەم مووچەیە مووچەی مانگی ئابیش بووایە مامۆستایان بەدڵێكی فراوانەوە دەچوونەوە ناوەندەكانی خوێندن، بەپێی ئەو رێككەوتنەش دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا كردوویانە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی سێ مانگیان دەفەوتێت.

ئەو مامۆستا ناڕازییە دەشڵێت: چارەنووسی خوێندن مەترسی لەسەر نابێت و ساڵانی رابردووش بایكۆتمان كردووەو رێژەی دەرچوون لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر بووە لەسنووری پارێزگای هەولێرو دهۆك، هەروەها ساڵی ٢٠١٦ زۆرترین بایكۆتكراو ساڵی ٢٠٢٠یش بەهۆی كۆرۆناوە كەمترین دەوام كراو لەهەردوو ساڵەكەدا خوێندن هەژماركرا.

«داواكاری سەرەكیمان بریتییە لەدابەشكردنی مووچەی مانگەكانی تەمموزو ئاب، ئەگەر بێت و بكەوینە مانگی 10وە رەنگە داواكارییەكانمان گۆڕانكاریان بەسەردا بێت و ببێتە دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی تەمموزو ئاب و ئەیلول، هەروەها هەنگاوی ئایندەشـمان بریتییە لەوەی كەڕوودەكەینە بەغداد چ بەوەفد بێت یان ناڕەزایەتییەكان، رۆژی یەكشەممەش بڕیارمانداوە خۆپیشاندان ئەنجامبدەین لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان». عادل حەسەن وای وت.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت مامۆستایان بەناچاری بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن ئەگینا بایكۆت چارەسەر نییە.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: بایكۆتی دەوام بەشێوەیەكی گشتی لەلایەن مووچەخۆرانی هەرێمەوە بڕیارێكی خۆرسكانەیە لەئەنجامی كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێم بووە بۆیان و كەڵەكەبوونی  گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانیان دێت كەدەیان هەزار خانەنشینی نایاسایی بەپلەی سەربازی باڵاو چەندین بندیواری لێكەوتەوە.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وتیشی: ئەمە وایكرد كەمووچەخۆرانی راستی باجی ئەم هەڵەیە بدەن و مامۆستایان بەناچاری بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بكەن، ئەگینا بایكۆت چارەسەر نییەو ئومێدەوارین حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزووترین كات چارەسەری ئەم بارودۆخە بكات.

« ئێمە وەك یەكێتی مامۆستایان پشتیوانی سەرجەم داخوازییەكانی مامۆستایان دەكەین و جێی خۆیەتی هەموو لایەك پشتیوانیان بین و دەستخۆشیان لێبكەین چونكە داواكارییەكانیان تەنها داواكاری مامۆستایان نییەو داواكاری سەرجەم فەرمانبەرانە، بۆیە حكومەت پێویستە هەنگاوی جددیتر بنێت و بەزووترین كات مووچەی مانگی ئابیش دابەشبكات بۆ ئەوەی مامۆستایان بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن»  عەتا ئەحمەد وای وت.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان باس لەوەشدەكات ئەمجارە مووچە ٥٢ رۆژ دواكەوتووەو مامۆستایان قەرزێكی زۆریان لەسەرەو بەو بارودۆخ و دڵەڕاوكێوە ناتوانن بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن، بۆیە دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی تەمموزو ئاب تاكە گرەنتییە بۆ ئەوەی بەزووترین كات دەوامی خوێندنگاكان دەستپێبكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كە لەوەزارەتی داراییەوە دەستی كەوتووە وەزارەتی پەروەردە مانگانە پێویستی بەنزیكەی ١٥٠ ملیار دینار هەیە بۆ دابەشكردنی مووچە.

مریەم قادر، مامۆستای یەكێك لەئامادەییەكانی شاری سلێمانییەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: پاش دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموز ناچینەوە هۆڵەكانی خوێندن و بایكۆتكردن بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی حكومەت داواكارییەكانمان جێبەجێدەكات، هەروەها دەمانەوێت چارەنووسی مووچەكانی دیكەش بزانین و بەزووترین كات حكومەت مووچەیەكی دیكەش دابەشبكات.

وتیشی: بایكۆتكردن زیانێكی زۆر بەپڕۆسەی خوێدن و خوێدنكار دەگەیەنێت، بەڵام هۆكارەكە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، داواكارین بێنە سەر خەت و مووچە دابەشبكرێت و گرنگی بەكەرتی پەروەردە بدرێت ئەوكاتیش مامۆستایان بەدڵسۆزییەوە دەچنەوە ناوەندەكانی خوێندن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار